نەوەی نوێ: بە بۆکس خنجەر هێرشیان کردە سەرمان
پارتی: ئەو کارە سیاسەتی فراکسیۆنەکەمان نییە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند" پەرلەمانتارانی دەسەڵات بە بۆکس خنجەر هێرشیان کردە سەرمان"، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێت" ئەوەی روویداوە بەرنامە داڕێژراو نەبووە".

 
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، کازم فاروق بە میدیاکانی ڕاگەیاند" پەرلەمانتارانی دەسەڵات بە بۆکس خەنجەر هێرشیانکردە سەرمان، تەنیا لەبەر ئەوەی داوامانکردوە، داهاتی نەوت بدرێت بە خەڵک."

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە دانیشتنی پەرلەماندا پرسیمان ئەو کەسەی هێناوتانە ببێت بە وەزیری سامانە سروشتییەکان دەیەوێت چەندێک نەوت بفرۆشێت؟ بە چەند بیفرۆشیت؟ پارەکە چی لێدەکەیت؟ چۆن قەرزەکان دەدەیتەوە؟"

 

 
دوای کۆنگرە رۆژنامەگەریەکە سیپان ئامێدی لەبەردەم میدیاکاندا دەرکەوت کە نیشانەی لێدان بە ناوچەوانیەوە دەبینرا.

 

 
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "سپی" پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لەلایەن دوو پەرلەمانتاری پارتی، پیاو و ژنێکەوە هێرشکراوەتە سەریان.

 


ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایگەیاند" ماوەیەکە کەمینەیەک دەیەوێت کارەکانی پەرلەمان رابگرێت، دەبێت ئەوەش بزانن کە زۆرینەیەک هەیە دەیەوێت کاری پەرلەمان بە ئاسایی تێپەڕێت".

 

 
لەبارەی ئەو پشێوەی و دەستدرێژییەی کراوەتە سەر ئەندام پەرلەمانەکانی نەوەی نوێ، خۆشناو وتی " ئێمە دڵنیایی دەدەین کە ئەوە سیاسەتی فراکسیۆن نەبووە، رووداوەکەش لە ئەنجامی پەرچەکردارەوە بووە".

 
 
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە کە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان بە کەمال ئەتروشی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکان بەڕێوەچوو، هەر لەسەرەتای دانیشتنەکەوە دەنگەدەنگ و پشێوی لەنێوان پەرلەمانتارێکی گۆڕان و پەرلەمانتارێکی یەکێتی روویداو بەو ئەندازەیەی قسەی سووکیان ئاراستەی یەکتر کرد.  

 


PM:03:17:06/01/2021