کاتژمێر ١٢ ی شەو کەناڵی کوردستان ٢٤ نزیک پارتی هەواڵی پێکدادانی پێشمەرگەکانی پارتی و گەریلاکانی پەکەکەی بڵاوکردەوەو دەڵێت" زیانی گیانی هەیە".
لەهەواڵێکدا کوردستان ٢٤ بڵاویکردەوە " درەنگانی ئەمشەو 13/12/2020 چەكدارانی پەكەكە لە گوندی دێرشی دەڤەری ئامێدی ھێرشیان كردە سەر بازگەیەكی ھێزی پێشمەرگە. لەو ھێرشەی پەكەكە بۆ سەر ھێزی پێشمەرگە زیانی گیانی ھەیە". ( بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ زیانە گیانییەکان و لەکام لایەنە بکات ).
زاگرۆس هیوا وتەبێژی کەجەکە لە لێدوانێکی دا بۆ ماڵپەڕی " سپی " رایگەیاند" لە کاتێکدا ژمارەیەک گەریلا سەرقاڵی ئەرک و بەرنامەی خۆیان بوون، بەڵام بەهۆی ئەو گەرمارۆیەی هێزەکانی پارتی لە چواردەوری ناوچەکانی گەریلا دروستیان کردووە، تەقە لە گەریلا دەکەن و سێ گەریلا بریندار دەبن".
وتەبێژی کەجەکە وتیشی" خەڵکی ناوچەکە هەوڵیان داوە هێمی بگەڕێنەوە بۆ ئەو بارگرژیەی نێوان هەردوولا، بەڵام پێشمەرگەکانی پارتی رێگایان پێنەداون.
پێکدادان و شەڕە تەقە لە نێوان پێشمەرگەو گەریلا چەند کاتژمێری خایاندووە.
پێکدادانی ئەم دوو هێزە کوردیە لە پێشدا میدیاکانی نزیک پەکەکە بڵاویان کردەوە، دوای چەند کاتژمێرێک میدیاکانی نزیک پارتی بڵاویان کردەوە.