كازمی: رێگەنادەین خاکی عێراق بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا بەکاربهێنرێت

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایدەگەیەنێت" لەگەڵ تورکیا لەسەر چارەسەرکردنی هەڕەشەکان لە ناوچە سنوورییەکان هاوڕا بووین".

 

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێشوازیكرد لە خڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا و وەفدی یاوەری لە دیدارەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئەو پرسانەی جێی گرنگی هەردولان لەگەڵ پتەوكردنی هاریكاریی نێوان هەردو وڵات و هەروەها رێزگرتن لە سەروەری خاکی عێراق كراوە.

 

هاوکات هەر لە دیدارەکەدا سەرۆك وەزیرانی عێراق دوپاتیكردۆتەوە، كە وڵاتەکەی هەر هەڕەشەیەك یاخود "چالاكییەكی تیرۆریستی" لە خاكی عێراقەوە كە توركیا بكاتە ئامانج، رەتدەكاتەوە.

 

کازمی ئاماژەی بەوەش کردووە، دەتوانن سوپای عێراق لە هەموو ناوچەکان جێگیر بکەن.

 

ئەمڕۆ خولووسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق كۆبوه‌وه‌، هەروەها بڕیارە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. 



PM:09:00:18/01/2021