حەوزی ستراتیژی پەکەکە

هونەر تۆفیق
زۆر پرسی سیاسی و سەربازی هەیە ، نە بە هێز و جەبەروت ، نەبە مناوەرە و پێچولۆچی دیبلۆماسی یەکلادەکرێتەوە . بەڵکە جیوگرافیا حەسمی پرسە سەربازی یان سیاسیەکە دەکات . جیوگرافیا دەبێتە بەرگریکارێکی سەختی جەنگ و هێرشەکان . زۆربەی بردنەوە سەربازیەکانی ڕوس لە جەنگی تەتار و ناپلیۆن و نازییەکانیشدا دەگەڕێتەوە بۆ ڕووبەری جیوگرافیا فراوانە کەی ڕوسیا کە سروشت بەشێکە لە نەخشەی بەرگری ئەو وڵاتە .
لە سیاسەتی هەر گەل و وڵاتێکدا ، ئەگەر لەبایەخی جیوگرافیا و چۆنیەتی بەکارهێنانی تێنەگات ، ئەو سیاسەتە شکستخواردووە و فڕی بەسەر چەمکی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەییەوە نیە .
لەپرسە سیاسی و نیشتمانیەکانی کورددا سادە و ساکار ، ڕێکەوت لەگەڵ سەردانی سەرۆک وەزیرانی تورکیادا بۆ هەرێمی کوردستان و پێداگری بنئەلی یەڵدرم لە بەغدا و لەهەولێر ، بۆ کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لە سنجار ، تێگەیشتنێکمان لادروست دەبێت کە ناخود ئاگا ئەو تێگەیشتنە وەڵامێکە بۆ ئەو پرسیارەی لەخۆمانی دەکەین : باشە بۆچی لەکاتێکدا داعش سنجاری داگیرکرد و هەزاران مرۆڤی ئێزیدی قەتڵوعام کرد ، تورکیا سەغڵەت نەبوو ؟ بۆچی وەها بەجدی هەوڵی بۆ کشانەوەی هێزەکانی داعش نەدا لە سنجار ؟ کەچی بەبوونی هێزەکانی پەکەکە یان دۆست و موالی بە پەکەکە سەغڵەتە ؟ هەموومان وەڵامەکەی دەزانین ! بەڵام پێویستمان بە شەرحکردن و دەربرینی تێگەیشتنەکەمانە .
ستراتیژی سیاسی نەتەوەیی و ئاسایشی نیشتمانی دوو شتن پێکەوە بەستراو لە لاشعوری هەر تاکێکی نەتەوەدا هەن . پێویستیان بە کەسانی تیئۆریست و ئەکادیمست نیە بۆیان دروست بکات یان دەرسیان بدات بەوەی ئەمە ئەمنی قەومیە و ئەوەیان ستراتیژی سیاسی مانەوەی گەلە . چونکە ئەمنی قەومی زۆر سادە ، لە هەست و نەستی هەر هاوڵاتیەکدا هەیە . لەکاتی مەترسیدا زەنگە ترسناکەکە لێدەدات .. لەوکاتەندا ئەرکی حکومەت و دەزگا ئەمنی و سەربازیەکان ئەوەیە ئەو مەترسیانەی خەڵک دڵنیابکاتەوە . ئەرکی پارێزگاری و پاراستنی ژیان و مانی خەڵک لە ئەستۆ بگرێت . 
ئێمە پێمان وایە لە سۆز و عاتیفەی مانەوەی کوردبونمانەوەیە ، ئەگەر پەکەکەشمان خۆشنەوێت حەزناکەین زیانی پێبکەوێت !! بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە عاتیفە نیە ، بەڵکە ئەو زەنگی مەترسی و ئالەرمەیە لە ناخودئاگاماندا پێمان دەڵێت ، لەبەین چوون و فەوت بوونی ئەو هێزە کوردیە مانای نزیکبوونەوەی خۆمان لە شکست . کیان و قەوارەی ژیانمان دەکەوێتە بەر هەڕەشەی راستەوخۆی نەیارانمان .
جیوگرافیا بەقەد ئەوەی زەمین و نیشتمان و سروشت و مەڵبەندی ژیانمانە ، دوو هێندە ڕەهەندێکە پێوەری بەها و قەوارە و دڵنیایی و هەستکردنمانە بەشوێن . تا شوێنت نەبێت پرسی خۆت و کات و ناسینت لادروست نابێت . بۆیە هێندەی هەستکردنمان بە ئەمنە قەومیەکەمان ، هەستمان بۆ جیوگرافیا بەهێزدەبێت .
پەکەکە ئەو هەستە نادیار و شاراوەی کوردی لەباوەش گرتووە . قەندیل لە ستراتیژی پەکەکەدا مجەرەد چیایەکی سەختی کوردستان نیە ، بەڵکە باوەشێکی جیوگرافیە کردوێتی بە هەستی شاراوەی ئێمەدا . بۆئەوەی ئەو باوەشە ستراتیژیە گەورەتر و ئەمینتربێت ، لەبەرانبەردا چیای سنجاری هەڵبژاردووە تا هەموو ئەمنی قەومی و سنووری باشووری تورکیا بە درێژایی ٩٠٠ کیلۆمەتر ، لە قەندیلەوە تێپەڕدەبێت بە سنجاردا ، لەوێوە دەگاتەوە بە حەلەب و ئەدلب . ئەو سنوورەی لەهەرسێ دەوڵەتی هاوسێ ی تورکیا ( ئێران ، عێراق ، سوریا ) سەندۆتەوە بەخۆی و خواست و جەماوەر و هێزەکەیەوە بەدرێژایی هەموو باشووری تورکیا دەستی لەسەر پەلەپیتکەی هەر ئەگەرێکە لە تورکیاوە ڕووبدات .
ئەمەش ترسە مەزنەکەی تورکیا و سەغڵەت بوونەکەیەتی . هەوڵی گەورە ئەدات بۆ شێواندن و تێکدانی حەوزی ستراتیژی پەکەکە بەهاوکاری داعش و هەندێ لە هێزە کوردیەکان .


08/01/2017



وتارەکانی تری نوسەر