ڕیفراندۆم لەپێناو چەسپاندنی دیکتاتۆردا

هونەر تۆفیق
تا ساڵی ٢٠٠٥ و پەسەندکردنی ڕەشنووسی دەستووری هەمیشەیی عێراق لەلایەن کوردی عێراق خۆیەوە، هیچ بەڵگە و پەیمانێکی نووسراو و فەرمی لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە  لەنێوان کورد و عێراقدا نەبووە و نیە کە کورد و عێراق بەیەکەوە ببەستێتەوە .
سەرکردایەتی کورد لە مەجلیسی حوکم و لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراقدا زیاتر لەهەر پێکهاتەیەکی دیکەی عێراق پێداگر و پشتیوانی دەستووری عێراقی بوون تا ئەو ئاستەی بەشێک بوون لە پرۆسەی تەزویرکردنی دەنگە ناڕازیەکانی عەرەبە سوننەکانی موسڵ کەوەک شارێکی یەکلاکەرەوە بە نەخێر دەنگیان بە ڕەشنووسی دەستوورەکە دەدا .
مەسعود بارزانی کە ئەوکات پێشەنگی هاندانی کوردبوو بۆ دەنگدان بە بەڵێ بۆ دەستووری عێراق و بەستنەوەی کورد بە عێراقەوە دەیگوت :
((ئەوەی لە پێناویدا تێدەکۆشاین بەدەستمان هێنا کە عێراقێکی فیدراڵی دیموکراتی پارلەمانیە .... حەقی خۆمانە پێمان وابێت خوێنی شەهیدەکانمان بە فیڕۆنەچووە ))
ڕۆژنامەی حەیات 9 مارس 2004 ژمارە   9233

سەرباری ئەو هەموو کەلەبەر و کورتهێنانەی لە دەستووری عێراقدا هەبوون سەبارەت بە جیوگرافیای کورد ، نەوتی کورد ، پێشمەرگەی کورد ، بودجە و داهاتی کورد کە لە ماددەی سەدوچلدا بە هەڵپەسراوی مابوونەوە ، ئەو سەرکردانەی کورد کە خۆیان ئێمەیان بەعێراقەوە بەستەوە ، بەنیازن ئەمجارەش لە ڕیفراندۆمێکی بێ یاسا و هەڵەشەدا هەمان هەڵەی ڕیفراندۆمی دەستووری عێراقمان بەسەردا دووبارە بکەنەوە . ئەوکات پاساوی هەبوونی کەلەبەرەکانی دەستووری عێراقیان بەوە دەداینەوە کە گرنگ ئەوەیە زمانی کوردی بەزمانی دووەمی فەرمی عێراق ناسێنراوە و بەکوردی لەسەر دراو و پاسپۆرتی عێراقی دەنوسرێت ، ئەمەیان بە دەستکەوتێکی مەزن و گەورە دەزانی لەئاست خوێنی ئەو هەزاران شەهیدەدا بوو کە بوونە قوربانی جەنگی نێوان ئەوان و بەغدا .
پرسی ڕیفراندۆمەکەی داهاتووش هەر هەمان ئەو کەلەبەرە دیار و گەورانەن کە لە دەستووری عێراقدا خۆیان لێ غافڵکرد ، لە ڕیفراندۆمێکی ئاوا چارەنووسسازدا خۆیان لە بابەتە هەستیار و ڕاستەقینەکانی ڕیفراندنۆم غافڵ دەکەنەوە کە گوایە ئەم ڕاپرسیە سەرتاسەریە ، لەپێناو سەربەخۆییدایە ، هەر خۆشیان دەڵێن نەخێر ئامانجمان لە ڕاپرسی سەربەخۆیی نیە ..
هوشیار زێباری سەرپەرشتیاری ڕیفراندۆمی هەرێم ئەمڕۆ هەینی
لێدوانی بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتێرز داوە و دەڵێت : ڕیفراندۆم  09.06.2017
بۆ جیابوونەوە نیە لە عێراق و مانای ئەوەش ناکات ئێمە بمانەوێت کەرکوک و ناوچەکانی تر بخەینەوە سەر هەرێمی کوردستان ..
((قال هوشیار زیباری وهو حلیف قوی لرئیس حكومە إقلیم كردستان العراق مسعود البرزانی یوم الجمعە إن التصویت المتوقع بنعم فی الاستفتا‌و علی استقلال اڵاكراد سیعزز موقف إقلیم كردستان العراق فی المفاوچات مع بغداد لكنه لن یۆدی إلی انفصال عن العراق بشكل تلقائی ...و قال زیباری إن التصویت علی الاستقلال لن یعنی أن یچم اڵاكراد منگقە كركوك الغنیە بالنفگ أو پلاپ مناگق أخری متنازع علیها فی أراچ یسیگر علیها اڵاكراد.

وقال زیباری ستسمعون الناس یقولون إننا مع وحدە العراق وسلامە أراچیه وإننا نرید الحوار بین بغداد وأربیل. نفهم كل ژلك ))
لە کاتێکدا ئەمە نیەت و ئامانجی ڕیفراندۆم بێت لە هەرێمی کوردستاندا ، دروستکردنی ئەو دووبەرەکی و دڵەڕاوکەیەی بۆچی یە لەناو خەڵک و کۆمەڵگەدا ؟!
لەکاتێکدا خەڵکی ئاسایی ئەم وڵاتە ، گیرۆدەکراوی دەیان قەیرانی گەورە گەورەی دارایی و سیاسی و کۆمەڵایەتیە بەهۆی هەڵە و نەزانی حکومەتە بیست و شەش ساڵەکەی ئەوانەوە ، بۆچی لەهەڵەیەکی دیکەی چارەنوسسازمان دەگلێنن کە باجەکەی دەیان ساڵی دیکەی گیرۆدەبوونی قەیرانەکانی ئێوەی دەوێت ؟!
لە کاتێکدا لە ڕیفراندۆم پێویست تر بۆ خەڵکی هەرێم بوونی دەستوورێکی هەمیشەیی کوردستانە و داتانخستووە ، لە ڕیفراندۆم پێویست تر بۆ کۆمەڵگە هەبوونی پارلەمانێکی چالاک و سەروەرە و داتانخستووە ، لە ڕیفراندۆم پێویست تر دەستا و دەست کردنی دەستەڵاتە و حەرامتان کردووە ، لە ڕیفراندۆم پێویست تر هەبوونی موچە و رەخساندنی هەلی کار و دابینکردنی کارەبا و ئاو و خزمەتکردنە بەخەڵک و ڕاتانگرتووە ، لە ڕیفراندۆم پێویست تر پشتیوانی خوشک و براکانمانە لە رۆژئاوای کوردستان و نزیکەی ساڵیکە سنوورتان لێ داخستوون و خەندەقتان بە دەوریاندا هەڵکەندووە . لە ڕیفراندۆم زۆر گەورەتر گەڕاندنەوەی کەرامەت و ئیرادەیە بۆ تاکی کورد ، هیوابڕتان کردوون و تروسکەیەک ڕۆشنایی ئومێدتان نەهێشتووە ..
خەڵک چی بکات لە ڕیفراندۆمێک چوارچێوەیەکی یاسایی و پارلەمانی نەبێت .. ڕیفراندۆم لەپێناوی چیدا ئامانج و پاش ئەنجامەکەی هیچی لێ ڕوون نەبێت . ڕیفراندۆمێک تەنیا بۆ ئەوەبێت  بکرێتە وەرەقەیەکی سیاسی و حیزبی ، مفاوەزاتی پێوەبکرێت ، تەنیا ئەو ڕیفراندۆمەیە کە دیکتاتۆرێکی ڕاستەقینەی لەم وڵاتەدا پێ دروست دەکەین و بە دەنگی خەڵک هەموو دامودەزگا مەدەنی و حکومیەکانی ئەم هەرێمەی بێ قەید و شەرت پێ دەخەینە ژێر ڕکێفیەوە و ئەمجارەیان درێژکردنەوەی ماوەی ویلایەتەکەیی و شەرعیەتی سەرۆکایەتی لە دەنگی بەڵێ ی ڕیفراندۆمەوە وەردەگرێت و دەیکاتەوە بە تەنیا سەرچاوەی بەڵێ بۆ سەرۆکی هەمیشەیی لە هەرێمدا ..


10/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر