" پارتی نمایشێکی سەربازی لە دەوری مەخمور دەکات "

چەند رۆژێکە پارتی هێزی پێشمەرگە رەوانەی مەخمور دەکات بەتایبەتی ئەو ناوچانەی دەکەوێتە پشتی کێڵگە نەوتییەکانی کاندیناواوە، پارتی بەرامبەر سەنگەر و بارەگاکانی سووپای عێراق هێزەکانی جێگیرکردووە ، ئەمە لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا نەگەیشتۆتە هیچ ئەنجامێک.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە پارتی ماوەی چەند رۆژێکە هێز لەدەوری بەرزاییەکانی مەخمور کۆدەکاتەوە کە دەکەوێتە پشتی کێڵگە نەوتییەکانی کەندیناوە کە بە خۆرمەڵە ناسراوەو گەورەترین کێڵگەکانی نەوتی هەرێمەو دەکەوێتە( ٥٦ کم ) لە باشووری رۆژئاوای شاری هەولێرەوە.

 

" سپی " زانیوویەتی ئەو جموجوڵە سەربازییەی هێزەکانی پارتی، بۆ ئەوەیە سەرمایەگوزاری سیاسی لەسەر بکات بەرامبەر بەغدا، لە کاتێکدا بە پێی زانیارییەکان هێزەکانی عێراق لە سووپای عێراق و حەشدی شەعبی لەو ناوچەیەدا هیچ جموجوڵێکی سەربازیان لێ بەدیناکرێت بەرامبەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە.

 

دەربارەی ئەو سەرمایە گوزارییەی پارتی دەیەوێت ئەنجامی بدات، سپی زانیوویەتی پارتی دەیەوێت کە ئەوە بە رای گشتی هاوپەیمانان دژی داعش بگەیەنێت کە حکومەتی عێراق و بەتایبەتی حەشدی شەعبی دەیانەوێت ‌هێرشبکەنە سەر هەرێم و ناوچە نەوتییەکان کۆنترۆڵ بکەن، ئەمەش بێتە مایەی دروستکردنی فشار لەسەر بەغدا بۆئەوەی مل بۆ یاسای بودجە بدات بەو شێوەیەی هەرێم بەلایەوە پەسەندە.

 

ئەوەی بۆتە کەڤەرێک بۆ ئەم جموجوڵەی پارتی بەپێی زانیاریەکانی " سپی " بۆ دوو لێدوانی کۆبوونەوە داخراوەکان دەگەڕێتەوە کە یەکێکیان نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە کۆبوونەوەیەکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئامادەسازی دەکەن بۆ وەگرتنی ئاوارەی نوێ، بەبێ چوونە هیچ وردەکارییەکەوە، ئەوە لەکاتێکدا کە رەنگە مەبەست لەو هێرشە بێت کە لە بەرنامەی سووپای تورکیادایە بیکاتە سەر شەنگال و خەڵک ئاوارەبێت، هەروەها ژمارەیەکی زۆریش لە ئاوارەی باکور لە مەخور دەژین و رەنگە ئەو پێگەیە رووبەڕووی هێرشەکانی تورکیا بێتەوە.

 

کەڤەرێکی تری جوڵاندی ئەو هێزانە لەلایەن پارتیەوە، دەگەرێتەوە بۆ یەکێک لە کۆبوونەوەکانی شیعەو کورد لەبەغدا کە ئاماژەیەک لەلایەنێکی شیعەوە کراوە کە ئەو بیرە نەوتانەی کە کۆن لە ژێر دەستی حکومەتی ناوەندیدا بوون و ئێستا لە ژێر دەستی هەرێمدایە بگەڕێنرێتەوە بۆ ژێر دەستی حکومەتی فیدراڵ.

 

بەپێی زانیارییەکانی سپی لە کۆی رووداوی جوڵانی هێز لەلایەن پارتیەوە بۆ ناوچەی مەخمور تا ئەم ساتە هیچ جومجوڵێکی سەربازی حەشەی شەعبی و سووپای عێراق بەدیناکرێت لەو ناوچەیەی بەرامبەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەیە.  

 



AM:12:36:29/01/2021