سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق داوا دەکەن پەرلەمان هەڵوەشێتەوە

دوای کۆبوونەوە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە راگەیاندنێکدا سێ سەرۆکایەتییەکە داوا دەکەن هەرچی زووە پەرلەمان  یاسای دادگای فیدراڵی دەربکات و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، تا هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمان ئەنجام بدرێت. 
  


لەراگەیاندنێکدا دوای کۆبوونەوەکە ئاماژە بەوەکراوە، لەکۆبوونەوەکەدا کۆمسیۆن کارەکان و خشتەی کاتی تایبەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی خستووەتەڕوو، لەگەڵ خستنەڕووی پابەندبوونەوەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و دادپەروەر، چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی بایۆمەتری دەنگدەران، هەماهەنگی بۆ گرەنتی چاودێری نێودەوڵەتی کارا.  


  
هەروەها هاتووە " کۆمسیۆن جەختیکردووەتەوە کاتی پێویست دەداتە کاندیدەکان و هاوپەیمانە سیاسییەکان و هێزە نوێیەکان و گەنجان بۆ تەواوکردنی رێوشوێنە یاساییەکان و پێشکەشکردنی لیستی کاندیدەکان.  


   لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر پشتیوانی تەواوی کۆمسیۆن بۆ تەواوکردنی کارەکانی و تەواوکردنی پێداویستییە دەستوری و یاساییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، لەگەڵ پێویستی دەرکردنی یاسای دادگای فیدراڵی لەلایەن پەرلەمانەوە، جێبەجێکرنی ماددەی ٦٤ ی دەستور تایبەت بەوەی پەرلەمان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە وەک ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە. ( وەک لە راگەیاندنەکەی سێ سەرۆکایەتییەکەدا هاتووە). 

 

کۆبوونەوەی نێوان سێ سەرۆکایەتییەکی عێراق و کۆمسیۆن و کە ئەمڕۆ پێنج شەممە بەبەشداری بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان، فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران و جینین بلاسخارت نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەچوو. 

 


PM:10:15:14/01/2021