ماگنا کارتا – جڵەوکردنی دەستەڵات

هونەر تۆفیق
لە مێژووی گەلی بەریتانیدا مانگی حوزەیران یادوەریەکی بێ وێنەیە کە کاریگەری ڕووداوەکانی درێژدەبێتەوە بۆ تەواوی گەلانی جیهان . ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی ٢٣ حوزەیران بە بەڵێ بۆ هاتنەدەرەوە لە یەکێتی ئەوروپادا لەو ئیرادەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە ٨٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا ، لە حوزەیرانی ١٢١٥دا پەیمانە مەزنەکە – ماگنا کارتایان لە نێوان گەلی بەریتانی و پادشا جۆن لاکلاندا مۆرکردووە .
ماگناکارتا 
دەستەواژەکانی : هیچ کەس لەسەروی یاساوە نی یە ، هیچ کەسێک بەبێ بڕیاری دادگا سزانادرێت ، دەستەڵات بەپێ ی یاسا ڕێکدەخرێت ، کە ڕۆژانە لەسەرزاری گەلانی جیاوازی دنیادا دەیانبیستین ، ئەو بڕگە و ماددانەن لە ٦٢ خاڵەکەی پەیمانی ماگناکارتادا هاتوون و بوونەتە سەرچاوە و ئیلهامی زۆربەی دەستوورەکانی جیهان. دەستووری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ١٧٨٤ ، بەیاننامەی شۆرشی فەرەنسی ، شۆرشی مەهاتما گاندی لە هیندستان ، لەژێر کاریگەری و ئیلهامی ماگناکارتادا بوون ، بەند و دەستەواژەکانی دەقی ماگناکارتایان کردۆتە دروشمی تێکوشینیان لە پێناو ئازادی و یەکسانی و سەروەری یاسادا . بەهۆی ئەو پەیمانەی نێوان گەل و پادشای بەریتانیاوە کە لەماوەی ٨٠٠ ساڵی ڕابردووەوە ٤٢ جار گۆڕانکاری لە بەندەکانیدا کراوە ، شانشینی بەریتانیا وەک دیموکراتی ترین سیستەمی سیاسی لە جیهاندا ، تەنیا دەوڵەتی دیموکراتیە دەستوورێکی نوسراوی نەبێت و لەبری دەستوور ئەو پەیمانە کرابێتە سەرچاوەی یاسا و دەستەڵاتەکان لەو وڵاتەدا .
کاریگەریەکانی ماگنا کارتا
جگە لەکاریگەریە یاساییەکان و پاراستنی مافی مرۆڤ ، کە پێنج سەدە بەر لە شۆرشی فەرەنسی و کۆمۆنەی پاریس ، لەو پەیمانەوە مافی مرۆڤی ئازادی پێ پارێزراوە ، ماگناکارتا دەستەڵاتی فەرمانڕەوای دیاری کردووە و ڕەهایی بڕیاری سیاسی لە پادشا وەرگرتۆتەوە ، دابەشیکردووە بەسەر بارۆن و هەرێمەکانیاندا . بڕیاری کۆکردنەوەی باج و خەراج و ڕێژەکانی داوەتەوە بە ئاست و توانای هەرێمەکان . جەنگە کەسی و میزاجیەکانی پادشای لەگەڵ میرنشین و مەملەکەتەکانی تردا سنووردارکردووە . ئەو بڕیارانەی خستۆتە ژێردەستەڵاتی ئەنجومەنێکی ٢٥ کەسیەوە لە هەڵبژاردەی بارۆنەکان کە هاوشێوەی پارلەمانەکانی ئەمڕۆیە . پادشای پابەندکردووە بە یاسا و بڕیاری هاوبەشەوە و کەلەپوورێکی سیاسی و دیموکراتی وەهای بۆ بەریتانیەکان دروستکردووە لە سەدەکانی ناوەڕواستدا زۆربەی شانشینەکانی دیکەی ئەوروپا چاو لە هەیکەلی سیاسی و ئیداری شانشینی بەریتانی بکەن .
لە ئاستە مەعریفیەکانیەوە 
جیاوازی مەعریفە لە فیکر لەوەدایە کە فیکر تەنیا لە ئاست و کایەیەکی تایبەت بەخۆی ( سیاسەت ، هونەر ، زانست ) دایە . بەڵام مەعریفە کۆی داهێنان و بەرهەمەکانە بە هاوتەریبی یەکتردا درێژدەبنەوە . ماگناکارتا تەنیا گۆڕانکاریەک نەبوو لە فیکری سیاسی و یاسایی بەریتانیەکاندا ، بەڵکە خولقاندنی کەشێکی لەباربوو بۆ دروست بوونی مەعریفەی بەریتانی و دواتر بەهۆی کاریگەریەکانیەوە بۆ مەعریفەی ئەوروپا و جیهان بەگشتی .
دابەشکردنی دەستەڵاتە ڕەهاکەی پادشا بەسەر هەرێمەکانی بارۆنەکاندا ، جۆرێک لە سەربەخۆیی ئازادی ئابووری و دارایی ( ئۆتۆنۆمی ) بۆ بەریتانیەکان هێنایەدی کە بتوانن پەرەپێدانی کشتوکاڵی و بیناسازی و پیشەسازی لەناو هەرێمەکانی خۆیاندا دەست پێبکەن . گەشەکردن لەهەموو ئاستە ئابووری و فەرهەنگی و ئاینیەکاندا دروست ببێت . لە گرێ ی دورگەیەکی لاوازی دابڕوا لە ئەورپا و بازرگانی جیهانیەوە ببنە دورگەیەکی جیهانی بەهێزی وەها کە ئیمپراتۆریەتێک دروست ببێت لە چینەوە تا ئەمەریکا بە خۆرهەڵاتی ناوەرواست و ئەفەریقیادا گوزەربکات و تێکڕای ڕێگاکانی جیهان ببێتە سنووری بازرگانی ئەو ئیمپراتۆریەتەی خۆری لێ ئاوانەبێت . هەیمەنەی دەریایی و بازرگانی ئیسپانی و هۆڵاندیەکان کۆتایی پێ بهێنن ، خۆیان ببنە گەورە هێزی سەربازی و ئابووری و بازرگانی جیهانی . هاوتەریب بەو هێزە بازرگانی و سەربازیە جیهانیە لە مەعریفەی بەریتانیەکانەوە داهێنانەکانی ماشین – مەکینەی هەڵمی و تیئۆری ئابووری ئادەم سمیس بۆ داڕشتنەوەی عەقڵی ئابووری جیهانی و دامەزراندنی تیئۆری بارزگانی جیهانی و کایەکانی زمان و هونەر و ئەدەبی شکسپیری و سازدانی ئەنجومەنی زانایان و پاراستنی مافی داهێنان و خەڵاتکردنیان ، تیئۆرە فیزیایی و بایلۆجیەکانی نیوتن و دارۆین و هتد ، هەموویان پێکەوە و پاراڵێڵ بەیەکتر کۆی مەعریفەی بەریتانیان پێکهێنا کە لە دووتوێ ی لاپەڕەکانی ماگناکارتاوە سەریان هەڵدا .
فەشەلی ماگناکارتای کورد
ناکۆکی یە تاڵ و ماڵوێرانکارە سیاسی و حیزبیەکەی باشووری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ فەشەلی هەوڵەکانی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٦٤ دا تا دەستەڵاتەکانی سەرۆکی حیزب دەستنیشان بکەن . سەرۆکی حیزب مەلا مەستەفای بارزان بە پێشنیارەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی قایل نابێت و ئەو رەخنە بەناوبانگەیان لێدەگرێت : ئێوە دەتانەوێت من وەک پادشای بەریتانیەکان سەرۆکێکی بێ دەستەڵات و ڕەمزی بم ! 
لەپاش ٥١ ساڵ لەو گرفتە سیاسی یەی باشووری کوردستان جارێکی تر پرسی دەستەڵاتی سەرۆک ، ئەمجارەیان لەگەڵ کوڕەکەی سەرۆک ، بەڵام وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان تازە دەبێتەوە و قەیرانی دەستەڵاتی سەرۆک و کۆتایی ماوەی یاسایی ویلایەتەکەی لە ٢٠١٥ دا لێدەکەوێتەوە . 
بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە سیاسیەی هەرێمی کوردستان و پڕکردنەوەی بۆشاییە دەستووری و یاساییەکان و خوڵقاندنی کەشێکی مەعریفی وەها هەموو کایەکانی ژیانی گەل و کۆمەڵگەی کوردی هاوتەریب بەیەکتر پەرەی پێ بدرێتەوە ، بەرەوچارەسەری و گەشەکردن هەنگاوبنرێت . دەشێت بیرلە ماگناکارتایەکی کوردیانە بکرێتەوە . لەهەمان کاتدا وەک بەریتانیەکان ئەگەر لایەنێک یان پادشا پابەندی پەیمانی ماگناکارتاکە نەبێت ، ئەنجومەنی بارۆنەکان ( حیزب و لایەنکان ) پێکەوە بڕیاری لەکار و دەستەڵات خستنی پادشاکە بدەن .

25/06/2016



وتارەکانی تری نوسەر