ئیدارەی ئەمەریکا خۆی ئامادە دەکات بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک لەلایەن میلیشیا شیعەکانی عێراقەوە بکرێتە سەر هێزەکانی

سەرۆکی ئەمەریکا ترامپ و بەرپرسە ئەمنی و سەربازییە باڵاکانی ئیدارەکەی لە کۆشکی سپی کۆدەبنەوە بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ هەر هێرشێک میلیشیا شیعەکان بیکەنە سەر هێز و بەرژەوەندیەکانیان لە عێراق و لە کەنداودا.

 

میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە ئەمڕۆ چوار شەممە لە کۆشکی سپی، ترامپ و کریس میللەر وەزیری بەرگری بەوەکالەت و پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەو، رۆبەرت ئۆبراین راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، گفتوگۆیان لەبارەی ژمارەیەک بژاردە کردووە کە ئەگەر هێزەکانیان و بەرژەوەندییەکانیان کەوتە بەرهێرشی میلیشیا شیعەکان لە رۆژانی داهاتوودا بەهۆی ساڵیادی کووشتنی قاسمی سلێمانی و مەهدی موهەندیسەوە، ئەمان بژاردەیان ئامادە بێت بۆ وەلآمدانەوەی سەربازی ئەو هێرشانە.

 

ئەو میدیانە باسیان لەوە کردوە گەورە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنی ئەمەریکا ژمارەیەک بژاردەیان خستۆتە بەردەم ترامپ بۆ هەر پێشهاتێک کە هێزەکانیان بکرێنە ئامانج.

 

رۆژی ٣ ی کانوونی دووەم ساڵیادی کوژرانی قاسمی سلێمانی فەرماندەی دیاری سەربازی و ئەمنی کۆماری ئیسلامی ئێڕان و، مەهدی موهەندیس فەرماندەی حەشدی شەعبی عێراقە لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمەریکاوە کرانە ئامانج، هەموو ئاماژەکانیش پێشبینی ئەوە دەکەن کە لەو یادەدا ئێران خۆی، یان لە رێگای میلیشیا سەربازەکانی سەر بەو ولآتەوە گورزی سەربازی لە بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا بدەن، هەفتەی رابردووش دوو جار چەند کاتیوشایەکیان ئاراستەی ناوچەی سەوز و باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کرد. 



PM:10:59:23/12/2020