د. بەشیر حەداد: دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بخرێتە دەرەوەی ململانێ سیاسییەکان


جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، " دەبێت بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخرێتە دەرەوەی ململانێ سیاسییەکان''


لە راگەیاندراوێکی نووسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەکراوە" لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە رێککەوتی ١٣ی١ی٢٠٢١، کە دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەی دەکرد رایگەیاند، بابەتی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەران دا نەبووە و پەیوەندی بە حکوومەتی فیدراڵی و بانکی ناوەندی عێراقەوە هەبووە کە بەهۆیەوە ژمارەیەک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە زیانیان پێکەوت بەتایبەت جووتیاران و بەڵێندەران".


هەروەها هاتووە " دکتۆر بەشیر حەداد، بە پێویستیزانی حکوومەتی فیدراڵ قەرەبووی ئەوان کەسانە بکاتەوە کە بەهۆی دابەزینی بەهای دینارەوە زیانیان بەرکەوتووە و داواشی لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران کرد کە چارەسەری ئەو بابەتە بکەن وحکومەت ناچار بکەن بۆ ئەوەی بەشێک لە بودجە بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو چین و توێژانەی کۆمەڵگە دیاری بکات".


سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش، راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت " سەرەتا و پێش هەموو شت پێویستە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخرێتە دەرەوەی ململانێ سیاسییەکان''، و داواشی لە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد بەزووترین کات کێشەکانیان چارەسەر بکەن و پەیوەندییەکان ئاسایی بکەنەوە".


حەداد، ئەوەشی خستەڕوو حکوومەتی فیدراڵی لەبەرامبەر شایستە داراییەکانی جوتیاران زۆر کەمتەرخەم بووە و پێویستە شایستە داراییەکانی ساڵانی رابردووی جوتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
 


PM:11:00:16/01/2021