مەسعود بارزانی لەبارەی فلمە فارسیەکەوە دێتەدەنگ و سوپاسی ئەمەریکا دەکات

لەبارەی ئەو دوو فلمەی ئاژانسێکی فەرمی حکومەتی ئێران بڵاویکردەوەو سووکایەتی بە بارزانی و پێشمەرگە دەکات، مەسعود بارزانی هاتە دەنگ و روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو باسی رۆڵی پێشمەرگە دەکات و سوپاسی ئەمەریکا دەکات.

 

لەو روونکردنەوەیەدا کە ئەمشەو چوار شەممە مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێم و سەرۆکی پارتی بڵاویکردەوە، دەڵێت " ماوەیەكە لە هەندێ ناوەندی ئیعلامی و سیاسی باسی شەڕی داعش دەكرێت. لێرەدا ڕاستییەك هەیە ناكرێ چاوپۆشی لێ بكرێ، داعش دیاردەیەكە كە دوژمنی سەرجەم مرۆڤایەتییە و، شەڕكردن لەگەڵ داعش شەڕێكی ئاسان نییە، چونكە بەرەیەكی بەرفراوان و هەمەلایەنە و، لایەنێكیش بە تەنیا ناتوانێ داعش تێكبشكێنێت. ڕیشەكێشكردنی داعش هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەموو لایەك و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە."

 
بارزانی دەشڵێت "كاتی خۆی لە شەڕی داعشدا ئێمە سوپاسی هاوپەیمانان و ئەمەریكامان كرد كە یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان داوە. سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەشمان كرد كە بە جۆرێك بەشداربوونە لە شەڕی داعش و یارمەتیی پێشمەرگەیان داوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەموو لایەك ئەوە بزانن كە ئەوەی لەسەر ئەرزی واقعدا بە خوێن و قوربانیدانی خۆی، كوردستانی لە هەڕەشەی داعش پاراست، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو. هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەو حەقیقەتە بشارێتەوە كە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلی كوردستان تێكشكا".

لە ئێران دوو کورتە فلم لەسەر ژیانی قاسمی سلێمانی فەرماندەی پێشووی ئەمنی و سەربازی ئێران دەرکراوە کە پەیوەندی بە کورد و شەڕی داعشەوە هەیە، لەو دووفلمەدا سووکایەتی بە سەرۆکی پێشووی هەرێم، مەسعود بارزانی و هێزی پێشمەرگە دەکات.

 


AM:12:07:28/01/2021