پرۆگرامێكی تەلەفزیۆنی نوێ له كەناڵێكی كوردییەوە پێشكەش دەكرێت و دەبێتە گەورەترین پرۆگرامی هونەری تەلەفزیۆنی.
كەناڵی كوردسات لەنوێترین كاریدا پرۆگرامێكی هونەری پێشكەش دەكات كە بە گەورەترین پرۆگرامی هونەری كوردی دادەنرێت و تائێستا كاری لەو شێوەیە لە كەناڵە كوردییەكانەوە پێشكەش نەكراوە، لەئێستاشدا ڤیدیۆی ڕیكلامی پرۆگرامە بڵاوكراوەتەوە كە تەنها ئاماژەی بەم زووانەی لەگەڵدایە.
لە ریكلامەكەدا هەردوو گەورە هونەرمەندی كورد بێژەن كامكار و عەدنان كەریم دەردەكەون كە ئەندامی لیژنەی پرۆگرامەكەن، بەپێی زانیارییەكان لیژنەكە ئەندامێكی دیكەشی هەیە كە خانمە هونەرمەندی ناسراو كانییە.
بەپێی زانیارییەكان پرۆگرامەكەی ئەو كەناڵە، كورد ئایدڵە كە یەكێكە لە گەورەترین و پڕ بینەرترین پرۆگرامە جیهانییەكان و بە چەندین زمانی جیاواز لە چەند وڵاتێكەوە پێشكەش دەكرێت، ئەو ڕیكلامەش كە لەئێستادا بڵاوكراوەتەوە هاوشێوەی ڕیكلامی پرۆگرامی ئایدڵەكانی دیكەیە لە وڵاتانی دیكە، ئەمە جگە لەوەی لە ڕیكلامەكەی كامكاردا، بەشێكی لۆگۆی كورد ئایدڵ دەردەكەوێت.
كوردسات بەشێوەیەكی فەرمی مافی پێشكەشكردنی پرۆگرامەكە بە پارەیەكی زۆر كڕیوە، كە لە بنەڕەتدا پرۆگرامەكە ئەمریكییە و بۆ یەكەمجار لەوێ پێشكەشكارەوە، ئەمە جگە لەوەی لە وڵاتانی عەرەبی بە ناوی عەرەب ئایدڵ پێشكەش دەكرێت و تائێستا چەند كوردێك بەشداریان تێدا كردووە كە دیاترینیان پەرواز حسێن و عەمار كوڤییە كە بونەتە خاوەنی ناوبانگ و جەماوەرێكی زۆر لەسەر ئاستی كوردستان و وڵاتانی عەرەبی.