كازم ساهیر بڕیارێكی نوێیدا

هونەرمەند كازم ساهیر ڕایگەیاند، لە بەرنامەی خۆشتیرن دەنگ بۆ تەمەنی گەورەكان كشاوەتەوە، بەڵام لە بەرنامەی خۆشترین دەنگی منداڵان وەك لیژنە بەشداردەبێتەوە.

كازم ساهیر لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك پۆستێكی كردووە و بە هەوادارانی خۆی ڕاگەیاندووە، بەشداری دەكاتەوە لە وەرزی دووەمی بەرنامەی خۆشترین دەنگی منداڵان، كە لە كەناڵی ئاسمانی ئێم بی سی پەخشدەكرێت.

لە لێدوانێكیشدا بۆ كەناڵی ئی تی عەرەبی ئاماژەی بەوە كردووە، كشانەوەی لە بەرنامەی خۆشترین دەنگ بۆ قۆناغی گەورەكان، بۆ سەرقاڵی و نەبوونی كات دەگەرێتەوە، وتیشی "ئەو بەرنامەیە نزیكەی شەش مانگ لە كاتم دەبات لەو ساڵەدا ئەوەش بە ئاسانی قەرەبوو ناكرێتەوە".

 سەبارەت بە بەشداری كردنەوەشی لە وەرزی دووەمی بەرنامەی خۆشترین دەنگی منداڵان، ساهیر وتی "بەرنامەكە بۆ منداڵان كەمتر سەرقاڵت دەكات و وەك بەرنامەی گەورەكان زۆر ناتخاتە ژێر بەرپرسیارێتی هونەرییەوە". 

سەبارەت بەو منداڵانەی كە لە وەرزی یەكەمدا بەشداربوون لە گروپەكەی، ساهیر وتی "هەموو منداڵان بە خۆشحاڵییەوە ستەیجی خۆشترین دەنگیان بەجێهێشتووە، بەتایبەت كە گۆرانی (مالی خلق)مان پێكەوە پێشكەشكرد ئەوەش بووە مایەی خۆشحاڵی هەموویان و منیش خۆم زۆر دڵشاد بووم بەو كلیپە لەگەڵ ئەوان".

كازم ساهر گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر لەدایكبووی ساڵی ١٩٥٧ی شاری موسڵە، سەرەتای كاركردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٠، یەكەم ئەلبوومی ساڵی ١٩٨٤ بە ناوی داری زەیتون (شجرە الزیتون) بڵاوكردوەتەوە، و خاوەنی زیاتر لە ١٥ ئەلبوومە، لە بەرنامەكانی خۆشترین دەنگ بۆ گەورە و منداڵان كە لە كەناڵی ئێم بی سی پەخشدەكرێت بەشداری كردووە.



PM:03:10:13/09/2017