ئەحمەد حاجی رەشید لە ئەگەری نەگیشتنی هەرێم‌و بەغدا بەرێککەوتن، چارەسەرێکی سەرنجڕاكێش دەخاتەڕوو

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەحمەد حاجی رەشید پێشنیارێکی سەرنجڕاکێش دەکات و دەڵێت" ئەگەر هەرێمی کوردستان و بەغدا نەگەنە ڕێککەوتن، نابێت فەرمانبەرانی هەرێم ببنە قوربانی و، پێشنیاز دەکەن حکومەتی فیدڕڵی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو پارێزگایە بکات کە ئامادەیە داهاتەکان ڕادەست بکات". 


ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق و فراکسیۆنی هیوا، لە  لێدوانێکیدا بۆ میدیا حیزبەکەی دەڵێت ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەمڕۆ ٣٢هەمین کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی سەبارەت بە پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ کراوە و گفتوگۆ لەسەر بابەتەکان کراوە و گەیشتوونەتە مادەکانی ١٠ و ١١ی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان.  


ئاشکرای دەکات "مادەی ١٠ تەواو کراوە و گرفتێکی ئەوتۆی نییە، لە مادەی ١١ دا باسی یەکلاکردنەوەی حسابات دەکات کە باسی خەرجی کردەیی و ناکردەیی دەکات، توانیمان دوای گفتوگۆیەکی جدی خەرجی کردەیی لاببەین، چونکە زیانێکی زۆری دەدا لە خەڵکی هەرێمی کوردستان."  

دەربارەی هەڵوێستی فراکسیۆنە شیعیەکان کە زۆرینەن لە پەرلەمان لەمەڕ پشکی هەرێم، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "هێزە شیعیەکان تائێستا دوو بۆچوونن، بۆچونێکیان داوای تەواوی نەوتی هەرێم دەکەن و لەبەرامبەردا تەواوی تێچونەکان دەگرنە ئەستۆ، بۆچوونەکەی تریان داوای ٢٥٠ هەزار بەرمیل دەکەن، بابەتەکەش هێڵراوەتەوە بۆ ڕۆژی چوارشەممە بۆ ئەوەی ئەوان خۆیان یەکلایی بکەنەوە و ئێمە پێشنیازی خۆمانمان داونەتێ".


ئەحمەد حاجی رەشید پێشنیارێکی سەرنجڕاكێش دەخاتەڕوو کەئەوان پشتگیریان کردووەو دەڵێت "داکۆکیمان لەسەر ئەوە کردوە ئەگەر هەرێمی کوردستان و بەغدا نەگەیشتنە ئەنجام، نابێت فەرمانبەرانی هەرێم ببنە قوربانی و هەمیشە داکۆکی لەسەر ئەوە دەکەین حکومەتی فیدراڵ ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو پارێزگایانە مامەڵ بکات کە ئامادەن داهاتەکان ڕاست بکەن، لەبەرامبەردا پشکی خۆیان وەرگرێت".




PM:08:48:26/01/2021