هه‌ندرێن داستانی سێیه‌م سه‌ركه‌وتنی له پیرمام نووسییه‌وه
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، له گه‌ڕی چواره‌می خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان، له‌سه‌ر یاریگه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له شارۆچكه‌ی پیرمام، یانه‌ی هه‌ندرێن میوانداریی یانه‌ی هه‌ولێری كرد، یارییه‌كه‌یش به سه‌ركه‌وتنی هه‌ندرێن به گۆڵێكی بێ وه‌ڵام كۆتایی هات.
ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی (یوسف سه‌عید) فیكه‌ی ده‌ستپێكی یارییه‌كه‌ی لێدا، هه‌ردوو یانه به خێرایی ده‌ستیان به یاری كرد، به‌ڵام یه‌كه‌م هێرشی راسته‌قینه‌ی یارییه‌كه بۆ خوله‌كی 15 دواكه‌وت، كاتێك له لایه‌ن كاپتنی هه‌ندرێن (فه‌رهه‌نگ ته‌ها) تۆپێك به ئاراسته‌ی ناوچه‌ی سزا بۆ (عامر فازڵ) ـی هێرشبه‌ری هه‌ندرێن به‌رزكرایه‌وه, به‌ڵام بێ ئه‌نجام بوو، به هۆی ساردی كه‌ش و هه‌وا و توندتیژی یاریزانانی هه‌ردوولا، تا خوله‌كی 30 ـی یارییه‌كه چه‌ند جارێك یاریزانان كه‌وتن و یارییه‌كه وه‌ستا، ئه‌مه‌یش هۆكارێك بوو ریتمی یارییه‌كه هێواش بێته‌وه، به‌ڵام له 10 خوله‌كی كۆتایی نیوه‌ی یه‌كه‌م، یاریزانانی هه‌ندرێن به تایبه‌ت له هێلی ناوه‌ڕاست باشتر ده‌بینران و جڵه‌وی یارییه‌كه‌یان له ده‌ست بوو، به‌ڵام سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كانیان بێ ئاكام بوو، نیوه‌ی یه‌كه‌م به یه‌كسانبوونی هه‌ردوولا به بێ گۆڵ ته‌واو بوو.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی نیوه‌ی دووه‌مدا یاریزانی هه‌ولێر (بارزان شێرزاد) به لێدانێكی به‌هێز به‌ختی خۆی تاقی كرده‌وه، به‌ڵام (بارزان یوسف) ـی گۆڵپارێزی هه‌ندرێن له شوێنی گونجاو وه‌ستا بوو و تۆپه‌كه‌ی كۆنترۆڵ كرد، تا (10) خوله‌كی نیوه‌ی دووه‌می یارییه‌كه یاریزانانی هه‌ولێر، باشتر یارییان ده‌كرد و فشاریان له‌سه‌ر گۆڵی هه‌ندرێن دروست كردبوو، خوله‌كی 58 مه‌ترسیدارترین هێرشی یارییه‌كه بوو، كاتێك یاریزانی هه‌ولێر (بارزان شێرزاد) جارێكی تر لێدانێكی به‌هێزی ئاراسته‌ی گۆڵی هه‌ندرێن كرد، به‌ڵام تۆپ له ته‌نیشت ستوون تێپه‌ڕی.
له خوله‌كی 70 یاریزانی هێلی ناوه‌ڕاستی هه‌ندرێن (هێمن نازم)، كه چه‌ند خوله‌كێك بوو هاتبووه نێو یاریگه، ده‌رفه‌تێكی ئاسانی بۆ (محه‌ممه‌د مه‌غدید) ـی هاوڕێی رێكخست، به‌ڵام لێهاتووی گۆڵپارێزی هه‌ولێر (دیدار حامد) له گۆڕینی ئه‌نجامی یارییه‌كه رێگر بوو، تا خوله‌كی 80 یاریزانانی هه‌ندرێن جارێكی تر كۆنترۆڵی یاریگه‌یان كردبوو، خوله‌كی 81 كاتی گۆرینی ئه‌نجامی یارییه‌كه بوو، كاتێك (هێمن فوئاد) له چاودێری تۆپێكدا گۆڵی یه‌كه‌می بۆ هه‌ندرێن تۆمار كرد، پێنج خوله‌ك دوای ئه‌مه (هێمن نازم) له نێو ناوچه‌ی سزا به‌ردرایه‌وه، (یوسف سه‌عید) فیكه‌ی لێدانی سزای بۆ هه‌ندرێن لێدا، به‌ڵام (هێمن نازم) له جێبه‌جێكردنی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، (دیدار حامد) ئازایانه تۆپه‌كه‌ی دوورخسته‌وه و یانه‌كه‌ی له گۆڵی دووه‌م پاراست، له كۆتاییدا یارییه‌كه به‌م ئه‌نجامه (1-0) گۆڵ به بردنه‌وه‌ی هه‌ندرێن كۆتایی هات.
دوای یارییه‌كه‌یش له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا، راهێنه‌ری نوێی یانه‌ی هه‌ولێر (ته‌ها قادر) گوتی: "به‌م پێیه‌ی من چه‌ند رۆژێكه تیپه‌كه‌م وه‌رگرتووه، هه‌ر له‌سه‌ر شێوازی راهێنه‌ری پێشوو یارییم كردووه، بێگومان ئه‌مه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاستی یاریزانه‌كانم هه‌بووه، به‌ڵام به دڵنیایه‌وه ئه‌مه ئاست و یاری هه‌ولێر نییه، له یارییه‌كانی داهاتوو گۆڕانكاری ده‌كه‌م و به شێوه‌یه‌كی باشتر به دیار ده‌كه‌وین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا تیپه‌كه‌مان پێویستی به چه‌ند یاریزانێكی تره، چونكه هه‌ر به‌م تیپه به‌شداری له خولی پله‌یه‌كی عێراقیش ده‌كه‌ین."
لای خۆشییه‌وه راهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ندرێن (دڵشاد مه‌عرووف) گوتی: "خاڵی به‌هێزی تیپه‌كه‌م له‌م یارییه یارییكردن بوو به شێوه‌ی كۆمه‌ڵ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئێمه ئاماده‌كارییه‌كی زۆرباشمان كردبوو، ئێمه ده‌مانه‌وێت پارێزگاری له پێشه‌نگ بكه‌ین و له‌سه‌ر ئه‌نجامه باشه‌كانمان به‌رده‌وام بین، هه‌رچه‌نده یاری دوای یاری ئه‌ركمان قورستتر ده‌بێت، چونكه زۆربه‌ی یارییه‌كانمان له‌گه‌ڵ یانه‌كان شاری هه‌ولێر ماوه و هه‌موو وه‌ك دێربییه، بێگومان یاری كردنیش له‌گه‌ڵ یانه‌كانی هاوشارت زۆر قورستتره له یارییه‌كانی ده‌ره‌وه، چونكه یاریزانه‌كان باشتر یه‌كتر ده‌ناسن و شاره‌زای یه‌كترن.
spee-kfa
PM:07:49:19/02/2018