بەپێ ی پێوەرەکانی عەقڵ هیچکام لەم قسانەی خوارەوە ماقوڵ نین :
فیلێک بەدەم فڕینەوە گۆرانی دەڵێت .
پیاوێک لەگەڵ خواردنەوەی پەرداخێک شەربەتی ئەستێرەدا فو لەخۆردەکات..
مێرولەیەک بەدەم پژمەوە غەواسەیەکی ئەتۆمی لەژێر دەریاکەدا دەتەقێنێتەوە ..
ژنێک بەسەر پەڵە هەورێکەوە خەوی لێکەوتووە و دەڕوات بۆ دورگەی واق واق لەچین..
مرۆڤ لەم سەردەمەدا بەکردەو بژاردەی خودی خۆی ، داکەوتی ناماقوڵ دروست دەکات و هەوڵی هێنانەدی دەدات . قبوڵکردنی ناماقوڵی لەلایەن عەقڵەوە تا ئاستێکی ترسناک لەتەواوی جیهاندا لەپەرەسەندن و گەشەکردندایە . گەمەکانی سیاسەت ، فێڵ و تەڵەکە ئابووریەکان ، داهێنانە کتوپڕەکانی تەکنەلۆژیا ، زەمینەیەکی لەباریان بۆ ئەو دۆخە عەبەسیانەی عەقڵ ڕەخساندووە کە بەئاسانی ناماقوڵی قبوڵ بکات ..
ئەو پەڕی ناماقوڵیەتە لە سەدەی بیستویەکەمدا مەلایەک ڕاچێتەی میزی حوشتر بۆ نەخۆش بنوسێت ، کە ئەمە عەبەسکردنە بە بنەما پزیشکیەکانی تەندروستی . هیچی کەمتر نیە لەو عەبەسەی هێزێکی چەکداری وەکو داعش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا عەبەسە فیکری و ناماقوڵیەکانی خۆی ئەنجام دەدات . لەبەرانبەردا ناماقوڵیەکانی داعشیشدا وەک پەرچەکردارێک ، ناماقوڵیەتی خۆرئاوا ملی عەقڵی خۆی دەنێت بەو عەبەسەوە کە بە خواست و ئیرادەی خۆی ، دەنگی سیاسی دەدات بە دۆناڵد ترامپ . لەدەرەوەی هەموو بنەما ئابووری و سیاسیەکانی دیموکراسیەت و عەقڵانیەتدا ، شێتۆکەیەکی هەڵەشە بە سەرۆکی گەورەترین دەوڵەتی دنیا و خۆیان پەسەند و قبوڵ دەکەن .
ئەم قۆناغە عەبەسی و ناماقوڵەی کۆعەقڵی مرۆڤایەتی بە ئاسانی تێپەڕنابێت . یەکێک دەبێت لە قۆناغە سەخت و پڕ لەکارەساتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی . هاوشێوەی قۆناغەکانی سەرەتا و ناوەڕاستی سەدەی بیستەمە. لەو دوو قۆناغەدا کرانەوە و بازدانە ئابووری و تەکنەلۆژیەکان ، گیڤبوونەوەی هەستە نەتەوەییە دژبەیەکەکان ، عەبەسە ناماقوڵیەکانی شەیدا بە زەعیم و سەرکردە و ڕابەرە شەعبی و وتاربێژەکان ( مۆسۆلۆنی ، هیتلەر ، ستالین ، چەرچڵ ، دیگۆل) لێکچووی ( ترامپ ، پوتین ، ئەردۆغان .. هتد ) بەجیاوازی ساڵ و ڕۆژ ، هەمان زەمینە و سەردەمی ناماقوڵیەتە لەم سەردەمدا دووبارە دەبێتەوە .
چێژ وەرگرتن و شانازیکردن بە کوشتنەوە ، گاڵتەکردن بە عەقڵ و تیئۆرە فیکریەکان ، گۆڕانکاری لەنەخشەی سیاسی و ئاڵوگۆڕکێ لە بەڵانسی هێز و جەمسەرکانیەوە ، تەسککردنەوەی بازاڕ و ئابڵۆقەدانی ئابووری نێوان دەوڵەتان ، دەرکەوتن و پیرۆزکردنی سەرۆک و ڕابەری هەزەلی و نەخوێندەوار ، سڕبوونی بازاڕ و کەمبوونەوەی داخوازی و بەرهەمهێنان .. هتد . ئاماژە سەرەتاییەکانی ئەنجامی ئەو ناماقوڵیەتەن کە عەقڵ و عەبەس لەیەک کاتدا پێکەوە دەتوانن هەڵبکەن و ناماقوڵی بکەنە داکەوتێک لای مرۆڤ پەسەند و رەوابێت .
لەنێوان عەقڵ و ماقوڵدا ، لۆژیک و یاسا هەیە . لۆجیک وەکو پێوەرە راستەقینە گەردوونیەکەی هێنانەدی ئاشتی وخۆشی و ئاسایش . یاساش وەکو کردەی هێنانەدی ماف و حەق . ئەگەر عەبەس جێگەی لۆژیک و یاسا بگرێتەوە حەق و ئاشتی پاشەکشە دەکەن و لەناو واقیعی حاڵدا جێگەیان نابێتەوە . وەک دەزانین کە سیفەتی عەقڵ ئەوەیە پرسیار دەکات : چۆن ، کەی ، بۆچی ، لەکوێ ... هتد . ماقوڵبوونیش گەڕانە بەشوێن پرسیارەکانی عەقڵدا ، هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی وەڵامەکان . بەڵام لە بێ عەقڵیدا ، مرۆڤ بێ گەڕان و بێ پرسیار ، داکەوتی حاڵ قبوڵ دەکات . ملکەچی ئەو وەڵامە ئامادەکراوانەیە کە خۆی بەشداری لە گەڕان و دۆزینەوەیاندا ناکات . لەوێوە ناماقوڵی دروست دەبێت . داکەوتیش دەبێتە ئەو دۆخە عەبەسیانەی هەموو شتێک لەپوچیەوە بەرەو پوچی و بێ مانایی و هیچیەتی دەبات ..
.