بۆ بەرگرتن لە هێرشکردنە سەر شوێنە هەستیارەکانی بەغدا، فەرماندەی هێزە چەکدارەکان فەرمانی بڵاوەپێکردنی هێزیان لە ناوچەی باکوری بەغدا دەرکرد.
میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی کوژرانی قاسمی سلێمانی فەرماندەی سەربازی و ئەمنی ئێران و مەهدی موهەندیس فەرماندەی حەشدی شەعبی عێراقی، هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق کەوتوونەتە حاڵەتی ئینزاری پلە باڵاوەو هێزەکانیان لە چەندان شوێنی هەستیاری بەغدا بڵاوەپێکردووە.
فەرماندەی فیرقەی شەش بە فەرمانی فەریق رووکن قەیز محەمەداوی، ئارامی باکوری بەغداو قەزای تارمیەیان گرتۆتە ئەستۆ.
میدیا عێراقییەکان وێنەی چەندان یەکەی سەربازیان بڵاوکردۆتەوە کە لە باکوری بەغدا جێگیرکراون، باکوری بەغدا ئەو جێگایەیە کە زۆرجار هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر ناوچەی سەوز و باڵوێزخانەی ئەمەریکا.
رۆژی ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ فڕۆکەکانی ئەمەریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا هەردوو فەرماندەی ئێرانی و عێراقی، قاسمی سلێمانی و مەهدی موهەندیسیان کردە ئامانج و لەگەڵ چەند پاسەوانێکیان کوژران، دوای پێنج رۆژی تر ساڵڕۆژی ئەو رووداوەیە، سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەیەکی جدی کردووە لە ئێران و میلیشیاکانی سەربەو هێزانە لە عێراق و رایگەیاندووە: هەر سەربازێکی ئەمەریکی بکوژرێت، ئەو هێزانە دەکرێنە ئامانجی سەرەکی لەلایەن ئەمەریکاوە.