له‌په‌راوێزی كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا

ئەبو کاروان (عەبدولرەحمان فارس)

ئەبوکاروان
ئه‌مڕۆ (٢٠٢٠/٤/٢٠) نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌ونی دا گفتووگۆی له‌باره‌ی كۆمه‌ڵێك پرس و بابه‌تی په‌یوه‌ست به‌ناخۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ كرد. 

دیارترین ئه‌و خاڵانه‌ی قسه‌ی له‌باره‌وه‌ كرد،قسه‌ بوو له‌باره‌ی ئاڵۆزیی ئه‌و كێشانه‌ی به‌هۆی ناردنی هێز بۆ زینی ورتێ دروست بووه‌. ناوبراو ئه‌و كێشه‌یه‌ی به‌ كێشه‌یه‌كی زۆر(بچوك) و بێكاریگه‌ر وه‌سفی كرد و به‌شێوه‌یه‌ك قسه‌ی ده‌كرد، وه‌ك بڵێی ئه‌و كێشه‌یه‌ چ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ حیزبه‌كه‌یه‌وه‌ نه‌بێ كه‌ ئه‌و جێگری سه‌رۆكێتی. هه‌روه‌ها ئۆباڵی ئه‌و كێشه‌یه‌ی له‌ حكومه‌ت و بەرپرسانی ھەردوو حزب لابرد و زیاترخستیه‌ ئه‌ستۆی (سۆشیال میدیا)!

بۆیه‌ ده‌مه‌وێ له‌باره‌ی چه‌ند بابه‌تێكی ئه‌و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌نووسیه‌وه بدوێم:-

یه‌كه‌م: سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌یدا هۆكاری ناردنی ئه‌و هێزه‌ی بۆ زینی وه‌رتێ بۆ پاساوی خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا ڤایرۆس گه‌ڕانده‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان ژیابێت و شاره‌زای جوگرافیای ئه‌و ناوچه‌یه‌ بێت باش ده‌زانێ به‌هاتنی فه‌وجێك یا لیوایه‌ك و دانانی چه‌ند ڕه‌بێیه‌ك، سنور كۆنترۆڵ ناكرێت، ڕژێمی به‌عس به‌و هێزه‌ زۆره‌یه‌وه‌ نه‌یتوانی سنور كۆنترۆڵ بكات. بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، تێده‌گه‌ن دانانی ئه‌و هێزه‌ بۆ ئه‌و مەبەستە نییە و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت.  

دووه‌م: هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان باش ده‌زانن هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، سه‌ره‌ڕای سه‌روه‌رییه‌كانی، هێزی حزبی بوونه‌، یه‌كێتی و پارتی له‌ دوای ڕۆخانی ڕژێمیشه‌وه‌ هه‌ر ده‌ستیان پێوه‌ گرتووه‌، هه‌ر خۆشیان ڕێگربوون له‌ دروست بوونی هێزی نیشتیمانی نیزامی كه‌ تاكه‌ وه‌لائی بۆ خه‌ڵك و خاكی كوردستان و نیشتیمانه‌كه‌مان بێت. 

جگه‌ له‌ ژماریه‌كیان نه‌بێ له‌چوارچێوه‌ی لیواكانی سه‌ر بە وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ڕێكخراون، كه‌ ئه‌و ڕێكخستنه‌ش له‌رزۆكه‌ و به‌شێوه‌ی به‌ش به‌شێنه‌ی حزبی رێكخراوه‌. 
به‌شی زۆری پێشمه‌رگه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی (٧٠ ، ٨٠ )یه كه‌ دوو هێزی حیزبین، دوای چه‌ندین دانیشتن و گفتووگۆی چڕ هێشتا یه‌كیان نه‌گرتووه‌ته‌وه‌.

ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هێشتا لای هه‌مووان ڕوونه‌ كه‌ هێشتا حكومه‌تێكی یه‌كگرتووی ڕاسته‌قینه‌مان نییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌سه‌واره‌كانی دوو ئیداره‌یی و زۆنه‌كان وه‌ك ڕۆژی ڕووناك دیاره‌. گه‌ر وا نییه‌ بۆچی دوو هێزی هه‌شتا و حه‌فتا بوونی هه‌یه‌؟ بۆچی دوو ئاسایش و دوو هه‌واڵگری پاراستن و زانیار ی بوونی هه‌یه‌؟ ئه‌م دوو ده‌زگایه‌ بۆچی (٤) ساڵه‌ ته‌نانه‌ت كۆبوونه‌وه‌یه‌كیشیان نه‌كردووه‌؟ 

سێیه‌م: كه‌ باسی هێزی په‌كه‌كه‌ی كرد، به‌ئاشكرا وتی: شوێنی تێكۆشانی په‌كه‌كه‌ باشور نییه‌.

ئێ باشه‌ گه‌ر وایه‌ كاتێك په‌كه‌كه‌ دیفاع و گیان فیدایی له‌ سنوری مه‌خمور و شه‌نگال و جه‌له‌ولا و كه‌ركوك ده‌كرد بۆچی له‌ مه‌یداندا ده‌ستخۆشیان لێده‌كرا و ئێستاش به‌م شێوه‌یه‌ له‌باره‌یانه‌وه‌ ده‌دوێن؟ 

چواره‌م: ئه‌رێ به‌ڕاست بەڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم سۆشیال میدیا كێشه‌كه‌ی گه‌وره‌ كرد؟ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ هه‌ردوو لاتان سه‌رچۆپی ئاڵۆزكردنی كێشه‌یه‌ك نه‌بن چۆن سۆشیال میدیا ئاڵۆزی ده‌كات؟ كێشه‌یه‌ك سێ لایه‌نی گه‌وره‌ی سیاسی هێز بجوڵێنن و مه‌كته‌بی سیاسی دوو حیزبه‌كه‌ی هه‌رێم و كه‌جه‌كه‌ به‌یاننامه‌ ده‌ربكه‌ن و سه‌رۆكی حكومه‌ت و تیمی یه‌كێتی و پارتی په‌یمام بڵاوبكه‌نه‌وه‌ ئه‌مه‌ بچوكه‌؟ ئه‌ی لێدوان و ڕاگه‌یاندراوی فراكسیۆنه‌كانتان چی؟ ئه‌ی هی په‌رله‌مانتاره‌كان؟ ئه‌ی ئه‌م هه‌موو باسی دوو ئیداره‌یی و كه‌شی سه‌ربازییه‌ چییه‌؟ تۆ بڵێی هه‌ر له‌ خۆڕا بێت؟ جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم.. بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ چاره‌سه‌ر بێت سه‌ره‌تا پێویسته‌ به‌ جورئه‌ته‌وه‌ دان به‌ قه‌باره‌ و مه‌ترسیه‌كه‌ی بنێیتت.. ج چای له‌ كه‌سێكی وه‌ك تۆ.


به‌ڕێز، ئێمه‌ هێشتا شه‌ڕی ناوخۆمان تێنه‌په‌ڕاندووه‌.. چه‌كه‌كان ئه‌گه‌ر بێده‌نگیشن مخابن ئه‌وه‌تا نمایش ده‌كرێن، هه‌ڕه‌شه‌یان پێده‌كرێت، له‌وه‌ش خراپتر عه‌قڵیه‌ت و كلتوره‌كه‌ی شه‌ڕی ناخۆ ھەرماوه‌، به‌داخه‌وه‌ مه‌نتقی توندڕه‌وی له‌ هه‌ردوولاش ده‌سه‌ڵاتی سه‌نتراڵیان له‌ چنگدایه‌.

پێنجه‌م: بەڕێزم سۆشیال میدیا ئه‌كرێ خراپ به‌كاربهێنرێ، به‌ڵام كێ ئه‌مه‌ی داهێناوەوە كاری پێده‌كات؟ (ماشا‌و الله) هه‌ردوو لاتان قسورتان نه‌كردووه‌ له‌ خه‌رجكردنی پاره‌ی میلله‌ت  له‌و بواره‌دا، سوپایه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌لیكتۆرنیتان هه‌یه‌ بۆ قسه‌ی نه‌شیاو به‌یه‌كتر و وتن و ته‌خوین و تۆمه‌تداتاشین بۆ یه‌كدی.

 

20/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر