بۆ دکتۆرەکانی کوردایەتی!

هونەر تۆفیق
دەمویست خۆم بەدور بگرم لەو موهاتەراتانەی دکتۆرەکانی کوردایەتی ، کە هەر رۆژەی ئینتاجی ڕزمەیەک پرۆژە بۆ دەوڵەتی کوردی دەکەن بە گیرفانی حیزبە فاشیلەکانی کوردستاندا . ئەو دکتۆرانەی ( بەتاک و بەجووت ) خۆیان لەئاوێنەدا وەک شارل تالێران دەبینن .

دەیانەوێت مەنتیقی بتڵی ئەمنە سوورەکەمان پێ بسەلمێنن : لەپاش ڕاپەڕین کە کورد دەستەڵاتی سیاسی گرتە دەست . گوایە لە کاتی ئەشکەنجەدانی زیندانیەکدا، بە مۆدێلی بەعس ، دەیانەوێت بتڵێک ببڕنە زیندانیەکە . ئەمنە کوردەکە بە زیندانیە کوردەکە دەڵێت : هەی نامەرد ئەوە ئەگەر بتڵی عەرەبەکە بایە هەڵتدەگرت ، بەڵام بتڵی کوردەکەت پێ هەڵناگیرێت !!؟؟؟ 

سەیرە !! پێناچێت ژیان لە مەملەکەتی کەنغەردا دکتۆرێک فێری حەقبێژی و حەقبینی بکات !؟ 

لەو کیشوەرە دوورەوە ، دکتۆر کە بە ڕەچەڵەک ناچێتەوە سەر قەومی کەنغەرستان ، بەدوای خێرەو مەندێکدا دەگەڕێت تێ ی بگەیەنێت کوێ ی نەوشیروان مستەفا لە حەیدەر عەبادی دەچێت ؟؟ 

من لەزمان و لە بۆکسێنی کەنغەردا شارەزایم نیە ، بۆیە بەو هاوڕێ و دۆستانەم دەگوت : مادام دکتۆرێک بەو هەموو ڕزمە پرۆژەیەی هەر ڕۆژەی دەیکات بەماڵی حیزبێکدا تێناگات ، ئامادەی وەڵامدانەوەی نیم .. باهەر بەبەدحاڵی خۆیەوە بمێنێتەوە . لە کاتێکدا من نوسیوومە : کاک نەوشیروان هەژار نەبوو ، بەڵام هەژارانە ژیا .. گرنگی ژیانی هەژارانە لەناو خەڵکی هەژاردا نیشاندانی هاوخەمی و خۆجیانەکردنەوەیە لە زۆرینەی کۆمەڵگە .. نەگوتومە عەبادی و نەوشیروان مستەفا لێک دەچن و نە بەراودیشم کردون لەگەڵ خۆسێ کوردانۆدا .. کەچی ئەم دکتۆرە پرۆژەچیانە ( بەجوتە) جگە لەوەی تەحریف لە نوسینەکەی مندا دەکەن ، هێشتا تاوانبارمان دەکەن بەوەی وەک ئەوان قسە و ڕا و ڕەخنەکانمان ناچێتە گیرفانی مەنزومە فاشیلەکەی ڕێبازی کوردایەتیەوە .. 

بۆخاتری سوکنایی ئەو برادەرانەی وەڵامیان بۆ پرسیارە هەزار و یەک سەرەکەی جووتە دکتۆرەکەی کوردایەتی دەوێت ، خۆم دەبمە ئەو خێرەومەندەی دەیانەوێت تێیان بگەیەنێت . پێیان دەڵێم : بچکۆل گیان هیوادارام لەم سێ نمونەیەوە تێبگەن چی دەگوزەرێت ..

یەکەم : کوردێکی کەرکوک لە ساڵی ٢٠٠٣ دا نەزری کردبوو ، ئەگەر کورد بچێتە کەرکوک ٥٠ سەر مەڕ بکات بەخێر . ٢٠١٤ کە کورد بەتەواوی کەرکوکی کۆنترۆڵ کرد . وەعدەکەی خۆی بردە سەر . مانگێکی پێ نەچوو ، کوردانی کوردایەتی ، کوڕە بچوکەکەیان فڕاند . بە موقابیلی ٢٠٠ هەزار دۆلار منداڵەکەی خۆیان پێ فرۆشتەوە . ئەمجارەیان نەزری کردەوە ئەگەر کورد لە کەرکوک بچێتە دەرەوە ٥٠٠ مەڕ دەکات بەخێر . لەدوای ١٦ ی ئۆکتۆبەر کە کوردانی کوردایەتی لە کەرکوک چوونە دەرەوە جارێکی تر وەعدەکەی بردە سەر .. کەرکوکیەکان ئەم بەسەرهاتە دەزانن . پێویست ناکات من ناوی کەسەکان بهێنم !!

دووەم : ئێستا لە دادگاکانی کەرکوک دەرگای دەعوا تۆمارکردن واڵایە ، هەزاران کەیسی تەعدا و زوڵم و ستەم و سەرانە ، لەسەر کوردانی کوردایەتی تۆمارکراون . کوردێکی کوردایەتی کە هەڵهاتووە لەسەر ئەوەی کوردێکی تری کاسبکار دەعوای لەسەر تۆمارکردووە . کوردەی کوردایەتی خێرەومەندێک دەنێرێت بۆلای کوردەکەی تر تا نێوەند گیریان بکات و دەعواکەی بکێشێتەوە . ئەویش بە خێرەومەندەکە دەڵێت : بڕۆ پێ ی بڵێ کاتێک لێ ی خۆش دەبم دەبێت وەک چۆن ئەو بەخۆی و چەکدارەکانیاوە هاتنەسەرم و لەماڵەکەی خۆماندا بەستمیانەوە و ژنەکەمیان بە ژێرکراسێکەوە لەتەنشتمەوە دانا ، داوای یەک ملیۆن دۆلاریان لێکردم ، دەبێت ئەویش ژنەکەی بە ژێرکراسێکەوە بهێنێتە تەنیشتمەوە داینێت ، ئینجا لێ ی خۆش دەبم ... ئەمەشیان کەیسێکی تری زیندوو و کراوەی نێوان کورد و کوردی کوردایەتیە لە کەرکوک ..

سێهەم : لە چالاکیەکی دژ بەتیرۆری شەڕی داعشدا حیزبێکی کوردی ، کوشتنی ژمارەیەک داعش لە تەلەفزیۆنە حیزبیەکەیانەوە بڵاودەکەنەوە . حیزبێکی تری کوردایەتی ئەمە بە شورەیی دەزانێت . فەرمان بە لێپرسراوەکەیان دەکات لەماوەی هەفتەیەکدا دەبێت تۆش لە تەلەفزیۆنەوە چالاکیەکی دژ بەتیرۆرت هەبێت . ئەو بەتەڵ فلیمە بەکامێراوە هەڵدەکوتێتە سەر گوندێکی نزیک کەرکوک و پیاوەکانی کۆدەکاتەوە ، جلی داعشی دەکاتە بەریان و چەک و پشتینەی تەقینەوەیان لێ دەبەستێت . بەس لەبەرخاتری فیلم بەرداری بەر کامێرایەک ، ئەو پیاوە بێدەستەڵاتانە دەکوژێت و لەهەواڵەکانیشدا لە تەلەفزیۆنی حیزبەکەیەوە بەچالاکی بڵاوی دەکەنەوە .. ئەمەشیان کەرکوکیەکان بەتایبەتی کوردەکان باش دەزانن کێن و چی بوون !!

ئەگەر ئێوەش دکتۆرەکانی کوردایەتی لەم سێ نمونەیەوە هەر تێناگەن و خێرەومەندیەکەی ئێمە سوودی نابێت بۆ ئەو بەرچاو ڕوونیەی بانگەوازتان بۆ کردووە تا تێتان بگەیەنن .. باشترە بە جووتە، پرۆژەیەکی بۆ ئامادەبکەن وەک ئەو پرۆژانەی هەر ڕۆژەی یەک دوانێکی لێ دەنووسن . بینێرن بۆ حیزبێک لە حیزبەکان تا ئەوان ئاستی تێگەیشتنتان بەرزتر بکەنەوە ..


05/12/2017



وتارەکانی تری نوسەر