چوارشەممە ٢٠٢٠/١٢/١٦ لە بەغدا، د. به‌رهه‌م ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازیکرد لە ژماره‌یه‌ک مامۆستایانی "ناڕازی” ھەرێمی کوردستان.
وەک لە راگەیاندنی سەرۆک کۆمار‌دا هاتووە، له سه‌ره‌تای دیداره‌که‌دا ئاماده‌بووان کێشەکانی تایبه‌ت بە مووچە و بژێوی مووچه‌خۆران و مامۆستایانیان خسته‌ڕوو، هاوکات باسیان لەو قەیران و گرفتانەش کرد که رووبه‌ڕووی بواری پەروەردە و فێرکردن و پڕۆسەی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان بوونه‌ته‌وه.
دواتر بەرھەم ساڵح، باسی له رۆڵ و پێگه‌ی مامۆستایان کرد له پێگه‌یاندنی نه‌وه‌ی نوێ و بونیادنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی خوێنده‌وار و پێگه‌یشتوو، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ داخوازییه ره‌واکانی مامۆستایان و سه‌رجه‌م مووچه‌خۆران دووپاتکرده‌وه و رایگه‌یاند؛ قەیرانی مووچە و بژێوی خه‌ڵک پێویستی بە چارەسەرێکی بەپەلە و ریشەیی و دەستووری هه‌یه، ھەروەھا روونیشیکرده‌وه لە دابینکردنی شایستە داراییه‌کان پێویستە رەچاوی دادپەروەری هه‌موو پێکهاته و ناوچه‌کان بکرێت، به‌تایبه‌ت لە یاسای بودجە و پڕکردنه‌وه‌ی کورتھێنانی داراییدا، بەجۆرێک مایەی رەزامەندی ھەموو خه‌ڵکی عێراق بێت بێ جیاوازی.
ھەر له درێژه‌ی دیدارەکه‌دا سەرۆک کۆمار، جەختیکردەوە هۆکاری قەیرانەکان وێڕای دابەزینی نرخی نەوت و ڤایرۆسی کۆڕۆنا، جێبه‌جێنه‌کردنی دەستوور و گەندەڵی و دەستدرێژییە بۆ سەر داھاتی گشتی، بۆیه بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه ئه‌نجامدانی چاکسازی راستەقینە و رێککەوتنێکی گشتگیری دەستووری نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ پێویستییه‌کی سه‌ره‌کییە کە کۆتایی به نه‌هامه‌تی مامۆستایان و سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان بھێنێت.