تەندروستی گەرمیان رایگەیاندووە" بۆ یەکەمجار و لەماوەی شەش مانگی رابردوودا، هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا تۆمارنەکراوە".
لە راگەیەندراوێكدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان بڵاویكردووەتەوە، بۆ یەکەمجار لە ماوەی زیاتر لە شەش مانگدا و لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە گەرمیان، ھیچ حاڵەتێکی نەخۆشیەکە لە گەرمیان لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا تۆمارنەکراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە کۆتایی مانگی ئایار و سەرەتای حوزەیرانی 2020ـەوە، ھەموو رۆژێک حاڵەتی نەخۆشی کۆرۆنای لە سنوری گەرمیان لە میانەی پشکنینەکاندا دەرکەوتووە، بەڵام لە 24 کاتژمێری رابردوودا، ھیچ حاڵەتێکی توشبوون بەو نەخۆشیە تۆمار نەکراوە.
هۆشداریشی داوە" ئەم پێشھاتە ئەگەرچی ئاماژەیەکی دڵخۆشکەرە بۆ سنورەکە، بەڵام نابێت ھاوڵاتیان ساردبکاتەوە لە خۆپارێزیی، چونکە تاکە زامن بۆ بڵاونەبوونەوەی کۆرۆنا و ھەر ڤایرۆسێکی تر، خۆپارێزیی و خۆپاراستن و گرتنەبەری پاکوخاوێنی خودییە".