فراکسیۆنی گۆڕان داوای ئازادكردنی ده‌ستگیركراوانی بادینان ده‌كات

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت" تا ئێستا ١٦ ناویان بەدەستگەیشتووە کە چەند مانگی رابردودا دەستگیرکراون، پێدەچێت ژمارەکە زۆر لەوە زیاتربن و لەنێوان ٥٠ تا ٧٠ کەسن". 

 

گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەوانەی کە چەند مانگێکی زۆر دەستگیرکراون بەبێ ئەوەی چارەنوسییان دیاربێت، بۆیە ئازادکردنیان بە پێویست و گرنگ دەزانین، بۆ ئەوەی مافی مرۆڤ لەم هەرێمەدا چۆن پارێزراوە هەروا بە پارێزراوی و بە شانازییەوە بۆ هەمومان بمێنێتەوە".

 

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەى بەدەست ئێمە گەیشتوە کەیسى (١٦) کەسە کە دەستگیرکراون، بەڵام ژمارەکە زیاترە و لە نێوان (٥٠ بۆ ٧٠) کەسە و چەند مانگێگە دەستبەسەر کراون بەبێ ئەوەى چارەنوسیان دیار بێت".

 

وتیشی" ناکرێت هەرێمى کوردستان یەکێک لە شانازییەکانى بەروى دەرەوەدا ئەوەبێت کە رێز لە مافەکانى مرؤڤ ئازادى رادەربڕین دەگرێت، بەڵام لەسەر هەمان بابەت خەڵک بخاتە زیندانەوە و چارەنوسیشیان بە نادیارى بهێڵێتەوە".

 

ئاشکراشیکرد، بەدواداچوونیان کردووە و هەواڵی دەستگیرکراوەکانیان پرسیوە، بەڵام تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە و روون نییە کەی ئازاد دەکرێن.



PM:02:45:26/01/2021