ئەو پارەیەی لە گۆڕینەوەی دراو دەست حکومەت کەوتووە بەشی دوو مانگ مووچە دەکات

لەگەڵ بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی حکومەت قازانجی لێکردو، خەڵک زەرەری کرد، لە بڕی ئەو پارە گۆڕینەوەیە، حکومەتی عێراق بەشی دوو مانگ مووچەی دەستکەوتووە.
 


عەبدولهادی سەعداوی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی بۆ میدیا عێراقییەکان، ئاشکرای دەکات "حکومەت لە نزمكردنه‌وه‌ی بەهای دینار بڕێکی زۆری پارەی دەستکەوتووە. کە بەشی مووچەی دوو مانگی داهاتووی مووچه‌خۆرانی دەوڵەت دەکات".

 


هەروەها دەشڵێت " درەنگکەوتنی پڕۆژە یاسای بوودجە کاریگەری لەسەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت نابێت، پێویستە لەسەر دەوڵەت مووچە لە کاتی خۆیدا دابەشبکات و وەک فشار بەرامبەر پەرلەمان بەکاری نەهێنێت، تاوەکو پڕۆژە یاسای بودجە پەسەند بکات".

 

 
رۆژی ٢٢ ی کانوونی یەکەم بانکی ناوەندی عێراق بڕی دۆلاری بەرامبەر دینار بەرزکردەوە بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک بە ١٤٧ هەزار دینار.

 


AM:12:55:30/12/2020