ئەگەر سیاسەت و سیاسەتکردن ھونەری تواناکان بێت وەک لە مێژە دەوترێت، ئەوە دانووستان و گفتوگۆ یەکێکە لە چەمک و بنەما گرنگ و بنەڕەتیەکانی شارەزایی و زانین و بەکار ھێنانی ئەو ھونەرەو بگرە لەو ھونەرەش زیاتری دەوێت.
من تێدەگەم و چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش باش لەوە گەیشتوون کە کوردستان چۆن دابەش و داگیرکراوەو ھۆکارەکانی ئەو دابەشکردنە چیەو چۆنە؟ لەوەش زیاتر تێدەگەم ئەوانەی سیستەمی حکومڕانی عێراقیان بە دەستەوە بوە، لە سەرەتای درووستبونی دەوڵەتی عێراقەوە، چۆن بیر دەکەنەوەو دیدو ھەڵوێستیان بەرامبەر مافە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانی گەلی کوردو کوردستان چیە؟
ئەوان لە بنەڕەتدا بڕوایان بە چەمکی دیموکراسی و مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ گەلی کوردستان نیە، دیدو تیڕوانینی ئەوان ھەمیشە لەوێوە سەرچاوەی گرتوە کە شۆڤێنیانە تەماشای ئەم پرس و بابەتە بکەن، نەک پێچەوانەکەی و سەلماندنی، ھەر کاتێکیش ھەنگاوێک بۆ گفتوگۆ ھاتبێتنە پێش، لە ژێر کاریگەری و فشاری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی و کوردستانیدا بوە.
بەڵام وەک بەرەنجامی خراپ بە ڕێوەبردنی سوڕی گفتوگۆکان، بە بیانوی جۆراو جۆر پاشەکشێیان کردوەو دوور کەوتوونەتەوە لە جێبەجێکردنی داخوازییە رەواکانی کوردستان و ئەوەی لایەنی کوردستانی مەبەستی بوە نەیان سەلماندوەو ھاوکات کوردیش نەیتوانیوە لە ئاستی پێویست پێیان بسەلمێنێ.
بۆیە ھەمیشە لە گەڵ ئەو رایە کۆک بووم کە دەوترێ ئەوەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان لە شۆِرشەکاندا بەردەستی خستوەو بە دەستی ھێناوە، لە دانوستانەکانیدا لە گەڵ حکومڕانانی عێراق لە دەستی داوە.
شۆڕش و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، کاتێک کە تەنھا پێشمەرگەو چیا پشت و پەنای بوو، نە حکومەت و نە پەرلەمان و نەش توانای پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکانی، نە توانای دارایی و کاگێڕی وەک ئێستا بوو، کەچی حکومەتی عێراق شاندی دەناردە حاجی عومران و گەڵاڵە بە مەبەستی رێککەوتن و چارەسەری پرسی کوردو کورستان.
سەدام بەناو "پیاوە بەھێزەکەی بەغدا" رووی لە بارەگاکانی ھێزی پێشمەرگە دەکردو قورئانی بە بەرۆکی خۆیەوە ھەڵدەواسی، ئەمەش مانای ئەوە نیە ئەو کات و سەردەمەش ئەوان بە راستگۆیی و بڕوا بوونەوە ئەم جۆرە سەردانانەیان ئەنجام دابێت، بەڵکو ئامانج و مەرامەکانیان روون بوە، بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەک شەڕ رابگرن و پایەکانی حکومڕانی خۆیان بە ھێزبکەنەوە.
رەنگە لە وڵام بەم نووسینە ئەوەم پێش چاوبخرێ و پێم بوترێ واقیع و کات گۆڕاوە، کەچی بە درەنگ وەختەوە قسە لە سەر رابووردوو دەکەیت؟ دەبێت شتێکی زیاتر روون بکەمەوە، ئەویش ئەوەیە مەبەستی من ئەوەیە "سەنگ، قورسایی" لە ھونەری گفتوگۆو دانوستاندن قورسایی و کاریگەری راستەوخۆو ناڕاستەوخۆی خۆیان ھەیە.
بۆیە ئەو بۆچوونە درووستە کە خەڵکی کوردستان لە ناوەڕاستی شەستەکان وتویانە "سەرکردەکانی کوردستان وریابن ھەڵتان نەخەڵەتێنن".
من لە ڕوانگەی رەش بینیەوە ناڕوانمە بابەت یان ھەر پرسێک، بەڵام ناتوانم ئەوەش بشارمەوە، رۆژ دوای رۆژ، کابینە دوای کابینەی حکومەتی ھەرێم و بە تایبەت لە دوای لە گۆڕنانی دەسڵاتی دکتاتۆری بەعس، سەنگ و قورسایی خۆی لە دەست دەدات و نەیتوانیوەو ناتوانێ ئێدارەیەکی دروستی دۆخی کوردستان و پرسی گفتوگۆو دانوستانەکان بکات لە گەڵ ناوەند.
بە تایبەتر لەو کاتەوەی بەشێک لە مافە رەواکانمان بەستەوە بە مادەی "٥٨"و دواتریش مادەی "١٤٠"، ھەر ئەوکاتیش ئەوە خەڵکی کوردستان بوو، لە حزب و لایەنە سیاسیەکان، نووسەران و رۆشنبیران، لە چین و توێژە جیاجیاکان، وتیان بۆچی "شک" بۆ ئەو ناوچە کوردستانیانە درووست دەکەن؟ پێویست ناکات "کات" بۆ جێبەجێکردنی ئەم مادەیە دیاریبکەن؟ وەک بەرەنجامیش قسەو بۆچونەکەی ھەندێ لایەن سیاسی و خەڵک راست دەرچوو.
لە کاتی کابینەکانی "نوری مالکی" ھەرێمی کوردستان و دەسڵاتەکەی جۆرێک لە سەنگ و قورسایی خۆی ھەبوو، لە دانوستان و گفتوگۆکاندا، ھەرێم ناوەند بوو، نەخش و کاریگەری ھەبوو لە سەر پێکھێنانی حکومەتی عێراقی، رێککەوتنەکان بە چاوساغی کوردو پڕس و راوێژی ئەو ئەنجام دەدران، سەردان و بەسەر کردنەوەی نێوان ھەردوولا ھەبوو، تا لە کۆتایدا بابەتەکان پێچەوانە بوونەوەو لە گەڵ خراپبوونی پەیوەندییەکان لە گەڵ "مالکی" ھەموو شتەکان پێَچەوانە بوونەوە.
ئێستا دۆخەکە بێئومێدترە، ئەوەشی کە سنووری بێئومێدیمانی فراوانتر کرد، ئەو پەلە پروزێیە بوو لە بەشداریکردنی ھەرێمی کوردستان لە کابینەکەی "حەیدەر عەبادیدا"، لە کاتێکدا لە ئان و ساتی بڕیاری بەشداریکردن قەیران و کێشەکانی نێوان "بەغدادو ھەولێر گەشتبوونە لوتکە، کار گەیشتبوە ئەو ئاستەی "٩" مانگ بوو بەغداد مووچەو بودجەی ھەرێمی بڕیبوو، لەم کاتەداو بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، ھەرێمی کوردستان بڕیاری بێمەرجی بەشداری لە کابینەکەی "عەبادی" قبوڵ دەکات، بێ لەپێشچاو گرتنی داخوازییەکانی گەلی کوردستان.
ڕوونتر لە دوا رۆژی ئەو کاتەی درابوە "عەبادی" بۆ پێکھێنانی حکومەت پێنج حزبی کوردستانی " پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ" بە بەشداری نوێنەری ئەمریکاو نوێنەری نەتەوە یکگرتوەکان لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی، کۆبوونەوەو بە پاساوێکی پڕ لە سەیرو سەمەرە "مۆڵەتدانی سێ مانگ بۆ جێبەجێکردنی داخوازییەکانی ھەرێمی کوردستان" بڕیاری بەشداریکردنیان لە کابینەکەی "عەبادی" راگەیاند؟
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە بەم شێوەیە: کە ئایا کەسێک ھەیە لە ھەرێمی کوردستان بڕوای بەوە ھەبێت لە ماوەی سێ مانگدا ئەو ھەموو کێشەو گرفت و قەیرانە کەڵەکە بوانەی نێوان "بەغدادو ھەولێر" چارە سەربکرێن؟ ئەمە خۆڵکردنە چاوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو یان بێتوانایی و بێدەسەڵاتی لە ھونەری دانوستاندن و گفتوگۆ؟
ئەوە نزیک دەبینەوە لە کۆتایی سێ مانگ و ھێشتا بچوکترین و سەرەتاییترین مافی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە قووتی ژیانە، نەگەڕێنراوەتەوەو ھێشتاش ھەر ئەمڕۆو سبەینێی پێدەکەن.
لە بەر رۆشنایی ئەوەی باسمان کرد، بۆ ماوەیەک وەزیرەکانی ھەرێم نەچوونە بەغداد بە مەبەستی سوێندخواردن، چونکە ھێندە سەوداکە "رەزیل" بوو، شیعەو سوونە رێککەوتن و چاوەڕوانی بەشداری ھەرێمی کوردستان نەبوون، و کابینەکەیان راگەیاند.
ئەوەی پێی دەڵێن پێنج حزبەکە "پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ" و خۆیان کردوە بە دەم ڕاست و زمانحاڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، کەچی لە ٣٠% خەڵک متمانەیان پێناداو بایکۆتی ھەڵبژاردنەکانی لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ئەوان کردوەو پشتکردن لە زیاترلە"٨٠" ھەزار دەنگدەری ھێزو لایەنە سیاسییەکانی تر، لە ١٢-١٠-٢٠١٤ جارێکی تر لە بارەگای یەکگرتووی ئیسلامی کۆبوونەوەو بڕیاریاندا وەزیرەکان بچنە بەغدادو بەشداری لە کابینەی حکومەت بکەن.
لێرەدا زۆر مەبەستمە ئەوە بڵێم کە ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیە وەکو خۆیان دەڵێن باسیان لێوەکرد، جێگای پرسیاری ھەموو خەڵکی کوردستان بوو، دەرکەوت نەڕۆشتنی وەزیرەکان بۆ بەغداد پەیوەندی بە ماف و داخوازییەکانی خەڵک نەبووە، بەڵکو رێکنەکەوتنی ئەو پێنج لایەنە بووە لە سەر پلەو پۆست و تا کارگەیشتە ئەوەی بە ئاشکرا بوترێ ئەم پۆستە ھی حزبی "ا" بوو بەخشرایە حزبی "ب". لەوانەش سەیرو سەمەرەتر کە باسی دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان کرا، دەیانوت ئەو حزبانەی کە کورسی پەرلەمانیان ھەیە وەزارەتیان بەردەکەوێ، لە کاتێدا دەیانزانی بۆ ھەر وەزارەتێک بە پێی خاڵ بەندی "١٠" خاڵی پێویستە؟
لێرەش دەتوانین بڵێین و پرسیاربکەین، ئەرێ کورسییەکانی ئێوە لەو ئاستەدایە یان ئیستحقاقی نەتەوەیی کە بەلای منەوە شایستەی ھەموو لایەنێک نیە؟
لەھەموو سەیرتر ئەوەیە کە لایەنێک لەو پێنج حزبە بە پشکی وزارییەکەی رازی نابێت و لە ئاستێکی نزم دەیبینێ و لەم نێوانەشدا مامەڵەو سەودا دەست پێدەکات و وەزارەتێکی تری لە ھەرێم بۆ درووست دەکەن، واتا بە چوار پەرلەمانتارەکەی بەغداد، وەزارەتێک لە بەغدادو وەزارەتێک لە ھەرێم "٢" وەزیر مسۆگەر دەکەن؟ لێرەوە بە رەوانی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەڵێین ببینن ئەمانەن کە نوێنەرایەتی ئێوە دەکەن، کەچی لە کۆبوونەوە بۆ کۆبوونەوە تەنھا شەڕی کورسی و پلەو پایەیی خۆیان نەک بەرژەوەندی ئێوە دەکەن؟
لەو کاتەی کۆنگرەی رۆژنامەوانیەکەیان ئەنجامدرا، من بینەری بووم دەیانوت حەیدەر عەبادی ھیچ گەرەنتیەکی نەداوەو ئێمەش ھیچ مەرجمان نیە؟ لەم ئاستەدا دەڵێم دیارە پێشووتر مەرجمان ھەبوو، رێکەوتنمان واژۆ دەکرد لە جێگای خۆیدا نەبوو؟ ئەگەر وایە ئەی لە پێناوی چی ئەم کارەمان دەکرد؟ یان پێچەوانەکەی راستەو ئێستا قبوڵی مەرجمان لێناکەن و ئەمەش پرسیارێکی جەوھەرییەو پێویستە بە روونی وڵام بدرێتەوە؟
ھەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا، باسی ئەوەش کرا ئەم یەک ریزیە گەرەنتیە بۆ جێبەجێکردنی داخوازییەکانمان؟ ئێمەش دەڵێین یەکڕیزی باشترین بنەمایە بۆ سەنگ و قورسایی لایەنی کوردستانی و داخوازییەکانی، بەڵام پرسیار لەوەدایە ئەوە یەکریزییە یان رێککەوتنە لە سەر پلەو پۆست؟ ئایا بە راست ئەوە رێککەوتنە کە لە ھەفتەیەکدا چەند جارێک تێک دەچێت و بە پینەو پەڕو پێکەوە دەنوسرێـتەوە؟
لە درێژەی ئەم بابەتەدا زۆر بە گرنگی دەزانم باسی ڕۆڵی حکومەت لە گفتوگۆو دانوستانەکان بکەم، کە پێنج حزبەکە پەیڕەوی دەکەن، ئەگەر دانیشتنەکان ئەنجامی نەبوو ئەوە خۆی لە بەرپرسیارێـتی دوور دەخاتەوەو دەیخاتە ئەستۆی پێنج حزبەکە کە سەرکەوتوونەبوونە لە دانوستاندن و گفتوگۆکانداو بە پێچەوانەشەوە ھەر کاتێک گەیشتنە ئەنجام و رێککەوتن، ئەوا بەرپرسانی حکومەت واژۆی دەکەن و دەبێـتە سەرکەوتنی ئەوا؟ ھەر بۆیە سەرەتا دوور دەگرن لە وتو وێژەکان، بۆ ئەوەی لە گەڵ ئەنجامەکەیدا ھەڵوێستی کۆتاییان دیاریبکەن؟ ئەمەش بەبڕوای من کارێکی راست و درووست نیەو پێویستە لە بنچەوە ئەم جۆرە سیاسەت ودانوستاندنە ھەڵبوەشێنرێتەوە.
من وەک پەرلەمانتارێک ئەو راستیە دەسەلمێنم، ئەوەی دەنگ و رەنگی نیەو جێگای بەزەییە، مەرجەعە یاسایی و سیاسیەکەی کوردستانە، کە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان دەکەن و بە دەنگی خەڵک گەیشتوونەتە ناو قوبەی پەرلەمانی کوردستان، کەچی لە گەرمەی گفتوگۆکاندا کە پەیوەندیدارە بە چارەنووسی میلەت، کەس گوێی لێناگرێت و خویشی قسەی نیەو ورتەی لێوە نایەت؟ پرسیاری کۆنکریتی ئەوەیە ئەرێ ھات و ھاوارەکانی پێشوو لە سەر مەرجەعیەتی پەرلەمان راست بوو یان ئەو بێدەنگیەیی ئێستا؟ کامیان؟
لە کۆتایدا دەمەوێ ئەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان روون بکەمەوە، ئەوانەی بەغداد بەڕێوە دەبەن بڕوایان بە مافی میلەتەکەی ئێمە نیە، راستگۆنین لە گەڵ دیموکراسی و بنەماکانی مافی گەلاندا، لە بەرامبەریشدا پێویستە ئەوەش روون بکرێتەوە کە تواناو ئاستی پەیوەندیە نێودەوڵەتی و دیپلۆماتیەکانی ھەرێمی کوردستان، جگە لەلایەنی دارایی و ئابووری، لەمە زیاتر بەرجەستەو مەیسەر ناکات بۆ ھەرێمی کوردستان.
پێش کۆتاییِ دەبێت ئاماژە بەوە بدەم کە ھەر لە سەرەتای بڕینی بودجەو موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم چەندین جار بەرپرسانی ھەرێم لە ئاستی باڵا جەختیان دەکردەوە کە پرسی موچە ناکەنە مەرجی گفتوگۆکانیان، کەچی بە پێچەوانەوە ئێستا پرسی موچەو گەڕانەوەی بوەتە خاڵی سەرەکی گفتوگۆگان و لەبەرامبەریشدا حکومەتی عێراقی ھێشتا جگە لە رێکەوتنێکی کاتی و سەرەتایی لە بەرامبەر ناردنی بڕی "١٥٠" ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا کە ھەرێم لە رێگای کۆمپانیای "سۆمۆ" ھەناردەی دەرەوەی بکات، بڕیاری داوە وەک سولفە لە جاری یەکەم "٥٠٠" ملیۆن دۆلار بۆ ھەرێم بنێرێ؟ ئەگەریش بەراوردی ئەو بڕە پارەیە بە "١٥٠" ھەزار بەرمیل نەوت بکرێت ئەوە ھێشتا بەغداد سوودمەندو براوەیە.
بە دیدو تێڕوانینی من ھەموو ئەم کورتھێنانە لە دانوستاندن و گفتوگۆکانی لە نێوان بەغدادو ھەرێمی کوردستان، پەیوەندی راستەوخۆی بە ناشارەزایی و نەبوونی سەلیقەو توانای گفتوگۆکان و کاراکتەرەکانیەوە ھەیە، بە تایبەت بۆ لایەنی کوردستانی ئەمە راستیەکی حاشاھەڵنەگرەو پێویستی بەوەیە بەسەر لەبەریدا بچینەوە.