لە دوو مانگی داهاتوودا ڤاکسنی دژە کۆرۆنا دەگاتە عێراق

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشکرای کرد، لەگەڵ کۆمپانیای فایزەری ئەمەریکیدا گرێبەستیان بۆ هێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا واژۆ کردووە و لەدوو مانگی داهاتووشدا گوژمەی یەکەم دەگاتە وڵات".


  
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەلێدوانێکی دا بۆ ڕۆژنامەی سەباح کە ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندووە " لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر بۆ هێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا گرێبەستی واژۆ کردووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا یەکەم گوژمەی ڤاکسینەکە دەگاتە دەستمان."   


لە درێژەی لێدوانەکەیدا، وتەبێژی تەندروستی دەڵێت" بەپێی ڕێککەوتنی یەکەم لەگەڵ فایزەر، عێراق ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار بەشی لە ڤاکسینەکە بەردەکەوێت و لەناو سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ڕادەستی دەکرێت".  


سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەگەڵ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی هەماهەنگیان هەیە کە بڕیارە بەسەرپەرشتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی  ڤاکسین بۆ ١٨٠ وڵات دابین بکەن و بەوهۆیەشەوە پشکی عێراق دابینکراوە و کە بەڕێژەی ٢٠%ی دانیشتووان و دەتوانرێت هەشت ملیۆن کەسی پێ بکوترێت و بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر پارێزگاکاندا دابەشدەکرێت.   
 


AM:09:11:11/01/2021