سەقز.. هاووڵاتییەک بەهۆی لەبەرکردنی جلی کوردی سزا دەدرێت

هاووڵاتییەکی سەقزی کە ڕۆژی دووی ڕێبەندان جلی کوردیی لەبەر کردبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا. 

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوێنێ پێنج شەممە ٢١ی کانوونی دووەم هاووڵاتییەکی سەقزی بە ناوی "عەتا(شەماڵ) ڕەحمانزادە" لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستگیرکرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەتا ڕەحمانزادە لە پاش ئەوەی بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران، بە جلی کوردییەوە چووبووە مەیدانی هەڵۆی شاری سەقز، دەستبەسەرکراوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندراوێک داوایان لە خەڵک کردبوو بۆ ئیدانە کردنی بێڕێزیی بێژەرێکی کەناڵی دووی تەلەفزیۆنی ئێران بە جلوبەرگی کوردی، ڕۆژی دووی ڕێبەندان بە جلی کوردییەوە لە شوێنە گشتییەکان ئامادە بن.

AM:12:03:23/01/2021