ئەمەریکا لە رۆژئاوای کوردستان پشتگیری گفتوگۆی کوردو کورد دەکات

باڵوێزخانەی ئەمریكا لە سووریا، ئەمڕۆ هەینی پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ بەردەوامبوونی دانوستاندنی ناوخۆی هێزە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان راگەیاند.


باڵوێزخانەی ئەمریكا لە سووریا، لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی كردەوە، ئەمریكا پشتیوانی گفتوگۆی نێوان هێزە كوردییەكانی سووریا دەكات و بە هیوای بەردەوامبوونی پێشوەچوونی دانوستاندنەكانە.


هەروەها ئاماژەی بەوە داوە "دانوستاندنی نێوان هێزە كوردییەكان دەبێتە تەواوكەری پرۆسەیەكی سیاسیی فرەوانتر لە سووریا، ئەمەش بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ژمارە ٢٢٥٤، بەرەو دابینكردنی داهاتوویەكی گەشتر بۆ هەموو سوورییەكان".


ماوه‌ی نزیكه‌ی ساڵێكه‌ دانوستاندن له‌ نێوان ئه‌نجوومه‌نی كوردی و حزبه‌كانی ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ده‌چن، خوولی یەکەمی ئەو گفتوگۆیانە ماوەیەکە راوەستاوەو، مەزلوم کوبانیش فەرماندەی هەسەدە رایگەیاند لەم رۆژانەدا خوولی دووەم دەستپێدەکات. 
 


PM:09:41:15/01/2021