مەسرور بارزانی داوا لە ئەمریکا دەکات بەشداربن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مایک پۆمپێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێگەیشت و گفتوگۆیان دەربارەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کورستان و حکوومەتی فیدراڵی کرد.

 

بەگوێرەی راگەیەنراوی نوسینگەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا بە درێژی گفتوگۆیان دەربارەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کورستان و حکومەتی فیدراڵی کرد ، بەتایبەتی سەبارەت بە بابەتی بودجەوە .

 

سەرۆکی حکومەت پێشنیاری کرد، کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان، بە شێوەیەکی کارا و لە ئاستێکی باڵادا، بەشداربن لە چارەسەکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان هەرێم وحکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور. سەرۆکی حکومەت سوپاسی هەڵوێستی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای کرد کە خوازیارە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەشی خۆی لە بودجەی فیدراڵی بەرکەوێت. هەروەها سوپاسی پۆمپێیۆی کرد بۆ پشتیوانی بەردەوامیی لە هەرێمی کوردستان لەماوەی كاركردنيدا.

 

لە پەیوەندییەکەدا هەروەها جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کرایەوە ، بە تایبەتی لە بواری وزەدا. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامبوونی یارمەتییەکانی ئەمەریکا کرد بۆ هێزی پێشمەرگە و هەروەها یارمەتییە تەکنیکییەکانی USAID .

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، ئاستەنگەکانی بواری سەقامگیریی ئەمنیی لە ناوچەکە و نەهێشتنی گرژییەکان لە سەر سنووری هەرێمی کوردستان و سوریا و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال تاووتوێ کران لە پێناو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.



PM:10:42:22/12/2020