بە داوای لێبوردنەوە لە فرانسیس ستۆنەر کە ناونیشانی لێکۆڵینەوەکەی who paid the piper ( کێ پارەی زوڕناژەنەکەی دا ) تەحریف دەکەم بۆ : کێ فوو بە زوڕناکەدا دەکات.
ستۆنەر لەو لێکۆڵینەوەیەدا کەباسی جەنگی ساردی کەلتووری و میدیایی نێوان ئەمەریکا و سۆڤیەت دەکات ، لە ڕێگەی دیکۆمەنتەکانیەوە ڕۆڵی میدیا و روناکبیرەکان لەو جەنگەدا دەخاتەڕوو کە بەشێکی سەرەکی بوون لەدروستکردنی جەنگەکە . هاوشانی سوپا، کە سەربازی قورمیشکراوی بۆ جەنگەکە بەرهەم هێناوە ، میدیاکانیش لە رێگەی قورمیشکردنی عەقڵی مرۆڤەکانەوە سوپایەکی نهێنی بوون لە رێگەی کایەکانی سینەما ، تەلەفزیۆن ، شانۆ ، ڕۆمان ، رۆژنامە ، تەنانەت فەلسەفەشەوە ، لە نیشاندانی دیکۆمەنتەکانی سی ئای ئەیەوە ، دەیان موفەکیری سەردەمی جەنگی سارد بەشداربوون لەقورمیشکردنی کۆعەقڵدا بە قازانجی ئەمەریکا.
قورمیشکردنی عەقڵ
بە شێکی سەرەکی پێکهاتەی عەقڵ قورمیشکردنە .. قورمیشێکی بایلۆجی کە غەریزە و پێویستەکانی جەستە فەرزی دەکات بەسەر تەوقیت و فێربوونەکانی عەقڵدا . قورمێشکی تریان لە ڕێگەی ئیدراکاتەوە عەقڵ خۆی قورمیش دەکات کە بە لێشاوە بینراو و بیستراوە کەلتووری و ئایینی و کۆمەڵایەتیەکانەوە دەڕێژنە نێو عەقڵەوە و ئاراستەی دەکەن . هەستیارترین و ترسناکترین جۆری ئەو تێڕژانەش بۆ ناوعەقڵ ئەو لێشاوانەن کەلە توانایاندایە کاریگەری راستەوخۆ بەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤەوە دابنێن و کۆنترۆڵی بەشێک لە عەقڵی کۆمەڵگەبکەن. بەپێ ی جیاوازیە سیاسی ، ئایینی ، نەتەوەییەکان دەتوانن دیاردەی ڕق لێبوونەوەی مەعریفی Cognitive dissonance لەنێوان بەشەکانی کۆمەڵگەدا بخولقێنن کە لەوێدا بەر لەهەر شتێک حەق بزردەبێت ، لەبەر ئەوەی هەر بەشێکی کۆمەڵگە خۆی بەخاوەنی حەقێک دەزانێت لەدیدی خۆیەوە . زمانی ئەدەبی و ئینسانی پەکی دەکەوێت و زمانە سەرەتایی و ناعەقڵانیەکەی مرۆڤ باڵادەست دەبێت کە پڕە لە نالۆجیک و جنێو و توڕەیی ، تەنانەت سلوکی مرۆڤەکانیش لە سلوکێکی ئارامەوە دەگۆڕێت بۆ سلوکێکی هەڵەشەی قیناوی و لەهەر لەحزەیەکدا ئامادەیە بۆ تەقینەوەبەڕووی ئەوی دیکەدا . هەربۆیە ترسناکترین ساتەوەختی کۆمەڵگە ئەو کاتانەیە کە تەنافوری مەعریفی لە نێوان تاکەکاندا زاڵ دەبێت و هەموو سەرەتاکانی جەنگە نێو خۆییەکانیش لەو قۆناغەوە دەست پێدەکەن .
تەنافوری مەعریفی Cognitive dissonance
هەر مرۆڤێک بەپێ ی رۆشنبیریەکەی خۆی و کۆمەڵگەکەی ، سیستەمێکی مەعریفی تایبەت بەخۆی هەیە ، بەمانای بۆ هەر دیاردە و ڕووداوێک پێشینەیەکی فیکری ئامادەکراوی خۆی هەیە کە بەپێ ی ئەو سیستەمە مەعریفیەی خۆی ، ئایا لە ئایین و فەرهەنگەوەبێت یان لە حیزبەوە ، مەعریفەکەی سەرچاوەی گرتووە و بۆی دەبێتە فیکرەیەکی پێش وەختە و لەوێوە بڕیارەکانی خۆی ئەدات . تێرکردنی ئەو سیستەمە مەعریفیە بەڕق یان بە ڕەفزکردنی هەر شتێک لە دەرەوەی خۆیدابێت نەفرەتی بۆ سیستەمە مەعریفیەکانی ئەوانی تر لادروست دەکات . ناحەقی ناکەین بەو جۆرە مەعریفەیە بڵێن چاڵە کوێرەکانی مەعریفە . چونکە قوڵایی ئەو سیستەمە مەعریفیە بە ئاستی فراوانی و شاقوڵیدانیە کەبتوانێت سوودمەندبێت لە جیاوازی مەعریفەکەی خۆی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا ، بەڵکە قوڵاییەکە وەک چاڵە بیرێکی ئاسۆیی یە ، تەنانەت فراوانی ئاسمانیشی لاتەسک دەکاتەوە تا سەرەبیرێکی لە بەرچاو دەمێنێتەوە ، جۆرێکە لە ئەشکەوتە مەعریفیەکەی ئەفڵاتوون . ئەشکەوت نشینەکان پێیان وایە حەقیقەت تەنیا ئەو حەقیقەت و واقیعەیە ئەوان کائینەکانیان لە ڕێگەی سێبەری رووناکیەکانەوە دەرک کردووە و دەیبینن ، پێیان وایە ئەو سێبەرانە حەقیقەتە و کائینە راستەقینەکە دەکەوێتە دەرەوەی عەقڵیانەوە . ترسناکی نێو ئەو چاڵە مەعریفیە لەوەدایە ، کائینەکانی تر لەدیدی خۆیدا لە سیفەتە ئەسڵیەکانیان دادەماڵێت ، وەک ئەشکەوت نشینەکانی ئەفڵاتوون ئەو بۆ خۆی ، لە دیدی خۆیەوە سیفەتی تری پێدەدات . بۆنمونە لە سیفەتی مرۆڤ بوون دایدەماڵێت و سیفەتی ئاژەڵ دەدات بە بەرانبەرەکەی ، وەک ئەشکەوت نشینەکانی قەزافی مرۆڤەکانی تر دەکەن بە جرجەکان . ئەشکەوت نشینەکانی بەرەی خۆرئاوای ئۆکرائینا بە بەرەی خۆرهەڵات دەڵێن خۆفرۆشەکان . بەرەی ئیسلامی یە توندڕەوەکان ئەوانتر لە ئیمان دادەبڕێت و پێیان دەڵێن کافرەکان . بەرەی ئۆپۆزسیۆن ئەوانی تر لە سیفەتە ئینسانیەکەیان دادەبڕێت و پێیان دەڵێن گەندەڵەکان . بەرەی دەستەڵات ئەوانی تر لە سیفەتەکانی خۆیان دادەماڵێت و پێیان دەڵێن فەوزەویەکان .. ئەمانە دابڕانی یەکدی نین لە ناو و نازناو ، بەڵکە داماڵینە لە سیفەتە راستەقینەکانی خۆیان بە چاک و خراپیانەوە کە مەرج نیە هیچ بەرەیەکیان باشی راستەقینە بن یان خراپی رەها . بەڵکە لە رێگەی داماڵینی یەکترەوە لە سیفەتە ئینسانیەکانیان و بەبەرداکردنی سیفەتی دروست کراوی نا ئینسانی بۆ یەکتر ، ڕەوایی بە سڕینەوەی یەکتر ئەدەن وەک سەرەتایەک بۆ خولقاندنی جەنگ .
میدیا ، ترسناکترین دەستەڵات ...
ترسناکی دەستەڵاتی میدیا هەر لەوەدا نی یە کە هۆکارێکە بۆ گەورەکردن و باڵادەستکردنی جۆرێک لە مەعریفە بەسەر مەعریفەکانی تردا ، بەڵکە میدیا دەستەڵاتێکە لە شەرعیەتی هەڵبژاردنەوە دروست نەبووە ، تەنانەت لە سیستەمە هەرە دیموکراسیەکانی جیهاندا دیارنیە شەرعیەتی دەستەڵاتی چوارەم لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت ؟! . هەرسێ دەستەڵاتەکەی دیکە ( تەنفیزی ، پارلەمانی ، قەزایی ) دیارە کە لەرێگەی هەڵبژاردنی سیاسی خەڵکەوە شەرعیەتی دەستەڵاتیان وەرگرتووە . بەڵام دەستەڵاتی میدیایی وەک دەستەڵاتی چوارەم و کاریگەر ، دەستەڵاتێکی وەهمیە و بە یاسا ماف و سنوورەکانی دیاری کراوە . سەرباری دیاری کردنی یاسایی ماف و سنوورەکانی ، لەبەر ئەوەی راستەخۆ پەیوەندی بە بیستن و بینینی مرۆڤەوە هەیە ، رێگای جۆراوجۆری هەیە بۆ دروست کردن و ئاراستەکردنی مەعریفی مرۆڤەکان . لەبەر ئەوەشە ناتوانرێت پێناسێکی میهەنی میدیایی و میدیاکاری دیاری کراوی بۆ بدۆزینەوە . لەسەرتاسەری دنیادا شتێک نیە بەناوی میدیای سەربەخۆ و بێلایەنەوە، ناکرێت تەرەفێک نەبێت لە لایەنەکان ، ئەگەر بە تەرەفداری مەعریفی بێت نەک تەنیا ماددی . لە ئێستەدا ، سەردەمی باڵادەستی میدیایی ، مەترسی میدیا لە بەشداری جەنگدا زۆر زیاترە لە مەترسی تفەنگەکان . لە کۆتایی جەنگی نێوخۆی ڕواندادا کە نزیکەی ملیۆنێک کوژراوی لێکەوتەوە ، دادگایی تاوانی نێودەوڵەتی لەساڵی ٢٠٠٣ دا ، بەر لە سەرکردە سەربازیەکان دادگایی هەر یەک لە بەڕێوەبەری رادیۆی ARTLM و رۆژنامەی کانگۆرا و رۆژنامەنووسەکانی کرد و بە زیندانی هەتایی سزای دان لەبەر ئەوەی هاندەری جەنگەکە بوون . بۆیە ئۆباڵی خوێنی هەر مرۆڤێک بە تایبەتی لە جەنگی نێوخۆدا لەگەردنی ئەو میدیا و میدیاکارانەدایە کە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ فوو دەکەن بە زووڕنای شەڕەکاندا .
لەکۆتایدا ئێمە یەکەم قوربانین :
داماڵێنی سیفەتە راستەقینەکانی یەکتر و دروستکردنی سیفەت بۆ ئەوانی تر ، شێواندنی دیمەنەکان و خولقاندنی دیمەنێکی تر ، فووکردن بە زوڕنا زیقاوڵەکاندا و دەرهێنانی ئاوازێکی ناخۆشتر ، ئەمانە هەمووی بەسەر عەقڵ و جەستە و چاو و گوێ ی ئێمەدا دەکرێت .
نیشاندانی ئەو مرۆڤانە بە جیاوازی تەلەفزیۆنەکانەوە ، لایەک ڕیزیان دەکات و وەک تۆمەتبار نیشانیان ئەدات ، لایەکی تر ڕیزیان دەکاتەوە و وەک فریشتە نیشانمان ئەداتەوە ، لەدواجاردا لەهەر دوو نمایشەکەدا ئەوانە ئێمەین نمایشمان دەکەن ، خۆمانین لەم ململانێ سیاسیەدا میدیایەک وەک پاڵەوان خۆمان نیشانی خۆمان ئەداتەوە و میدیایەکی تر وەک تاوانبار .. کەسەکان هەر کەسێک بن و سەر بە هەر حیزبێک بن ئێمەین ، هەر خۆمانین و لە دوو دیمەنی جیاوازدا لە دوو میدیای جیاوازدا ، لە دوو حیزب و دوو سیاسەتی جیاوازدا سەیری خۆمان دەکەین . لایەکمان بەوی تریان دەڵێت : تۆ بەهەموو شێوەیەک وێنەکانی من تێک دەشکێنیت ، ڕێگە بەخۆت ئەدەیت دەست بۆ شێواندی من ببەیت ، منیش لێرەوە دەست لە وێنەکانی تۆ ناپارێزم . لاکەی تریامان دەڵێت : ئیتر من وێنەکانی تۆ لە چوارچێوەی میلیشیا دەگرم و وەک دڕندە نیشانت ئەدەم ..
شێواندنی ئەم وێنانەی یەکتر لەهەردوو دیمەنەکەدا وێنەکانی ئێمەن . فووکردنە بە زوڕنا ترسناکەکەی ترازانی کۆمەڵگەدا لەیەکتری . ترازان ( ئینفلات ) ی کۆمەڵگەیەکیش لەهەر لەحزەیەکدا ، ڕوودان و تەشەنەکردنی زۆر خێراتر و ئاسان ترە لە قورسی کۆنترۆڵ کردن و رێکخستنەوەی .