لە کایەی سیاسی دوو ساڵی ڕابردووی کوردستاندا تەنیا دوو پرس ئامادەیی بەهێزی هەیە، ئەویش پرسی قەیرانی دارایی و پرسی شەڕی تیرۆرە . سەرجەم پرسە سیاسیەکانی تری کۆمەڵگە ، غائیبن و لە بەستەڵەکێکی تەواو فەرامۆشکراودان .
لەناو ئەو فەرامۆشیانەدا کەسایەتیە سیاسیە کاریگەر و کارێزماکانی کوردین کە کاریگەریە ڕاستەوخۆکانیان بەرجەستە نیە و دەرکەوتنیان لە گۆڕەپانی باوی ئێستای کوردستاندا بەتین نیە ، لە سەرووی هەموویانەوە نەوشیروان مستەفایە . لە مەداری بازنەیەکدا ئابڵۆقە دراوە بە واتاکانی پاشەکشەکردن ، کۆتایهاتن، بێ ڕۆڵ ، ناکاریگەر . بۆ سەرکردەکی خولقێنەر لەمێژووی نوێ ی سیاسی کوردیدا هەر یەک لەو دەستەواژانە جۆرێکن لە کوشتن . بەڵام ئایا نەوشیروان مستەفا لەم فەزای فەرامۆشیەدا دەتوانرێت فرسەتی لێبهێنرێت و دەتوانرێت بکوژێنرێتەوە و بکوژرێت ؟
جیابوونەوەی ئەو پیاوە لە حیزبێک خۆی یەکێک بووە لە دامەزرێنەرە سەرەکیەکانی و دامەزراندنی حیزبێکی تر - بزووتنەوەی گۆڕان جیابوونەوە بوو لە هەردوو پرسە ئامادە و بەڕەواجەکەی ئەمڕۆ کە پرسی ئابووری و هێزی سەربازیە . ئەو ویستی مۆدێلێکی نوێ لە حیزبی کوردی دابهێنێت کە پارە و چەکی نەبێت . ئەو پێچەوانەی بارزانی کە سیاسەتی پارتەکەی لەسەر هێزی ئابووری و هێزی سەربازی بەڕێوەدەبات ، لە زۆربەی بۆنەکاندا بارزانی تەئکیدی دەکاتەوە نایەوێت لەچەک جیابێتەوە و خۆی بە پێشمەرگەیەکی ئاسایی بێ موچە پێناس دەکات، دەڵێت پێشمەرگەبوونم بەلاوە خۆشترە لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم . سیاسەتێک پیادە دەکات کە لە شەڕدایە و دەیەوێت سەربەخۆیی ئابووری دەستەبەر بکات . بەڵام نەوشیروان مستەفا شانازییەکانی پێشمەرگەبوونی سی ساڵەی خۆی بوو داخست و جیابوونەوەی خۆی لە چەک و پێشمەرگەبوونی لەگەڵ بزوتنەوەکەیدا ڕاگەیاند. ویستی پرسی ئابووری بکاتە پرسێکی دەستوریی و پارلەمانی . حیزبەکەشی لەسەر ئەوە دامەزراند. پەیوەندی خەڵک و داهات و سامان ، دابەشکردنی بودجە بەپێ ی دیدە سیاسیە نوێکەی لە کوردستاندا فۆرمەلە بکاتەوە .
قەیرانی دارایی و قەیرانی چەک ( شەڕی داعش ) پاشەکشەی بە پرۆژەکانی چاکسازی و فۆرمەلەکردنەوەکانی کوردستان کرد ، سیاسەتە نوێکەی نەوشیروان مستەفای خستە پەراوێزەوە . لە نێوان گردی زەرگەتە و لەندەندا بە هەردوو ڕێککەوتنی دەباشانی یەک و دووشەوە نەیتوانی لەبازنە فەرامۆشیەکان دەربازی بێت ، تا ئێستا نەیویستووە بێتەوە نێو سیاسەتە بەڕەواجەکەی ئێستا و ئامادەیی خۆی بسەلمێنێت خۆی لەگەڵ چەک و داراییدا ئاشت بکاتەوە . لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی ببەستێت . بۆیە ئەو گومان و پرسیارانەی کە بە مەبەستەوە دەورووژێنرێت ، نەوشیروان مستەفا لە پەڕاوێزدا نیشان ئەدەن لەگەڵ مۆمی لۆگۆی بزوتنەوەکەیدا بە کوژاوە وێنا دەکرێت کە دەکاتە کوشتنی مێژوویی ئەو کارەکتەرە کاریگەرەی سیاسەتی کوردی .
لێرەدا مەبەستمان لە بەرگریکردن لە مرۆڤێک نیە فیزیکی ئەویش کەسی نەوشیروان مستەفابێت . بەڵکە بەرگریە لە فیکرە و دیاردەیەکی سیاسی ناڕازی بە واقیع و پێکهاتەی فەرمانڕەوایی لە هەرێمی کوردستاندا . باسی پیاوێکی ٧٢ ساڵە ناکەین لە گردی زەرگەتەبێت یان لە لەندەن ، بەڵکە باسی پرۆژەیەک دەکەین ناوی نەوشیروان مستەفایە بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵاتدا .
عەبدوڵا ئۆجەلان ١٨ ساڵە لە ئیمراڵی زیندانە و بەتەواوی دابڕاوە لە پارت و جەماوەرەکەی ، بەڵام چونکە ئۆجەلان پرۆژەیەکە بۆ بەرگری لەناو کوردانی باکووردا ، پارتی کرێکارانی کوردستان لە دابڕانی ئۆجەلانیشدا هێشتاکە گەشەکردووترە و نەشونمای پێگە و کاریگەریەکانی زیاتر دەکات .
ماهاتما غاندی لەگەرمەی قەیران و شەڕی نێوان پارتی کۆنگرەی نیشتمانی هیندی سەر بە زۆرینەی هندۆسەکان بە سەرکردایەتی جەواهیرلال نەهرۆ و پارتی کۆمەڵەی ئیسلامی بە سەرکردایەتی محەمەد عەلی جیناح لە ساڵی ١٩٤٧ دا لەماڵێکدا دەرگای لەسەرخۆی داخست و ماوەی حەوت مانگ مانی لەخواردن گرت تا ڕۆژی کوشتنەکەی . بەڵام ڕێبازی ساتیاگراها و مۆدێلی خەباتی بێ توندوتیژیەکەی ئیلهام بەخشی دەیان بزوتنەوەی ئازادیخوازی جیهانی بوو. لە باشووری ئەفریقیا نیلسۆن ماندێلا و لە ئەمەریکا مارتن لۆسەر کینگ خۆیان بە تەلەبەی غاندی دەزانی . بەڵام غاندیە فیزیکی و ماددیەکە خۆی لەکاتی قەیرانەکاندا دەرگاکەی لەخۆی دادەخست و غاندیە پرۆژە و فیکرەکە پێشەنگی خەباتە مەدەنیەکانی دەکرد .
لە سەرەتای جەنگی جیهانی دووەمدا بەریتانیا بڕیاری جەنگی دژ بە ئەڵمانیای دا . وینستۆن چەرچڵ کرایە سەرۆک وەزیران و سەرکردەی جەنگی دژ بە ئەڵمانیا . ماوەی چوار ساڵ چەرچڵ لە ژێر زەمینەکەیدا مایەوە . لەندەن لەسەرەوە بەهۆی بۆردمانە کوێرانەکانی ئەڵمانیاوە دەسوتا و لەندەنیەکان بێ لانە و ئاوارە دەبوون . چەرچڵی ماددی و فیزیکی لە ژووری نەخشەکانیدا لەخوارەوە بۆ ساتێکیش سەردانی بەرەکانی پێشەوەی جەنگی نەکرد. بەڵام ڕۆحی بەرگریە سەرسەختەکەی ئامادەیی ناو زۆربەی بەریتانیەکان بوو . بەریتانیەکان دەستەواژەکانی چەرچڵیان بەخۆیان دەگوتەوە ( ئێمە بەزەیمان نیشان دەدەین ، بەڵام هەرگیز داوای بەزەیی لەکەس ناکەین ) ( هەرکاتێک زانیت دوژمنت هەیە ؟ کەواتە دڵنیابە کە شتێکت هەیە دەبێت بەرگری لێ بکەیت )
نیلسۆن ماندێلا دابڕاو لە حیزب و جەماوەرەکەی ٢٤ ساڵی بەسەریەکەوە لەزینداندا بردە سەر . بەڵام پرۆژە و فیکرەی ماندێلا لە باشووری ئەفریقیا کۆتایی بە ستەمی رەگەزپەرستی هێنا .
بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان وەک حیزب و جەماوەر ، ئەگەر خۆیان نەبنە بکوژی نەوشیروان مستەفا وەک دیاردە و فیکرەیەکی سیاسی ، کوشتن و کوژانەوەی نەوشیروان مستەفا ڕوونادات . نەوشیروانی مرۆڤ، ئەگەر تەمەنی نوحیشی هەبێت، هێشتاکە کۆتاییە فیزیکیەکەی وەک هەر کائینێکی تری ئاساییە . بەڵام کۆتایی و کوشتنی فیکرەی نەوشیروان مستەفا لەناو خەڵک و لایەنگرەکانیدایە ، ئەوان بەر پرسیارن لە ژیان و نەمانی مێژوویی ئەو دیاردە سیاسیەی ناوی نەوشیروانە . ئایا حیزبەکەی کە بزوتنەوەی گۆڕانە دەتوانێت وەک نمونەی ئەو ئەزموومانەی باسمانکرد تیئۆرەی فیکرەی نەوشیروان مستەفا بکات و لەو کوشتنە دەربازی بکات ؟ یان دەبنە بکەری بەرپرسیاری یەکەمی ئەو تاوانی کوشتنە ؟