وەزارەتی تەندروستی عێراق هەردوو ڤاکسینی بەریتانی‌و چینی پەسەندکرد

دەستەی نیشتمانیی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بەکارهێنانی ڤاکسینەکانی ( ئەسترازینکا) بەریتانی و ( سینۆفارمی ) چینی پەسندکرد. 

 

 ڤاکسینی ئەسترازینکا لەلایەن زانکۆی ئۆکسفۆردەوە سەرپەرشتی دەکرێت و زانکۆکەک تاقیکردنەوەیان لەسەر 20 هەزار خۆبەخشکردووە، نیوەیان لە بەریتانیا و نیوەی دیکەیان لە بەڕازیل، بەڵام لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا دووچاری رووداوێکی دەگمەن هاتوونەتەوە، کە دوو ژەمە ڤاکسینی گەورەیان داوەتە  خۆبەخشەکان، رێژەی کاریگەری ڤاکسینەکەیان لە 62٪ بۆ 70٪ بووە، بەڵام کاتێک ژەمێکیی بچووک و یەکێکی گەورەیان پێداوە، کاریگەرییەکەی تاوەکو 90٪ رۆیشتووە.

 
 
هەروەها کۆمپانیای سینۆڤاکی چینی لە دوایین قۆناخی تاقیکردنەوەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای سینۆفارم لە کۆتایی ساڵی 2020 رایگەیاند: تاقیکردنەوەکان بە سەرکەوتوویی تەواوبوو و بەپێی ئەنجامەکانیش دەرکەوتووە کاریگەری ئەو ڤاکسینە لە بەرامبەر ڤایرۆسەکەدا ٪79 دەبێت.



دوای چەند هەفتەیەک لە دابەزینی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە عێراق، لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هۆشداری دەدات لەبارەی سەرهەڵدانی شەپۆلی دووەمی کۆرۆناوەو پێیوایە کە لە شەپۆلی یەکەم بەهێزتر دەبێت، ئەوەش دەخاتەڕوو کە رەنگە کۆرۆنا گۆڕاوەکە لە وڵاتە دراوسێکانەوە بێنە عێراق.


لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە پەیڕەوی نەکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی دراوە و دەڵێت: "پابەند نەبوون بە رێکارە تەندروستییەکانەوە مەترسییەکی گەورە دروستدەکات و ژینگەیەکی لەبار بۆ سەرهەڵدانی شەپۆلی دووەمی پەتاکە دەڕەخسێنێت کە رەنگە هەموو دەستکەوتەکانی چەند مانگی رابردوو لەنێوببات".

 
 
لەسەر ئاستی عەرەبی عێراق زۆترین تووشبوون و گیان لەدەستدان بەکۆرۆنا تیدا رووداوەو بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق تووشبوان گەیشتووەتە 609 هەزار و 29 کەس، لەو ژمارەیەش 12 هەزار و 953 کەس گیانیان لەدەستداوە. 

 


PM:09:43:19/01/2021