عێراق: لە پاراستنی سنورەکاندا ستایشی پێشمەرگە دەکەین

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ستایشی رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە فیدڕاڵییەکان دەکەن کە رێگریانکردوە لە هاتنی هێزی چەکدار لەسوریاوە بۆ ناو خاکی عێراق لەسنوری ناحیەی سحێلا".

 

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران کۆبوەوە و دوای کۆبونەوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" ئەنجومەنەكە تاوتوێی ئەو دەستدرێژییە مەترسیدارەی كردوە كە كراوەتە سەر سنورەكانمان لە ناوچەی سحێلا-فیشخابور كە گروپە چەكدارەكان لەناو خاكی سوریاوە بۆردومانی سنورەكانمان و چەند ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی پاسەوانی هەرێمی كوردستان، پێشمەرگەو هێزەكانی سنوری عێراقییان كردوە، بە ئامانجی هاتنە ناوەوە هێنانی كۆمەڵێك كەس و چەك".

 

له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ هاتووه‌" ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ستایشى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى قاره‌مانانه‌ى ئه‌م هه‌وڵانه‌ی‌ كردووه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ وبه‌پاڵپشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى فیدڕاڵى ئه‌نجامدراون".

 

هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق وەزارەتی دەرەوەی ڕاسپاردووە بە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماتییەکانەوە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی ئەو پێشێلکاریانە.

 

به‌یانی ئه‌مڕۆ سه‌ربه‌ست له‌زگین بریكارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد، شه‌وى ڕابردوو له‌سه‌ر سنورى سحێلا له‌نێوان باشورو ڕۆژئاواى كوردستان چه‌ند كه‌سێك هه‌وڵیانداوه‌ بپه‌ڕنه‌وه‌ سنورى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى زێره‌ڤانیه‌وه‌ ڕێگریان لێكراوه‌، چونكه‌ ته‌ئكیدبونه‌وه‌ چه‌كدارن ڕێگه‌یان پێنه‌درا.

 

وتیشی" هێزێك كە لە نزیكەی ٦٠ چەكدار پێكهاتوون و سەر بە یەپەگە بوون، لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە بە چەكی قورس و مامناوەند هێرشیان كردۆتە سەر هێزێكی پێشمەرگە لە سحێلا و بە نیازبوون زیانێكی گەورە بە پێشمەرگە بگەیەنن، بەڵام هێرشەكەیان شكستی پێهێندراوە". 



PM:10:47:16/12/2020