نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لەکۆبوونەوەی لەگەڵ ئاکاردا بەبێ ناوهێنانی ناوچەکە، کە ئاماژەیەکی ناراستەوخۆیە بۆ شەنگال، دەڵێت" ناکرێت خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان وەک پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا بەکار بهێنرێت و هیوای خواست لەمبارەیەوە عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات".
لەو کۆبوونەوەکانیدا کە ئەمڕۆ لەسەردانەکەیدا بۆ هەرێم، خلوسی ئاکار ئەنجامیدا، لەگەڵ هەریەک لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمدا بەجیا کۆبوەوە، لە راگەیاندنی کۆبوونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە" لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە سەردان و دیدارەکانی وەزیری بەرگریی تورکیا لە بەغدا و هەولێر کرا و هەردوولا جەختیان لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە و گرنگیی هاوکاری و هەماهەنگیی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا بۆ پارستنی سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە".
هەروەها لە راگەیاندنێ سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە " نێچیرڤان بارزانی وێڕای سوپاسکردنی تورکیا بۆ هاوکارییەکانی لە شەڕی دژی داعشدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە کە ناکرێت خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان وەک پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا و وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت و هیوای خواست لەمبارەیەوە عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، هەروەها شاندی میوانی دڵنیا کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت".
لە کۆتایشدا هاتووە " پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا لە هەموو بوارەکاندا، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و کێشەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و شەڕی داعش، بوارەکانی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا، دۆخی ناوچەکە بەگشتی، ڕێککەوتنی شەنگال و گرنگیی جێبەجێکردنی، گرنگیی پاراستنی سنوورەکان و ئاسایشیان، پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون".
شەوی رابردوو ئاکار لەهەولێر مایەوەو بۆ ئەمڕۆ لەگەڵ هەریەک لە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کۆبووەوە.