لە قۆرخكارییەوە بۆپشكپشكێنەی حزبی تەسك

ئەبو کاروان(عەبدولرەحمان فارس)
ساڵێك بەسەر هەڵبژاردنی 21-9-2013 پەرلەمانی كوردستان تێپەڕدەبێت، لە سەرەتادا ئەو قەوانە زۆر بە گوێی خەڵكیدا دەدرا كە هەڵبژاردن گۆڕانكاری جددی و بنەڕەتی لە تەواوی جومگەكانی سیستەمی حكومڕانی هەرێمی كوردستان درووست دەكات و دێنێتە كایەوە، ئەم دەستەواژەو بانگەشەیە لە بەرنامەو گووتاری هەموو حزبەكان بە تایبەت "گۆڕان، پارتی، یەكگرتوو، یەكێتی، كۆمەڵ" زیاد لە پێویست دەوترایەوە. 
دوای هەڵبژاردن هەموو ووتن و بەرنامەی حزبەكان و ئەوەی بانگەشەیان بۆ دەكرد، پێچەوانەكەی راست دەرچوو، كۆبوونەوەی ئاسایی پەرلەمان بە شێوەیەكی نایاسایی ئەنجامدراو بۆ ماوەی چەند مانگێك بە كراوەیی هێڵدرایەوەو لە بەر ململانێی حزبی و بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی نەتوانرا سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێ‌، پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دواكەوت و لە كاتی یاسایی خۆی پێكنەهێنراو كاریگەری نەرێنی "سلبی" كردە سەر بازاڕو كارو ژیان و گوزەرانی تەواوی چین و توێژەكانی كۆمەڵانی خەڵك، بەڵینەكان بەخەڵك و باشتركردنی ژیانیان، روو بە روو بوونەوەی گەندەڵی و چاكسازی و ئاوەدانركدنەوە بوون بە درووشم و گووتاری رابووردوو، لە جێگایاندا هەڵپە بۆ وەرگرتنی پشك لە دەسڵات بوو بە ئەولەویاتی بەرنامەی كاریان. 
ئەمانە راستەوخۆ پێچەوانەی خواست و داواكارییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و بانگەشەی ئەو حزب و لایەنانە بوون، كە دوای هەڵبژاردن ئەوەی لە بیریان نەما خەڵك و داخوازی و داواكارییەكانی بوو، ئیدی لێرەوە سەرەداوی پشكپشكێنەو چەسپاندنی بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی لەناو كۆی سیستەمی حكومڕانیدا جارێكی تر بوو بە یەكێك لە ئامانجەكانی پێنج حزبەكەو یەكەم هەنگاویشیان رەدكردنەوەی پێكهێنانی حكومەتی بنكە فراوان بوو كە پێشووتر بانگەشەیان بۆ دەكردو دواتر پێچەوانەكەی راست دەرچوو. 
ئێستا حاڵ گەشتوەتە ئەوەی هەریەك لەو پێنج حزبە، تەنها هەڵپەی ئەوە دەكەن لە كوێ‌ شتێكی زیاتر بۆ حزبەكانیان دابڕن، لە كوێ‌ دەستیان بڕواو لێ‌ گیربێت، كۆمەڵێك فەرمانبەرو راوێژكارو بەرێوەبەری گشتی و قایمقام و هتد حزبەكانیان دابنێن یان دابمەزرێنن، ئەمە بوەتە باوترین دیاردەی ناو كۆی ئەو سیستەمە حكومڕانیەیی كە پێشووتر بانگەشەیان بۆدەكردو ئێستا بەو شێوەیە بەڵینەكانی خۆیان جێبەجێدەكەن. 
لە نویترین هەوڵەكانی حزباندنی پەرلەمانی كوردستان و چڕكردنەوەی ململانێكان بە ئاراستەی پشك و بەش بەشێنە، ئەوەیە كە "3" لیژنەی نوێی پەرلەمانی كوردستان وەك " لیژنەی كارو باری پەرلەمان، لیژنەی پەیوەندیەكان، لیژنەی مادەی سەدوچل" درووست دەكرێن  وهاوكات دامەزراندنی كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، ئەوەی كە دوێنە لە پەرلەمان خۆی بەسەرسەخترین و نەیاری "پارتی و یەكێتی" دەزانی، ئەمڕۆ لە بەر "بەش" واتە پشك هیچی لە بیرنەماوەو تەنها بەرپێی خۆیان دەبینن، هەموو مساومەیەك دەكەن تەنها لە پێناوی بەدەست هێنانی بەشە حزبیەكانیان، پشت لە خەڵكی و داواكاری و داخوازییەكانیان دەكەن تەنها بۆ ئەوەی بە وەرگرتنی پشكەكانیان رابگەن. 
پێنج حزبەكە، تەنها خۆیان دەبینن و هۆكاری سەرەكی ئەو دۆخە نەخوازراوەن كە پەرلەمان و حكومەت و دام و دەزگاكانی لە باری بەش بەشێنەی حزبی تێكەوتوون، هەموو هەوڵ و كۆششێك دەكەن بۆ ئەوەی هێزو لایەنە سیاسییەكانی تر لە نەخشەو پرۆسەی سیاسی بسڕنەوەو بكەنە دەرەوە، هەروەك چۆن سەركردایەتی سیاسی كوردستانیان بۆ پێنج حزبەكە قۆرخ كردوەو حزب و لایەنەكانی تریان فەرامۆش كردوە لە لیژنەی دانوستاندن لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق.  
من لێرەوە وەك فراكسیۆنی ئازادی و ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە هەموو شێوەیەك دژی ئەو سیاسەتەی بەش بەشێنەی حزبی دەوەستمەوە، پێم وایە ئیرادەو موقەدەراتی خەڵك زۆر لەوە گەورەترە بە بەرژەوەندی تەسكی حزبیەوە گرێبدرێ‌، ئەوەشی بەرپرسیارێتی ئەم واقیعە نەخوازراو تاڵەی ئەم جۆرە سیاسەت و مامەڵە كردنە هەڵدەگرێ‌، ئەوە ئەو پێنج حزبەن بە پلەی یەكەم كە حكومەتی پێنج حزبەكەو سەرۆكایەتی پەرلەمانی پێنج حزبەكەیان پێكهێناوە، رەوانتریش ئەو سێ‌ حزبەی "یەكگرتوو، كۆمەڵ، گۆڕان" كە بەشداری راستەوخۆو كاران لە چەسپاندنی ئەم جۆرە سیاسەتە. 
بەردەوامبوون لەم شێوازەی كاركردن دەمانگەیەنێتە دووڕیانێكی ترسناك، هەموو ریسەكان بۆ "روو بە رووبونەوەی گەندەڵی، چاكسازی ئیداری، باشتركردنی سیستەمی حكومڕانی، هەوڵدان بۆ خزمەتكردنی چین و توێژەكانی خەڵك، پەرەدان بە پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەو بوژانەوە، بەهێزكردنی ژێرخانی كۆمەڵگای كوردستان" دەكاتەوە بە خوری و ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها زاڵبوونی هەژموونی سیاسەتی پشك پشكێنەیە بە سەر كۆمەڵگاو خەڵكەوە، كە ئەمەش خراپترین لێكەوتەكانی سیاسەتی ئەو پێنج حزبەیە كە حكومەتیان پێكهێناوە. 

*ئەندامی پەرلەمانی كوردستان.


27/09/2014



وتارەکانی تری نوسەر