جانتاکەی ماکگۆرک، چی تیایە؟

هونەر تۆفیق

نزیکەی چوار ساڵە برێت ماکگۆرک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکایە لە عێراق و سوریادا ، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و داعش . ئەم ئەرکە پێویستی بە جانتایەکی قورس و فرە گیرفانە . لەهەر گیرفانێکیدا فایلێکی جیاواز لەخۆی دەگرێت . فایلی سیاسی ناوچەکە لەنێوان ئێران و عێراق و تورکیا و کوردەکاندا . فایلی سەربازی و پڕچەککردن لەنمونەی حەشدی شەعبی بە ئاڵۆزیەکانی سەربازێکی بە عەقیدە ئێرانی و بە چەک ئەمریکی !! فایلی کورد و ڕوس و تورکیا بە هەموو ئاڵۆزی و جیاوازیەکانیەوە لە سوریادا . فایلی پێکهێنانی حکومەتێک لە عێراقدا ڕووسووری بۆ ئیدارەی ئەمریکی و لایەنی کەمی موالات بە واشنتۆنی هەبێت . فایلی هەوڵی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و جارێکی تربەستنەوەیان بە عێراقەوە . فایلی ناکۆکیەکانی نێو ماڵی کورد و کاریگەری سیاسەتی میحوەر بەندی بەسەر کوردی هاوپەیمانی ئەمریکاوە . گرنگترین و هەستیارترینیان ، فایلێکی ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر و هەستیارە کە بڕیاری سەپاندنی ئابڵۆقەی ئابووری ئەمریکایە بەسەر ئێرانەوە .

ئەو جانتا قورسەی ماکگۆرک کە لەهەموو سەفەر و کۆبوونەوەکانیدا بەبن دەستیەوەن . پێدەچێت ئەم دوا فایلیەیان گرانترین و سەخترینیان بێت کە چارەنووسی سیاسی کەسی ماکگۆرک و داهیە و فێڵەکانی هەمووی لەمەیاندا بەکاربهێنێت، ماکگۆرگ لەنێوان بڕیارەکەی سەرۆکەکەی- دۆناڵدترامپ و زەحمەتی جێبەجێ کردنیدا گیرۆدەببێت . بۆیە هەرێمی کوردستانی کردووە بە دەرگای فەشەل یان سەرکەوتنی لەم ئەرکە قورسەدا .

ئێستا دەرگای دەرچوون لەو ئەرکە قورسە بەلای ماکگۆرکەوە لە کوردستاندایە . کوردستان و دەنگەکانی یەکێتی و پارتی لە پارلەمانی بەغدادا دەتوانێت بەلانسێکی ئەمریکی - ماکگۆرکی لە حکومەتی ئاییندەی عێراقدا دروست بکەن کە هیچ نەبێت نەهێڵێت هەموو حکومەتە عێراقیەکە ئێرانی بێت . هەروەها لە ڕێگای کوردەکانەوە باڵانسی ئەو هێزە بکات ( حەشدی شەعبی ) کەبەچەکی ماکگۆرک و وڵاتەکەی تەجهیزکراون بە عەقڵ و عەقیدەی ئێرانی تەوجی دەکرێن . لەهەمان کاتدا هێندەی نەماوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ترامپ و ئابڵۆقەدانی ئابووری ئێران کە دەشێت دەروازەکانی هەرێمی کوردستان ببنە بۆری هەناسەی ئابووری بۆ ئێران . هیچ مەرجێکیش بەسەر هەرێمەوە نیە کە پابەند نەبێت بەو بڕیارە ئەمریکیەوە . لەحاڵێکدا کەسی ماکگۆرک لە پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و داگیرکردنەوەی کەرکوک لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە بە چەکە ئەمریکیەکان و سەرپەرشتی ئێرانیەکان لەدیدی سەرکردە سیاسیەکانی هەریەک لە پارتیەکان و یەکێتیەکان بە خیانەتی ئەو لە هاوپەیمانیەکەیانی دەزانن . لێرەدا دڵنەوایی کردنەوەی ماکگۆرک بۆ ئەو سەرکردانە لەگەڵ کەمێک فشاردا ناتوانێت بەئاسانی پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ ئەواندا بخاتەوە پێش ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ .مەگەر بەو مەرجە نهێنیانە ڕازیان بکات کە لە هەولێر و سلێمانیەوە لەسەری دایدەنێن .

هەرچەندە ڕوون نیە مەرجەکان چین و بەڵێنەکانی ماکگۆرک چۆنە ، بەڵام بەپێ ی قەبارە و قورسی ئەمجارەی جانتاکەی ماکگۆرک بەتایبەتی لە مەلەفی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا کە هاوسنوور و دۆستی نزیکی ئێرانە هەست بە چنینی سیاسەتێکی ورد دەکرێت !

لە ئابڵۆقەی ئابووری سەر ئێراندا ئەگەر لە کوردستانیشەوە جێبەجێ بکرێت زەرەرمەندی گەورە ناوچەی ژێر نفوزی یەکێتی نیشتمانی ( هەرێمی سەوز) دەبێت .ئەو هەرێمەی خۆی لەژێر بارێکی ناهەمواری قەیرانی دارایی و کێشەی ئابووریدایە .داخستنی سنورەکانی لەگەڵ ئێراندا بەتەواوی مانای مردنی ئابووری ناوچەکە دەگەیەنێت ، دەیخاتە ژێر ڕەحمەت و سەدەقەی پارتە نەیارەکەی ، کە پارتی دیموکراتی کوردستانە . قبوڵکردنی ئەمەش لە قبوڵکردنی ئینتحار دەچێت بۆ حاکمیەتی زۆنی سەوز و هەروەها بۆ ئێرانیش . لەبەرانبەر ئەو نەمردنەدا دەشێت زەماناتی سیاسی و ئابووری لە ماکگۆرکەوە وەربگیرێت . دەنا تێکچون و پێچێکی مێژوویی ترسناک بەسەر ناوچەکە و عێراقیشدا دێت .

پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە گرنگی و بەهێزی هەڵکەوتە سیاسی و ئابووریەکەی هەرێمی زەرد لەم دۆخەدا تێگەیشتووە . بۆیە بەگوڕ و تینێکی ترەوە هەم بانگەشەی هەڵبژاردن و هەم مفاوەزاتەکانی لەگەڵ ماکگۆرکدا دەکات . بە سیاسەتی داش بەداش یەکەم تۆڵەی لە ماکگۆریش کردەوە . کاتێک گوێڕایەڵی داواکەی نەبوون بۆ پشتیوانی کردن لە پێکهاتەکەی عەبادی و سەدر ، تاوەکو فەشەلی هێنا .

لەئێستادا جانتاکەی ماکگۆرک لە ساحەکەی یەکێتی دایە . یەکێتی چۆن مەلەفەکانی بەقازانجی خۆی پێ ڕێکدەخاتەوە و بەشداری یاریەکە دەکات ؟! ئەزمونێکی نوێ یە بۆ ئەو سەرکردە گەنجە تازانەی ئیدارەی سیاسەتی یەکێتی دەکەن کە پاڤیڵ و قوباد و لاهور و کوڕەکانی کۆسرەت ڕەسوڵن . یان ئەوەیە هەرێمی سەوز کش و خامۆش دەکەن و کۆتایی بە سەردەمی جەلالیزم دەهێنن ، یان حینکە سیاسیەکەی مام جەلالیان بە میرات بۆ ماوەتەوە و دەڤەرەکەیان دەگەیەنن بە قۆناغێکی تر و لەو تونێلە تاریکەوە دێنەدەرەوە کە لەپاش تاڵەبانیەوە تیایدا قەتیس ماون


21/09/2018



وتارەکانی تری نوسەر