ئاڕاڕات یەکەم شکستی دووچاری برایەتی کرد



لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی سێیەمی خولی نایابی کوردستان و لە یارییەکی دواخراودا کە لە هاوینەهەواری پیرمام بەڕێوەچوو، لەسەر یاریگەی خۆی یانەی ئاڕاڕات میوانداری یانەی برایەتی کرد لە یارییەکی بەهێز و پڕ لە توندوتیژی ئاڕاڕات ٣ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا و یەکەم شکستی دووچاری برایەتی کرد.

یارییەکە بە فیکەی ناوبژیوان (محەمەد نەجاح )دەستی پێکرد و هەر زوو یاریزانانی برایەتی ٣ مەترسی گۆڵ تۆمارکردنیان لەسەر گۆڵەکەی (غەفور عوسمان) دروستکرد لە رێگەی یاریزان (محەمەد سامی و دلشاد حەمەرەش) ،بەڵام سەرجەم هەوڵەکان بێ بەرهەم بوو.
خولەکی ٢٤ ناونیشانی گۆڵی پێشکەوتنی یانەی خاوەن ماڵ بوو کاتێک یاریزان (شێرزاد حوسێن )ئاڕاڕاتی بە گۆڵێک پێشخست و هەمان یاریزان شەش خولەک دوای گۆڵەکە لێدانێکی بەهێزی ئاڕاستەی گۆڵەکەی تیپی میوان کرد بەڵام گۆڵپارێزی برایەتی دووری خستەوە.

نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی یانەی ئاڕاڕات بەکۆتاهات بە گۆڵێکی بێ وەڵام.
لەنیوەی دووەم سەرەڕای ئەوەی یاریزانانی برایەتی بە تەواوی کۆنتڕۆڵی یاریگەیان کردبوو بەڵام سەرجەم هەوڵەکانیان بێ سوود بوو لە بەرامبەردا کوڕانی پیرمام پشتیان بە هێرشی پێچەوانە دەبەست پلانی راهێنەر (ئەنوەر محەمەد) لەم گێمەدا پارێزگاریکردن بوو لە تاکە گۆڵەکەی نیوەی یەکەم.
لە سەرەتای گێمی دووەم ستوونی گۆڵ رێگر بوو لە یەکسانبوونەوەی ئەنجامەکە لە بەرژەوەندی یانەی برایەتی کاتێک یاریزان (حەمید عومەر) لێدانێکی سەری ئاڕاستەی گۆڵی تیپی خاوەن ماڵ کرد.
هەر لەم گێمە یاریزانانی برایەتی چەندین دەرفەتی ئاسانی راستکردنەوەی ئەنجامەکەیان بۆ هەڵکەوت بەڵام بەهۆی پەلەکردنی یاریزانانەوە هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ئەنجامی یارییەکە نەهات و تاکە گۆڵێک بەس بوو بۆ ئەوەی ئاڕاڕات ببێتە خاوەنی ٣ خاڵی یارییەکە و کۆی خاڵەکانی بووە ٥ خاڵ و هاتە پلەی دووەمی خولەکە لە بەرامبەردا برایەتی خاوەنی ٤ خاڵە.

spee-kfa




PM:09:08:14/02/2018