هونەرمەندێکی ناسراو بە کۆرۆنا گیان لە دەستدەدات

لارش نۆڕێنی هونەرمەند ئەمڕۆ لەتەمەنی ٧٦ ساڵیدا بە هۆی توش بوون بە پەتای کرۆنا مرد.

 
 لارش نوڕێن یەکێک بوو لە گەورەترین شانۆنوسەکانی سوید، لەسەر ئاستی ئەوروپاش بەیەکیك بوو لە بەناوبانگرتین و دەرهێنەرو دراما نووساکانی سەرتاسەری دونیا دادەنرێت. 


لارش شانۆکار، شاعیر، نووسەری شانۆ و دراما بۆ تەلەفیزۆن و ڕادیۆ لەسەرو هەمووشیانەوە بەناوبانگترین دەرهێنەری هاوچەرخ بوو لە دونیای شانۆدا. 

 
لەو بەرهەمە شانۆیانەی کەنووسیوێتی هەمیشە سەرنجی لەسەر دونیا تاریک و پەنهانەکانی مرۆڤ بوو، باسی دڵەڕاوکێ، مردن، ڕەشبینی و کێشە دەرونیەکانی مرۆڤ دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەو لایەنە تاریکیانەی کە نوڕێن باسی دەکات وەک یاریەکی میکانۆی منداڵان وایە، دەبێت خوێنەر و بینەر بەشێک بێت لە پێکهێنانی بۆ ئەوەی هیوایەک بدۆزێتەوە. لە بەیەکەوە پێکهێنانی ئەو وێنە تاریک و ڕەشانە، ئومێد بەدی دەکرێت. 

 
لارش لەسەر ڕوکار ئیشی دەکرد، وەک هەموو شتێکی ئاسایی ڕۆژانە وەک، کتێب خوێندنەوە، دانیشتن لە باخچەیەک قاوەخواردنەوەیەک، دانیشتنی ژن و مێردێك، بەڵام بە پرسیارکردن لەوەی مرۆڤ چیە؟ من کێم، بۆ وادەکەم ، بۆ کەوتوومەتە ئەم دۆخەوە، بۆ ئێرەم هەڵبژارد. 

 
لەگەڵیشیدا پرسیاری گەورە دەربارەی بوون و فەلسەفەو خودا. لە دونیای پراکتیکی شانۆشدا چەند مەشقێک هەیە بەناوی مەشقی نوڕێن، ئەگەر کەسەکە لە دۆخێکی خراپ و وڕێنە و هەڵوەشاوەدا بێت، لەئاستی زانستی دەرونزانیدا دەوترێت لە دۆخی نوڕێندایە، یان گەر خێزانێک ئاژاوەو و بێسەرو بەری تێدابێت دەڵێن خێزانێ نوڕێنیە، بەواتە کتێب و نووسین و شانۆکانی بوون بە پێوەرێك کێشەکان و ئەتمۆسیفر و ڕەوشەکانی پێ دەپێورێت. 


ئەمڕۆ سەرجەم ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەکانی سوید وەک هەواڵی یەکەم باس لە مەرگی لارش نوڕێن کرا، ئەوەش ئاشکرا کرا کەکتێبێکی تری هەیە خۆی حەزی کردووە دوای مەرگی بڵاو بێتەوە، وەک سندوقە ڕەشە باس دەکرا دەبێت چێ بێت کە وەسێتی کردووە ئەو کتێبە دوای مەرگی بڵاو بێتەوە، ساڵی ٢٠٠٨ کتێبێکی بڵاو کردەوە بە نێوی ڕۆژانەی شانۆکارێک کە ژمارە لەسەر لاپەڕەکانی نەبوو بەڵام دوای ئەوەی خەڵک ژماردیان لە ١٦٨٠لاپەڕە پێکهاتبوو، هەرایەکی زۆری لە نێو ناوەندی شانۆی سویدا نایەوە. خۆشبەختانە بەهۆی زنجیرە شانۆیەکانەوە چەند تێکستێکی لارش نوڕین کراوە بەکوردی. دانا ڕەوفیش کتێبێکی لەسەر لارش نوڕێن نووسیوە.
ئا: زاهیر عەبە رەش

 


PM:11:51:26/01/2021