کوژانەوە لە گیرفانەکانی بارزانیدا.. حەفیدزادەو تاڵەبانی زادە بەنمونە

هونەر تۆفیق
تەکییە و خانەقاکانی تەسەوف ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە مێژووی بزوتنەوە سیاسیەکانی گەلی کورددا . زۆربەی سەرهەڵدان و ڕاپەڕینەکانی کوردستانیش لە تەکیەوە دەستیان پێکردووە ، ڕاپەڕینەکانیش  لەلایەن بنەماڵە خاوەن تەریقەت و خانەقاکانەوە سەرکردایەتی کراوە . شۆرشی کورد و تەکیە دووانەیەکی سیاسی - مێژوویی دانەبڕاون لەیەکتر ، پێکهاتەی دابەشبوونە سیاسیەکانی کۆمەڵگەی کوردیشیان دروستکردووە . 
سێ تەکیەی سیاسی و دیاری کوردستانی باشوور : حەفیدی ، بارزانی ، تاڵەبانی ، لەدوو وێنەی حیزبی کاریگەر لە کوردستاندا دەرکەوتوون : پارتی دیموکراتی کوردستان  و یەکێتی نیشتمانی کوردستان . 
لە دروستبوونی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەردوو تەکیەی تاڵەبانی و حەفیدی ، ڕۆڵی دامەزرێنەر و کاریگەریان گێڕاوە . دواتر حەفیدی ( نەوەکانی شێخ مەحمودی حەفید) لەناو بزوتنەوە و تەکیە سیاسیەکەی بارزانیدا دەتوێنەوە و تەکیەی تاڵەبانیش جیادەبێتەوە ، یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک رکابەرێکی بەهێزی بارزانی دادەمەزرێنێت .
لەسەرەتای سەدەی ڕابردوودا سنووری فەرمان و قەڵەمڕەوی شێخ مەحمودی حەفید ( مەلیک مەحمود) لە دووزەوە تا خانەقی ، لەسلێمانیەوە تا کەرکوک فراوان دەبێت . کوژانەوەی سیاسیانەی ئەو قەڵەمڕەوی و فەرمانڕەواییەی حەفیدزادە و نەمانی سەڵتەنەت و نفوزی سیاسیان لەپاش ئەو هاوپەیمانیەوە دەستی پێکرد کە کوڕانی شێخ مەحمود ( شێخ لەتیف و شێخ باباعەلی ) چوونە ناو بەرە سیاسیەکەی تەکیەی بارزانیەوە ، لەژێر سایەی سیاسی مەلامستەفای بارزاندا گیرسانەوە . لەوێوە کۆتایی ڕۆڵی سیاسی ماڵی شێخ مەحمود دەستی پێکرد کوژانەوە و سنووری نفوزە سیاسیەکەیان بۆ تاڵەبانی مایەوە .
تاڵەبانی باوک چەندە نزیک و سەرسام بووە بە بارزانی باوک ( وەک لە دیداری تەمەن ) دا باسی کردووە ، بەڵام  نەچۆتە ژێر ڕکێفی سیاسی بارزانیەوە نەیویستووە وەک ماڵی شێخ مەحمود لەژێر ئەو سایە سیاسیەدا بکوژێتەوە . بەڵام تاڵەبانی کوڕ ( قوباد تاڵەبانی ) دەیەوێت هەمان ئەزموونی شێخ لەتیف و شێخ باباعەلی دووبارە بکاتەوە . بەجیا لەکۆدەنگی سەرکردایەتی حیزبەکەی خۆی و سنووری نفوز و میزاجی سیاسی دەڤەرەکەی خۆی کە بە زۆنی سەوز ناودەبرێت ، دەیەوێت لەژێر سایەی بارزانی کوڕدا بگیرسێتەوە کە ئەمەش دەکاتە کوژانەوەی سیاسی  یەکجاری ماڵی تاڵەبانی ، وەک ماڵی شێخ مەحمود لە پێگەیەکی سیاسی و مەزهەبی باڵاوە داکشێنەخوارەوە تا لە گیرفانی بارزاندا بۆ هەتایە بکوژێنەوە .  
 
 


09/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر