ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە .
 
حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كۆبووەوە، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ستایشی هەوڵ و كۆششەكانی شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی كرد كە بۆ ماوەی دوو هەفتە لە بەغدا بوون و چەندین دیدار و كۆبوونەوەیان لە گەڵ بەرپرسانی باڵای حكومەتی فیدراڵی ئەنجامدا. 

بەپێی راگەیەنراوی حكومەتی هەرێم، سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بیانوویەكی بۆ حكومەتی فیدراڵی نەهێشتووەتەوە و لە چوارچێوەی دەستووردا هەموو پابەندبوونەكانی خۆی جێبەجێ كردووە لە پێناو چارەسەكردنی كێشەكان و گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی دادپەروەرانە كە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دابین بكات. جەختیشی لەوە كردەوە كە هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەكان نابێت، بەداخەوە بابەتی مووچە و شایستە داراییەكان، كراوەتە كارتێكی فشاری سیاسیی لە دژی خەڵكی هەرێمی كوردستان.

وەك لەڕاگەیەنراوەكە هاتووە، مەسرور بارزانی داوایكرد نەتەوە یەكگرتووەكان، وەك لایەنی سێیەم لەمەودوا بەشدار بێت لە دانوستانەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی ماف و ئەركەكانی هەر لایەك دیاربێت. 

هەر لەكۆبوونەوەكەدا شاندی دانوستانكار دە‌رئە‌نجامی سە‌ردانە‌كە‌یان بۆ بە‌غدا خستە‌ڕوو و ڕایانگە‌یاند "‌ھۆكاری سە‌ردانە‌كە‌یان لە‌پێناو بە‌دە‌ستھێنانی شایستە‌ داراییە‌كانی خە‌ڵكی هەرێمی كوردستان و مووچە‌خۆران بوو. ھە‌روە‌ھا باسیان لە‌چۆنییە‌تی ڕێككە‌وتن لە‌سە‌ر پشكی ھە‌رێمی كوردستان لە‌ پڕۆژە‌ یاسای بودجە‌ی 2021 كرد كە‌ ئە‌نجومە‌نی وە‌زیرانی عێراق دواتر پە‌سە‌ندی كرد. ئاماژەیان بە ناوە‌ڕۆكی گفتوگۆكانیان كرد لە‌سە‌ر جێبە‌جێكردنی یاسای پڕكردنە‌وە‌ی كورتھێنانی دارایی. شاندە‌كە‌ ئە‌وە‌یان دووپاتكردە‌ووە‌ كە‌ سە‌ردانیان بۆ بە‌غدا بە‌مە‌بە‌ستی جێبە‌جێكردنی یاساكە‌ بوو نە‌ك دانوستاندن لە‌سە‌ر یاساكە‌، ئە‌و مە‌رجانە‌ی لە‌سە‌ر ھە‌رێمی كوردستان بوون لە‌لایە‌ن ھە‌رێمە‌وە‌ جێبە‌جێ كراون و ھیچ ھۆكارێك نە‌ماوە‌ بۆ تە‌مویل نە‌كردنی ھە‌رێمی كوردستان. بۆیە ئەنجومەنی وەزیران، جە‌ختی كردە‌وە‌ كە‌ پێویستە‌ حكومە‌تی فیدراڵ، بە‌زووترین كات پشكی ھە‌رێم  بە‌پێی یاساكە‌ بنێرێت".

لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەدا ، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان ، پێشبینی و بەرچاوڕوونیی پێویستیان سەبارەت بە داهات و خەرجی و كورتهێنان لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی دارایی 2021  و ئامادەكارییەكانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ گەڵاڵەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی پێویست بۆ ڕێكخستنەوەی خەرجی و باج و داهاتەكانی هەرێمی كوردستان خرانەڕوو. 

لە بارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی ، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد كە بەوردی چاودێری بازاڕەكان بكەن و سنوورێك بۆ گرانكردنی نرخەكان دابنرێت كە هەندێك كەس دەیانەوێ ئەم دۆخە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و زیادكردنی بارگرانیی لە سەر هاووڵاتییان بقۆزنەوە . 

PM:04:04:23/12/2020