دابان محه‌مه‌د: دەچینە دادگا بەڵگە لە ئێمە و هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى سەدان ملیۆن دۆلار لە ئێوە

ئه‌ندامێکی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت" تەواوى دۆسیەکانمان په‌یوه‌ست به‌ قاچاخچێتی ڕادەستى داواکارى گشتى کردوە، ئامادەین بۆ هەر سکاڵایەکى تر لە هەر دادگایەکى تر بێت".

 

له‌نوسینێكدا دابان محه‌مه‌د، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت" پێکەوە دەچین بۆ دادگا بەڵگە لە ئێمە و هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى سەدان ملیۆن دۆلار لە ئێوە، تەواوى دۆسیەکانمان ڕادەستى داواکارى گشتى کردوە، ئامادەین بۆ هەر سکاڵایەکى تر لە هەر دادگایەکى تر بێت، ئێوەش ئامادەبن بۆ هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى سەدان ملیۆن دۆلار کە بەدانپێدانانى بەرپرسانى باڵاى هەرێم لاى ئێوەوە و بەهۆى قاچاخیەوە نەگەڕاوەتەوە وەزارەتى دارایى".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکى حکومەت دوو بڕیارى بۆ ڕێگرى و کۆنترۆڵى قاچاخى دەرکردوە، و بە ڕونى دانى ناوە بە کارى قاچاخى دەروازەکان، بەڕێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێم و سەرۆکى دیوانى وەزارەتى دارایى لەناو لیژنەى دارایى و لەبەرچاوى 12 ئەندام بە ڕونى وتى بەبێ جیاوازى لە دەروازەکانى کارى قاچاخى دەکرێت و بارى نایاساى دەهێنرێت ((پێیان دەڵێن چاو داخەن بارەکان داخڵ دەکرێت)) هاوسەرۆکانى یەکێتى و ئەنجومەنى باڵاى سیاسى ئەو حزبە لە دیدار و بەیاننامەى جیاوازدا دەڵێن کارى قاچاخى و مافیایى هەیە، هەردوو بەڕێوەبەرى دەروازە و گومرگى باشماخ و پەروێزخان لەکۆنگرەى ڕۆژنامەوانیدا دەڵێن بەڵى کارى قاچاخى دەکرێت و بە زەبرى هێز بار داخڵ دەکرێت.  

 

ئەو پەرلەمانتارەی بزوتنەوەی گۆڕان باسی لەوەشکردووە، (ش. ح)‌و ( ت .س) لەگەرمیان، (ه . د)‌و (س. ڕ )‌و (ن. ڕ)‌و (ش. ک)‌و (ت . س) و چەندین کەسى تر لە سلێمانى نوسینگەى فەرمیان هەیە بۆ کارى قاچاخى، ڤیدیۆى بارەکان و گەراجەکان و نوسینگەکان و تەنانەت زۆر زانیارى نەوتراوى وردتر هەیە. 

 

دابان محەمەد لەکۆتایی نوسینەکەیدا ڕوونیشکردەوە، چەند مانگێک پێش ئێستا دۆسیەکانمان ڕادەستى داواکارى گشتى کردوە، ئێمە چاوەڕوانى هەوڵەکانى ئەوان بوین، ئەو کەسانەى  کە هۆکار و بەرپرسیار و کەمتەرخەمن و چاوپۆشى لەم کارە دەکەن دەبێت بەپرسیارێتى سەدان ملیۆن دۆلار هەڵبگرن کە قاچاخى ڕێگر بوە لە گەڕانەوەیان بۆ خەزێنەى وەزارەتى دارایى ئەم هەوڵەش نە ڕامان دەگرێت نە ساردمان دەکاتەوە، بەدەنگى بەرزتر ئەوەشى نەوتراوە دەیڵێن.



PM:02:50:11/01/2021