ئەگەر ئەندازەیی سەیری سیاسەت بکرێت زیاتر لەشێوەی بازنەیدایە بەجیاوازی فراوانی تیرەکەی گەورەییەکەی دیاری دەکرێت. سوڕێکە لە گۆشەیەکی ٣٨٠ پلەیدا نە سەرەتای هەیە و نە کۆتایی.
ئەگەر فیزیای سەیری سیاسەت بکەین.تەنێکی بێ وەزنە.لەناو جازبیەی هاوکێشەکاندا وەزن و قورسایی بۆ خۆی دروست دەکات.لەبێ وەزنی خۆیدا بەقەد هێزی جازبیە قورسایی وەردەگرێت.ئەگەر ماتماتیکی سەیر بکرێت.سیاسەت ژمارەیەکی بێ نرخە هاوشێوەی سفر هەرخۆی بەتەنیا هیچ ناکات ، بەڵام لەناو ژمارەکانی تردا هەم نرخ بۆخۆی زیاد دەکات و هەم بەزەربی دە، هەر سفرێکی بێ نرخ بەها ئەدات بەو ژمارانەی کە دەکەوێتە بەردەمیان . هەم خۆی دەبێت بە ژمارە و هەم ژمارەکەش گەورە دەکات.
ئەگەر کیمیایی لە سیاسەت بڕوانین هاوشێوەی ڕەگەزی هایدرۆجینە.ڕەنگ و تام و بۆنی نیە، بەڵام لە سەدا حەفتاوپێنجی غازی گەردوون پێک دەهێنێت.سیاسەت و هایدرۆجین وەک ئەوەی غازێکن نابینرێن، کەچی لەهەموو شوێنێکدا هەن، وەکو ئەوەی ڕەگەزێکی ساردکەرەوەی تەزیون کەچی لە تەقینەوەکانیاندا وەک ئەتۆم گەرم و سوتێنەرن .
لەهەرکام لەم گۆشانەوە سەیری سیاسەت بکەین، دەبینین کردەیەکی لەیەک کاتدا ئاسان و سەختە، سارد و گەرمە، بێ بەها و بەهادارە، هیچە و هەموو شتێکە.بۆیە دەبێت بەوردی و ژیرانە مامەڵەی پێ بکرێت.چونکە چەند بۆ ژیانی کۆمەڵگە پێویستە، هێندەش مەترسیدار و کوشندەیە.چەند بێ مانایە ئەوەندەش واتادارە.
سیاسەت بەخۆی چەند بێ قیمەتە ، دەبێت بەدەست مرۆڤی قیمەتدارەوە بێت.سیاسەت چەند هیچە دەبێت یاریەکانی پیاوی ژیر و ئازا ئەنجامی بدات . خودی سیاسەت چەند بێ وەزنە دەبێت کەسی مەوزون و خوێندەوار بارەکەی هەڵگرێت.. ئەمەش بۆئەوەی بەها بدات بەسیاسەت و لەهەمان کاتدا لەسیاسەتەوە بەها وەربگرێت.