وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌باره‌ی موچه‌ی به‌نداوه‌كان هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پشتیوانی یاداشتی ناڕەزایی كارمەندانی بەنداوەكانی هەرێم دەكات و رایده‌گه‌یه‌نێت" پێویسته‌ داواكاریه‌كانیان بۆ دابینكردنی موچه‌ جێبه‌جێبكرێت". 

 

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" لەپێناو جێبەجێکردن و دابینکردنی موچەی کارمەندانی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان و گەیاندنی پەیامی داواکاریەکان کە یاداشتێکیان ئاراستەی لایەنە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق کردووە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پشتیوانی خۆی بۆ ئەم داواکاریەی فەرمانبەرانی بەنداوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دوپات دەکاتەوەو جەختیش لە جێبەجێکردنی داوەکاریەکە دەکاتەوە".

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی" بەردەوام دەبن لە گەیاندنی کێشە و داخوازی فەرمانبەرانی بەنداوەکان و دابینکردن و گەڕاندنەوەی موچەکانیان و پشتیوانیش لەیاداشتی داواکاری فەرمانبەرانی بەنداوکان دەکەین".

شایەنی باسە لە دواین سەردانی هەفتەی ڕابردوو کە پێک هاتبوو لە شاندێکی باڵای وەزارەت بە سەرۆکایەتی بێگەرد تاڵەبانی بۆ بەغدا، بەو پەڕی پەرۆیشی و بەرپرسیاریەتییەوە بێگەرد تاڵەبانی، درافتی تایبەتی وەزارەتەکەی دەربارەی چارەسەری دواکەوتنی مووچەی کارمەندان و کێشەکانی تایبەت بە بەنداوەکان، پێشکەش بە سەرۆک کۆماری عیراق و لێژنەی کشتوکاڵی و ئاودێری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عیراق کردبوو. 



PM:09:45:22/01/2021