ئێران ، دەوڵەتی قوڵ ..

هونەر تۆفیق
لە جیهاندا کەم دەوڵەت هەیە قوڵ بێت وەک ئێران . دەوڵەتی قوڵ بەمانای ئەو ڕەگە مێژوویی و شارستانیەی بە هەموو سەردەمە دێرین و جیاوازەکاندا هاتبێت و لەگەڵ کشان و درێژبوونەوەیدا بۆ ئەم سەردەمە لەهەر چاخێکدا بەشێک لە شارستانیە کۆنەکەی خۆی هێنابێتە نێو شێوە دەوڵەتی ئێستاوە . 

لەکاتێکدا ئێمە دەڵێین ئێران مەبەستمان لە فیکرە و دنیابینی و فەرهەنگ و شارستانی ئێرانە . ئێران وەک ڕژێم و نەتەوە و حکومەت نا ، بەڵکە ئێران وەک فیکرەیەکی شارستانی و فەرهەنگی تایبەت بە جیوگرافیایەک کە نوێنەرایەتی هەموو ئاسیا دەکات . لەبەر ئەوەی پێگە جیوگرافیای ئێران ، سنوری خۆرئاوای ئاسیایە ، ئاسیای کیشوەرەکانی هیند و چین کە ئەوانیش دوو دەوڵەتی قوڵی دیکەن لەمێژوودا . بەدیوای ئێرانەوە بەربەست و بەربەرەکانی خۆرئاوادەکەن . دیواری خۆرئاوای ئاسیا لەئێرانەوە ماڵ جیایی لەگەڵ خۆرئاوادا دەکات ، دیوارێکە هەر چینێکی بە شارستانیەک هەڵچنراوە و هەر خشتێکی لە داستان و ئەفسانەیەکی قوڵایی ئاسیایدا دروستکراوە . بۆیە کەوتنی ئەو دیوارەی ئاسیا کەناوی ئێرانە یەکڕاست کەوتنی هەموو شارستانیەتی ئاسیا دەگەیەنێت لەبەردەم هێرش و هەژموونەکانی خۆرئاوادا .
هەر کوڕ و نەوەیەکی ئەو سێ دەوڵەتە قوڵەی ئاسیا هەڵگەڕێتەوە و باوەش بۆ خۆرئاوا بکاتەوە، بەر نەفرەت و تەریک بوونی ئاسیا دەکەوێت . مێژووی ئێران پڕە لە هەڵگەڕانەوەی کوڕەکانی خۆی و خۆ خستنە بەردەستی خۆرئاوا . خۆرئاوای ئەلێکسەندەری مەکەدۆنی بێت کە دیوارەکەی ئاسیا – کۆرش ی ڕوخاند ، یان خۆرئاوای ئیسلام کە کیسرای هەڵتەکاند . ئەم دوو ئەزموونەی ڕوخاندنی دیواری ئاسیا کە کوڕە هەڵگەڕاوەکانی ئێران ڕۆڵی دەرگاکردنەوەیان بۆ ئەلێکسەندەر و سەعدی کوڕی وەقاس بینیووە ،روخاندنی هەموو ئاسیای بەدەمەوە بووە . بۆیە لەزاکیرەی دەستەجەمعی ئاسیایی ( چینی ، هیندی ، ئێرانی ) دا کردنەوەی هەر دەرگایەکی سەردیواری خۆرئاوای ئاسیا بەمانای ڕوخاندنی شارستانی ئاسیایی دێت . 

فەردۆسی لە باسی یەکێک لەو زۆڵە کوڕانەی ئێراندا لە داستانی ڕۆستەم و زۆرابدا کە رۆستەمی ئاسیایی – ئێرانی باوک ، لەدژی زۆڵە ئێرانی هەڵگەڕاوە لە ئاسیای باوک کە زۆرابی کوڕی رۆستەمە و لەدایکێکی تورکە . وەها وێنای تورکی کردووە کە لە ئێران – ئاسیا هەڵدەگەڕێنەوە و لەگەڵ ڕۆم – خۆرئاوادا دەبنە هاوپەیمان . لە داستانەکەیدا ناهێڵێت ئەو کوڕە هەڵگەڕاوەیە کە تورکە ، لە ئێرانی باوک بباتەوە . لە پاڵەوانبازییەکدا رۆستەمی باوک زۆرابی کوڕ دەکوژێت . 

ئەم ئەفسانەی ڕۆستەم و زۆرابە باشترین نمونەی تێگەیشتنە لە فیکرەی ئێران و هێماکانی دەوڵەتی قوڵ لە ئاسیا . کە لە خۆرهەڵاتی دیجلەدا جێگیرە و دەبێتە سەرەکی ترین و هەستیارترین خاڵی زنجیرە دیواری ئەمنی قەومی ئێرانی - ئاسیایی . 

مخابن کورد کە لەنێوان فیکرەی ئاسیا و فیکرەی خۆرئاوادا نەیتوانیوە ڕۆڵێکی ئەوتۆی شارستانی و سیاسی و مێژوویی ببینێت ، خۆی خستۆتە نێوان بەرداشێک بەدرێژایی مێژوو دەهاڕدرێت . نەئەوەیە سەر بەفیکرەی ئاسیا- ئێرانی بێت و نەئەوەشە لە فیکرەی خۆرئاوادا وەک تورکەکان خۆی یەکلاکردبێتەوە . بۆیە هەستکردنی کورد بە مێژوو و نەستە دەستەجەمعیەکەی نایخاتەوە سەردنیابینیەکی تایبەت بەخۆی کە سیاسەت و ئینتمای شارستانی خۆی لەسەر داڕشتبێت .

04/01/2018



وتارەکانی تری نوسەر