ئێمەو ئەوان، خاڵی ھاوبەش ماوە لە نێوانمان؟

ئەبو کاروان(عەبدولرەحمان فارس)

‏‎گەلی کوردستان لەسەرەتای دابەشبوونیەوە لە بەرخوردان و تێکۆشاندا بووە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. لە پێناو گەیشتن بەو ئامانجانە دونییایەک قوربانی داوە ، چ ئەوانەی لە ڕیزی حزبە سیاسییەکاندا بوونە یا چ ئەوانەی لە دەرەوەی حزبە سیاسییەکاندا خەباتیان کردوە.

حزبی شیوعی لایەنێکی کاریگەروو گرنگی ئەو بزوتنەوەیە بووە کە بۆ داکۆکیکردن لە گەلی کورد ستان و بەدیهێنانی مافی چارەنووس لە مەیداندا بووە .ئەو ئەرکەی بە بەشێکی سەرەکی لە خەبات و بەرنامەی خۆی زانیوە و سەنگ و قورسایی خۆی ھەبووە لەو بوارەدا. شاراوەنیە کە حیزبمان لە شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا، بەشداری کاریگەری بووە، هەر بۆیەش لە پای ئەو بەھێزبوون و پێگە کاریگەرییەی، حزبە کوردستانییەکان ھەوڵیان داوە دۆستایەتی و ھاوپەیمانێتیان لەگەلێدا ھەبێت،زۆر جار ئەم هەوڵانەش بەمەبەستی سوود وەرگرتن بووە لەو پێگەیەی کە حیزبمان هەیبووە ،بەتایبەت لە مەحفەلە جیهانیەکاندا. بەڵام هەر ئەم حیزبانە لە بەرانبەردا بەردەوام لەپشتەوە بە شێوازی جیا جیا ھەوڵیان داوە لاوازی بکەن.

‏‎ حزبی شیوعی ھەر لە سەرەتاوە دەرکی بەو کارە قێزەونانەی ئەو حزبانە کردوە ،بەڵام بە هۆی بەرژەوەندی ھاوبەش کە خۆی لە بەرژەوەندی گەلی کوردستاندا دەبینێتەوە و یەکێک لە میحوەرە سەرەکییەکانی تێکۆشانی حیزبمان بووە ، بۆیە لەگەڵ بوونی چەندین ناکۆکیشدا هەرگیز کاری ھاوبەشی لەگەڵ ئەو لایەنانە ڕەتنەکردۆتەوە و شانبەشانی ئەوان لە ھەموو قۆناغەکانی خەباتی گەلەکەمان کاری کردوە. هاوکات حیزبمان درکی بەوە کردوە کە ساڵ بە ساڵ و قۆناغ به قۆناغ ئەوان لە جەوھەری داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان دوور دەکەونەوە و شتێک لە مەنهەج و بەرنامەو سیاسەت و کاری ڕۆژانەیاندا نەماوە ناوی بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان بێت. دەسەڵات و کورسی و پلەو پۆست بووەتە کاری سەرەکییان و لەو پێناوەدا ڕەش و سپی یان تێکەڵ کردوەو و بێ شەرمانە لەگەڵ سەرسەختترین دوژمنی دەوروبەر بوونەتە دۆست و ھاوپەیمان . بە دەیان نموونەمان لە بەردەستدایە کە مێژوو سەلماندوونی کە ئەو دوژمنانە چۆن دژی دروستبوونی بچوکترین کیانی کوردستانی بوونە ، بۆ نمونە ، لەدوای شۆڕشی چواردەی تەمووز و شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێی گەلە کەمان و تادەگاتە ئەزموونە سەرکەوتووەکەی ڕۆژئاواو ئەو نیمچە سەربەخۆییەی باشور.ئەم سیاسەتە دوژمنکاریە تا ئەمڕۆ بەردەوامی ھەیەو نەگۆڕاوە.

‏‎گەر بەکورتی بەمێژوودا بچینەوە باش دەزانین کە ئەمریکای زلھێز و ئێرانی سەردەمی شا، ، چۆن شۆڕشی ئەیلول یان شکست پێھێنا ،هەر ئەو دەست تێکەڵاو کردنەی ئەو دوو لایەنە ، ھۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ نسکۆی ئەو شۆڕشە و لە ناوبردنی .ئەو نسکۆیە دونییایەک ئێمەی لە سەرانی شۆڕش دوور خستەوە .کە جێگەی ئاماژەیە کاتی خۆی حزبی شیوعی لە مەترسییەکانی ئەو ھە نگاوانە بەر پرسانی شۆڕشی ئاگاداری کرد بووەوە.

‏‎لە شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا ، حزبی شیوعی ھەوڵی بێوچانی دا بۆ دروستکردنی بەرەییەکی نیشتمانی و دژی شەڕی براکوژی وەستایەوە و و لە مەترسییەکانی ھەموو لایەکی ئاگادار کردەوە ، بەڵام پێشنیارو داخوازییەکانی حزبیان بەھەند وەرنەگرت وئەوەندە ئاڵۆزیان کرد تا حزبی شیوعیش بووە بەشێک لەو شەڕە کە دوور لە خواستی خۆی بوو ، ھۆکارەکەیشی دیاروو لەبەر چاو بوو ،لە لایەکەوە واقعەکەو سلوکی حزبە بەشەڕھاتووەکان ئەو ھەنگاوەی فەرز کرد، لە لایەکی ترەوە کاریگەری ھەندێ لایەنی دەرەکی لەسەر بەشێک لە سەرکردەکان ئەو تێوەگلانەی دروستکرد.

‏‎کارێکی تر کە دووری خستینەوە لەو حزبانە ، ھاوکاری کردنیان بوو لەگەڵ پاسداری ئێران و بوونیان بە کەوا سوری بەر لەشکر ،نمونەی لە گردەمەندەوە تا داگیرکردنی ھەڵەبجەو ھێرشی ھاوبەشیان بۆ سەر بیرە نەوتەکانی کەرکوک و کارگەی ڕستن و چنین لە کفری و تەقینەوەی پردی ناساڵح... ھتد.

‏‎ھەموو ئەمانە زیانی مەزنی گەیاندە گەلەکەمان و توشی کارەساتی کردین ، کە تێکڕای ئەم کردەوانە بە پێچەوانەی ھەڵوێستی حزبی شیوعییەوه بوون ، کە حیزبمان چەندین جار لە مەترسییەکانی ئەو کردەوانە ئاگاداری ئەو حزبانەیان کردبوەوە .ئەم هەڵوێستە نا نیشتیمانی و دژ بەبەرژەوەندی گەلەگەمان کە پێچەوانەی سیاسەتی مەبدەئیانەی ئێمەبوون ،حیزبمانی پتر لەو لەو حزبانە دوور خستەوە ، چونکە ئێمە بەتەواوەتی دژی دەستێکەڵکردن لەگەڵ ئێران و ئەو سیاسەتە چەوتانە بووین.
‏‎لە دوای ئەنفال شەقی زەمانە لە مانگی پێنجی ھەشتاو ھەشت بەرەی کوردستانی بۆدروستکردین و ڕیزەکانی حزبەکانی یەکخست و بووە ھەوێنی سەرکەوتنی ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و دروستبونی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم ،کە بەداخەوە یەکێتی و پارتی بە تزویرو ساختەکاری خۆیان سەپاندو پاشانیش ھەرچی کەرەستەی خزمەتگوزاری یە ئاودیوی وڵاتانی دراوسێ یان کرد ،کە ئەمەش دووربوو لە خواست و ئیرادەی گەلی کوردستان و حزبی شیوعییمان، کە دیسان ئەم کارە قێزەوەن و تاڵانکاریەیان گاوخانێک دووری خستینەوە لە یەکتر.

‏‎بەڵێ دوای دامەزراندنی یەکەم کابینەی حکومەت و پەرلەمان بە شێوەی فیفتی فیفتی و دابەشکردنی پلەو پۆست لە سەرەوە بۆ خوارەوە ،هەر بە هەمان شێوە،دونییایەک ناڕەزایەتیمان دەربڕی وبەکردەوەش بە پاڵپشتی نووسەران و ڕۆشنبیران و جەماوەری دڵسۆزی گەلەکەمان دژیان وەستاینەوە .مەخابن ئەنجامی ئەو سیاسەتە وێرانکاریە، قۆناغێکی تری شەڕی براکوژی و دەست تێکەڵکردن بوو لە گەل دەوڵەتانی ئەقلیمی و هێنانی سوپای سەدامی خوێنڕێژ بوو بۆ هەولێر لە لایەن یەکێک لە شەڕخوازەکان دژ بە لایەنەکەی تر.

‏‎ئێمە لە حزبی شیوعی كوردستان ئەڵقەی ناوەندی لە سیاسەتمان ئاشتی و ئاشتبونەوە لە کوردستان و پارێزگاریکردن لەم کیانەی ھەرێم بووە ،و تا ئێستاش لەسەر هەمان هەڵوێست بەردەوامین. کە چی ئەم دەسەڵاتدارانەی ھەرێم بەبەرنامە سوور بوون لە وێرانکردنی ئەم هەرێمە ،کە ئەمەش بە پێچەوانەی دروشم و پرۆژەکانی حزبمان و دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان بوون. ئەم جووت جیزبە قۆرخکارە ، تاکو ئێستا بەردەوامن لە بەحزبیکردنی سەرجەم دام و دەزگاکانی حکومی و غێر حکومی ، ئەمانە تاکو ئێستا دوو ئیدارەو دوو ھێزی پێشمەرگەو دوو ئاسایش و.... ھتدن. کە پێچەوانەی خواست و بەرنامە و دروشمەکانی ئێمەیە ، ئەوان یاسا پێشێل دەکەن و ئەو یاسایانەی پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانیانە جێبەجێی ناکەن ، ئەوان کۆمپانیاو گیرفانی خۆیان بەھێز دەکەن و مووچەی مووچە خۆران خەرج ناکەن ،ئەوان بەردەوامن لە بەتایبەتکردنی کردنی کەرتی گشتی و ھەڕاجکردنی دام و دەزگا خزمەتگوزارییەکان، ئەوان بەردەوامن لە بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان و دژی مافەکانی مرۆڤن، ئەوان بەردەوامن لە برسیکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و کەمکردنەوەی داھاتی تاک و فراوانکردنی بێکاری ، ئەوان لە ژێر ناوی چاکسازی خەڵکی فریوو دەدەن، ئەوان حوکمڕانییەک دەکەن کە لە دونیادا نموونەی نەبووەو نییە .بۆیە دەبینین لە ئێستادا خاڵی ھاوبەش لە نێوانماندا نەماوە،ئیدی گرنگە و زۆریش پێویستە گۆڕانکاری لەکارو سیاسەت و دروشمەکانماندا بکەین ، سەرپەرشتی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی جەماوەر بکەین ، بەڵێ کاتی ئەوە هاتووە داوای پێداچوونەوە بکەین لە هەڵوێست و پەیوەندیەکانماندا بەرامبەر بە حیزبە دەسەڵاتدارەکان .

(٢٠٢٠/٩/١١)


12/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر