بەشێکی دیکەی پارەی گەنمی جوتیاران خەرج دەكرێت

راوێژكار و وتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حكوومەتی ھەرێم رایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەجبەی چوارەمی شایستە ‌داراییەكانی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت". 

فەتحی محەممەد وتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند" ئەمڕۆ وەجبەی چوارەمی شایستە داراییەكانی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2020 خەرج دەكرێت، كە بە بەرنامەیەكی تایبەت لەلایەن حكوومەتی عیراقەوە بە شێوەی وەجبە دێت خەرجكردن".

وتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان وتیشی" ئەو بڕەپارەیەی ئەمڕۆ خەرج دەكرێت، 11 ملیار و 739 ملیۆن دینارە و، بە شێوەی خشتە دابەش دەكرێت".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، تاوەكو ئێستا 53 ملیار دینار شایستەی دارایی گەنمی جووتیاران بە چوار وەجبە خەرج كراوە،‌ لە كاتێكدا تێكڕای شایستەی دارایی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی پار، 220 ملیار دینارە، واتا 167 ملیار دینار ماوە خەرج بكرێت. 

PM:01:22:14/01/2021