بۆکان.. نووسەرێکی ناسراوی كورد دەستگیرکرا

مستەفا ئیلخانیزادە، نووسەر، شاعیر و بەرپرسی ناوەندی کەلتووری و فێرکاریی ئەدەب لە بۆکان دەستگیرکرا. 

بە گوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوێنێ سێشەممە هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ئۆفیسی کار و ماڵی مستەفا ئیلخانیزادە، نووسەر و شاعیر و بەرپرسی ناوەندی کەلتووری و فێرکاریی "ئەدەب" لە بۆکان و ناوبراویان دەستبەسەر کرد.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە" هێزە ئەمنییەکان هاوکات لەگەڵ دەستگیرکردنی مستەفا ئیلخانیزادە، ماڵەکەی و شوێنی کارەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایل و کۆمپیوتەر و کەلوپەلە تایبەتەکانیدا گرتووە". 

باسی لەوەشکردووە، مستەفا ئیلخانیزادە بە تۆمەتی بەڕێوە بردنی ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی دووی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، لە ناو ئۆفیسەکەی خۆیدا لە ناوەندی "ئەدەب" دەستبەسەر کراوە.

ئەو نووسەرە کوردە لە پاش دەستگیرکردنی بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و تائێستا چارەنووسی نادیارە.

PM:01:04:27/01/2021