وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم وەڵامی بەغدا دەداتەوە

وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر قسەكانی ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و دەڵێت" هەرێمی کوردستان مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەیە، بۆیە داوای ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم، داوایەکی نا دەستوورییە".

 

لە ڕوونکردنەوەکەدا کە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەمشەو بڵاویکرۆتەوە، تێیدا هاتووە" بۆیە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان بەرزە، پێکهاتە و سروشتی ئاڵۆزی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکە کە تێچووی دەرهێنانی زیاتر بێت، ئەوەش هاتووە، داوای ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوتی ھەرێم  بە بەغدا نادەستورییە". 

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

 

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە 

وەزیری نەوتی عێراق بەڕێز ئیحسان عەبدولجەبار لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بە چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە نەوتی هەرێمی کوردستان کردبوو ، لێرەدا بە پێویستی دەزانین چەند ڕوونکردنەوە و ڕاستکردنەوەیەک سەبارەت بەو بابەتانە بدەین کە لە چاوپێکەوتنەکەدا باسکراون:

یەکەم: بەڕێز وەزیری نەوتی حکومەتی  فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردووە کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان بەرزە و نەوتی هەرێمی کوردستان بە  10 دۆلار کەمتر لە نرخی نەوتی خاوی عێراق دەفرۆشرێت . 
بێگومان ئەمە چەند هۆکارێکی هەیە، لەوانە پێکهاتە و سروشتی ئاڵۆزی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکە کە تێچووی دەرهێنانی زیاتر بێت لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق . سەبارەت بە نرخەکەشی  بەداخەوە بە هۆی ئەو کێشە و ئاستەنگانەی لە لایەن حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ نەوتی هەرێم دروست دەکرێت ، نرخی نەوتی هەرێم کەمترە لە نرخی بازاڕەکانی جیهان.

دووەم: لە چاوپێکەوتنەکەدا بەڕێز وەزیری نەوتی فیدراڵی ، داوای ئەوە دەکات دۆسیەی نەوتی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ بکرێت و بە شێوەیەکی ( مەرکەزی) بەڕێوە ببرێت  . لە کاتێکدا بە پێی دەستوور ، عێراق دەولەتێکی فیدراڵییە و مەرکەزیی نییە . بە پێی دەستووریش ، کە زۆرینەی عێراقییەکان دەنگیان پێداوە ، هەرێمی کوردستان مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەیە . بۆیە داوای ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم، داوایەکی نا دەستوورییە . بەڵام لە هەمانکاتدا  ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ ئەوەی داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە ڕادەستی حکومەتی فیدرالی بکەین لە بەرامبەر ئەوەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکەن. هەمیشە ئامادەشین کێشەکانی نێوانمان بە پێی دەستوور چارەسەر بکەین و بگەینە ڕێککەوتنێکی هاوبەش کە لە بەرژوەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت. 

سێیەم: سەبارەت بە پابەندبوون بە بڕیارەکانی ئۆپێک ، هەرێمی کوردستان پابەندبووە بەو بڕەی بۆی دیاریکراوە کە 430 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە، لە کاتێکدا هەرێم تەنیا نزیکەی بیست و پێنج هەزار بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی داناوە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی یەک ملیۆن بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆییە.
بەپێی ڕێژەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی بێت کە 12.67%  دەبووایە هەرێم زیاتر لە شەشسەت هەزار ( 600,000 ) بەرمیل بەرهەم بهێنێت لە کۆی پێنج ملیۆن بەرمیلی بەرهەمی عێراق، بەڵام هەرێم تەنیا چوارسەد و پەنجا هەزار بەرمیل بەرهەم دێنێت، واتە هەرێمی کوردستان زۆر لە بەشی خۆی کەمتر بەرهەم دەهێنێت. بۆیە ئەوەی لە بەشی خۆی زیاتر نەوتی بەرهەمی هێناوە حکومەتی عێراقە نەک هەرێم ، بۆیەش دەبێت حکومەتی عێراق بەرهەمی خۆی کەم بکاتەوە نەک ئەو داوایە لە هەرێم بکات. سەرەڕای ئەوەش هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە کەمکردنەوەی بەرهەمێنان، سی هەزار (30.000 ) بەرمیلی لە بەرهەمهێنانی خۆی کەم کردووەتەوە. 

 

چوارەم : بەڕێز وەزیری نەوتی فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردووە کە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک سەر بە بەغدان . لە کاتێکدا ئاشکرایە کە کەرکووک بە پێی دەستوور، ناوچەیەکی کێشە لەسەرە و پێویستە بە پێی ماددەی 140 خاوەندارێیتی ئەو ناوچانە چارەسەر بکرێت. 

لە کۆتاییدا جارێکی دیکەش ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت دەردەبڕین بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی هەردوولاماندا بێت . 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان



PM:11:26:18/01/2021