ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. بە پاساوى ناموس ژنێک بەدەستی براو ئامۆزایەکی دەکوژرێت

ژنێکی لاوی تەمەن ٢٥ ساڵ کە سێ ساڵ پێش ئێستا لە هاوژینەکەی جیا ببووەوە و دەیویست هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ کەسێکی دیکە بکات، بە دەستی ئەندامانی خێزانەکەی کوژرا.

بە گوێرەی هەواڵی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی پێنجشەممە ١٤ی كانوونی دووه‌می ٢٠٢١، ژنێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی (سۆنیا دێهقان)، تەمەن ٢٥ ساڵە، بە دەستی براکەی و کوڕە مامێکی بە ناوەکانی (ک، و، ه) کوژراوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو رایانگەیاند" دیار نییە سۆنیا بە چ شێوەیەک کوژراوە، بەڵام تەرمەکەی بۆ پشکنینی پزیشکی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی "خومەینی" لە ئورمیە و پۆلیسیش سەردانی ماڵەکەیانی کردووە بەڵام تا ئێستا هیچ کەسێک لەم پەیوەندییەدا دەستبەسەر نەکراوە". 

یەکێک لە کەسە نزیکەکانی سۆنیا رایگەیاندووه‌" سۆنیا بە دەستی براکەی و کوڕەمامەکەی خۆی بە پاساوی نامووسەوە کوژراوە، بە وتەی ئەو سەرچاوەیە سۆنیا سێ ساڵ لەمەوبەر لە هاوژینی جیا ببووەوە و بە هۆی ئەوەی دایک و باوکیشی پێشتر لێک جیا بوونەتەوە، ئەو لەگەڵ منداڵە شەش ساڵانەکەی لە لای دایەگەورەی دەژیا". 

سەرچاوەكە راشیگەیاندووه‌" سۆنیا بە نیازبوو لەگەڵ کەسێکی دیکە ژیانی هاوسه‌رگیری دەست پێبکات و بە هۆی پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسەوە بە فه‌رمانی باوکی کوژراوە". 

PM:01:25:17/01/2021