هێزێکی هاوبەشی ناوخۆ و پێشمەرگە پێکدێت بۆ رێگرتن لە قاچاخی دەروازەکان



ئەنجوومەنی وەزیران، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی راسپارد هێزێکی تایبەت و هاوبەش پێکبهێنن بۆ رێگەکرتن لە هەموو کارێکی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان. 

 
لە کۆبوونەوەکەی پێنج شەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا ،ئەنجومەنی وەزیران خشتەیەکی زەمەنی پەسەندکرد بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١، بۆ ئەم مەبەستەش، ھەفتەی داھاتوو ئەنجوومەنی باڵای ئابووری کۆدەبێتەوە بۆ پەسەندکردنی رەشنووسی یەکەمی بودجە.


سەبارەت بەو هێزە هاوبەشەی لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە پێکدەهێنرێت، ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند هێزەکە "دەسەڵاتی یاسایی پێویستی دەبێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا و رێکارەکان لە دەروازەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچیێتی و كاری نایاسایی لە سەرجەم دەروازەکان بە بێ جیاوازی".


دەقی راگەیەندراوی حکومەت لەبارەی کۆبوونەوەکە:


ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/1/7 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ، کۆبوونەوەی هەفتانەی سازدا. 


لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ، بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، پیرۆزبایی لە کەمال ئەتروشی وەزیری نوێی سامانە سروشتییەکان کرد بە بۆنەی متمانە وەرگرتنی لە پەرلەمانی کوردستان و دەستبەکاربوونی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا.


بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە ، بریتی بوو لە خستنەڕووی، هێڵە گشتییەکانی ڕەشنووسی یەکەمی پڕۆژەی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی2021 و پێشبینی و پێشنیارەکانی وەزارەتەکان، سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و سنووردارکردنی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2021 .


ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ڕاپۆرتێکی دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی ڕەشنووسی پڕۆژە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو. 


دواتر دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتی وەزارەتەکەی پێشکەش کرد دەربارەی بودجەی وەبەرھێنان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، لە چوارچێوەی پڕۆژە بودجەی ھەرێم بۆ ساڵی 2021.


دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران خشتەیەکی زەمەنی پەسەندکرد بۆ ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021، بۆ ئەم مەبەستەش ھەفتەی داھاتوو، ئەنجومەنی باڵای ئابووری کۆدەبێتەوە بۆ پەسەندکردنی ڕەشنووسی یەکەمی بودجە.


ھەر لە چوارچێوەی گفتوگۆکردن لەسەر ڕێکخستنەوەی داھات لەپڕۆژە یاسای بودجەی ھەرێم، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم، هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ڕیکخستنەوە و زیادکردنی داهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان . 


لەم چوارچێوەیەدا ، بە ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە کە هێزێکی تایبەت و هاوبەش پێکبهێنن، بۆ ڕێگەکرتن لە هەر پێشێلکاری و سەرپێچی و کارێکی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو ھێزە ھاوبەشە ، دەسەڵاتی قانونی پێویستی دەبێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا وڕێکارەکان لە دەروازەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچێتی و كاری ناقانونی لە سەرجەم دەروازەکان بە بێ جیاوازی.


سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە پێشتر دراون بۆ ڕێکخستنەوەی گرێبەستی خزمەتگوزاریی دەروازە سنووریەکان، بە ڕەچاوکردنی داھات و بەرژەوەندی گشتی.

 


AM:12:20:08/01/2021