دادگای تورکیا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ لەیلا گۆڤەن دەرکرد

ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ دادگای باڵای توركیا بڕیاری دەستگیركردنی بۆ لەیلا گۆڤەن هاوسەرۆكی كەجەدە دەركرد.

 

دانیشتنێكی دیكەی دادگایی كردنی لەیلا گوڤەن هاوسەرۆكی كۆنگرەی جڤاكی دیموكراتی كەجەدە لە دادگای تاوانە قورسەكانی ئامەد بەڕێوەچوو و لە دانیشتنەكەدا ١٨ تۆمەتی جیاواز رووبەڕووی هاوسەرۆکەکەی کەجەدە كرایەوە، هەرچەندە ناوبراو خۆی ئامادەی دانیشتنەكە نەبوو، دوو پارێزەری بەشداری دانیشتنەكەیان كرد.

 

دادگا بە تۆمەتی دروستكردنی رێكخستنی نایاسایی و ئەندامیەتی لە رێكهراوی "تیرۆر" و هاندانی خەڵك بۆ كۆبوونەوە و بەشداریكردن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان لە دژی یاسا تاوانباری كرد، لە ئەنجامدا دادگا بڕیاریدا بە ٢٢ ساڵ و سێ مانگ سزاى زیندانى کردن لەسەر لەیلا گۆڤەن بسەپێنێت و دەستبەجێ دەستگیر بکرێت و رەوانەى زیندان بکرێت.

 

لەیلا گۆڤەن كە هاوكات هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن دیموكراتی (كەجەدە)یە و یەكێك لە چالاكترین پەرلەمانتارەكانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بوو، بەڵام بەهۆى سەپاندنى حکومێکى دیکە لەسەر دۆسیەیەکى دیکە لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لەیلا گۆڤەن لەلایەن پەرلەمانەوە ئەندامێتى پەرلەمانى لێسەندرایەوە، هەروەها ناوبراو لە رۆژی ٣١ی كانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ەوە زیندانی كرابوو، نزیكەی ٨٠ رۆژ لە دژی گۆشەگیركردنی ئۆجەلان مانی لەخواردن گرت و بە هۆیەوە باری تەندروستی ناجێگیر بوو.



PM:03:30:21/12/2020